1 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
پانێڵ و لوتکە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک قسەکان لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە و گەنجیش چاوەڕێی کارە
لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەچوونی کۆڕ، سیمینار، پانێڵ، کۆنفرانس و لوتکەی ئابووری بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و ناونیشانی جۆراوجۆر لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری، ڕاکێشانی سەرمایە و چاکسازییەوە دەبینرێن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەنجامی منتمانەپێکراو و پێوانەکراوی ئەم هەموو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە چییە؟

کۆنفرانس لە نێوان دروشم و جێبەجێکردندا
لە 17 و 18ی ئەیلوولی 2026، «لوتکەی سلێمانی» بە مەبەستی گەشەپێدان و وەبەرهێنان بەڕێوەچوو کە حەوت پانێڵی لەخۆگرتبوو. لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە دیدار و پانێڵانە شتێکی نەرێنی نین، چونکە هیچ ئابوورییەکی مۆدێرن بەبێ گفتوگۆ و پلان گەشە ناکات؛ بەڵام گرفت لەوێ دەست پێدەکات کە گفتوگۆ خۆی ببێتە ئامانج، نەک دەستپێکی جێبەجێکردن.
لە هەر کۆڕێکی ئابووریدا وشەکانی «پیشەسازی»، «بەرهەمی ناوخۆ» و «وەبەرهێنان» دووبارە دەکرێنەوە، کەچی بۆ گەنجێکی تازەدەرچووی زانکۆ پێوەرەکە سادەیە: ئایا دوای ئەم کۆنفرانسە کارێکم بۆ دروست بوو؟ بەپێی داتاکانی بازاڕی کار و بەرنامە ڕێنماییە پیشەیییەکان، گواستنەوەی گەنجان لە زانکۆ بۆ بازاڕی کار هێشتا پێویستی بە چارەسەری ڕێکخراو هەیە، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمیش ئاماژە بە دروستکردنی دەرفەتی کار و خستنەگەڕی کرێکاران لە ژێر چەتری دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا دەکات.

پێویستییە بنەڕەتییەکانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەر
سەرمایەدار پێش ئەوەی گوێ لە وتار و پانێڵ بگرێت، چەند پرسیارێکی لەبەردەمە: کارەبا بەردەوامە؟ ئاو هەیە؟ ڕێگا گونجاون؟ یاسا جێگیرە؟ سیستمی بانکی متمانەپێکراوە؟ کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕوون نەبێت، هیچ وشەیەکی جوان لەسەر ستیجی پانێڵ ناتوانێت جێگەی ژێرخانی ئابووری بگرێتەوە.
لە باسی خزمەتگوزارییەکاندا، بۆ نموونە لە پڕۆژەی «ڕووناکی»دا حکومەت ئاماژە بە گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بە زۆرینەی دانیشتوان دەکات، هەروەها چەندین پڕۆژەی ئاودابینکردنیش لە پلاندان، بەڵام پێوەری ڕاستەقینە بۆ هاوڵاتی ئەوەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا تا چەند ئەم خزمەتگوزارییانە بە بەردەوامی بەدەست دەهێنێت.

جوانیی شار لە ڤیدیۆدا، شاری ماندوو لە واقعدا
یەکێکی دیکە لە کێشەکان شێوازی پیشاندانی شارەکانە لە کاتی لوتکەکاندا بە هۆتێلی گرانبەها و شەقامی ڕووناک، لە کاتێکدا لە پشت ئەو وێنە جوانانەدا گەنجێکی بێکار، بنەماڵەیەک لەگەڵ گرانیی ژیان، و کۆمپانیایەکی بچووک بە دوای قەرزدا دەگەڕێن. کوردستان تەنها ئەوە نییە کە لە ڤیدیۆی درۆنەکاندا دەبینرێت، بەڵکو واقیعی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدایە.
کۆنفرانسێک کاتێک مانای هەیە کە تەنها نەبێتە ڕووداوێکی میدیایی و لە قسە و نمایشەوە بگوازرێتەوە بۆ بڕیار و جێبەجێکردن. پێویستە هەر لوتکەیەک بەڵگەنامەیەکی ڕوونی هەبێت و دوای ماوەیەک ڕاپۆرتی بەدواداچوونی بۆ بڵاوبکرێتەوە، تاکو بزانرێت چەند کارگە کراوەتەوە و چەند هەلی کار دروست بووە.
لە کۆتاییدا، کوردستان پێویستی بە کارگە، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا و بەرهەمهینان هەیە، نەک تەنها هۆڵی کۆنفرانس. خەڵک گەشە بە دروشم ناپێون، بەڵکو بە کار، داهات، ئاو، کارەبا و ئاسایشی ئابووری دەپێون؛ ئەگەر وەڵامێکی ڕوون بۆ پرسیاری "چی گۆڕا؟" نەبێت، پانێڵەکان تەنها دەبنە ڕووداوێکی جوانی میدیایی و گەنجە بێکارەکەش هەر لە هەمان شوێن دەمێنێتەوە.
-
ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی دەستیپێکردەوە
|
-
پانێڵ و لوتکە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک قسەکان لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە و گەنجیش چاوەڕێی کارە
|
-
جووڵە سیاسییەکان و سکاڵا یاساییەکان؛ پارتی و یەکێتی لە ڕێککەوتندان و نەوەی نوێش لە چاوەڕوانیدا
|
-
لە بابولمەندەبەوە تا مەککە و مەدینە
|
-
لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟
|
-
یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان
|
-
گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات
|
-
سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی
|
-
قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە
|
|
|
|