3   کاتژمێر پێش ئێستا 187 جار خوێنراوەتەوە

هەڕەشەی رووخاندنی حکومەتی عێراق دەکرێت؛ گرووپێکی چەکدار مەرج دادەنێت

لە کاتێکدا دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق گۆڕانکاریی خێرای بەخۆیەوە دەبینێت و باس لە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دەکرێت، بەرپرسێکی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵا هەڕەشەی توندی لە حکومەتی عێراق کرد و ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەت بۆ بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، بە جۆرەها ڕێگا بۆ ڕووخاندنی کار دەکەن.

هەڕەشە لەسەر دەروازە سنورییەکان

 ئەبو موجاهید عەساف، لێپرسراوی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە گەلی عێراق لە ٣٠ی ئەم مانگەدا ئاهەنگ دەگێڕێت بەبۆنەی دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی و ناتۆ لە عێراق. ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی گەمارۆی ئاسمانی سەر ئێران لە دوای یەکی مانگی داهاتووەوە، ڕەنگە ئاۆزییەکان بگەنە ئاستی داخستنی دەروازەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە گەمارۆدانی گەلی ئێراندا.

هەڵوێستی سەرۆکایەتییەکان و لایەنە فەرمییەکان

لە بەرامبەر ئەم لێدوان و ئاراستە توندانەدا، لە کۆبوونەوەی شەوی دووشەممەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا جەخت کرایەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها لە دەستی دەوڵەتدایە و دەبێت چەکیش لە چوارچێوەی دامەزراوە دەستوری و یاساییەکاندا بێت.

لەنوێترین هەڵوێستدا، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە عەلی زەیدی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێ بۆ پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ئاشکرا دەکات.

وتیشی،  ئەم هەنگاوەی بەغداد لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراقدایە بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و ڕێگریکردن لە دیاردەی چەکی بێمۆڵەت لە سەرانسەری وڵاتدا.

پێشتر، فەریق سەعد مەعن، وتەبێژی شانەی ڕاگەیەندراوی ئەمنی، ڕایگەیاند حکومەت بووەتە خاوەنی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی سروشتی بوونی سەربازی و ئەمنی لەسەر خاکی وڵات. هەروەها فەریق خالید تەمیمی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق، ئاشکرای کرد لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە هیچ هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیچ ئەرکێک لە ناو خاکی عێراقدا جێبەجێ ناکات و سەرجەم فڕۆکە F-16ـکان و ئەرکە ئاسمانییەکان بە سەربەخۆیی تەواو و لەلایەن کادر و تواناکانی عێراقەوە بەڕێوە دەچن.

لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی میسان و پرسی کشانەوەی هێزەکان

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە دیپلۆماسی و حکومییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانی تایبەت بە هێرشەکەی سەر هێڵی بۆڕی نەوتی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"ی سعودیە، کە لە دەی ئەم مانگەدا لە پارێزگای میسان ئاراستە کرابوو، لە کۆتایی نزیک بووەتەوە و دەردەکەوێت گرووپێکی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن لە پشت هێرشەکەوە بوون.

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەرپرسێکی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پرۆسەی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و جێهێشتنی تەواوی هێزە شەڕکەرەکان و پشتیوانیی لۆجیستی، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە. شایەنی باسە، پێشتر بڕیار بوو گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ٣٠ی ئەیلولدا چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن، بەڵام بەهۆی فشارەکانەوە ئەو وادەیە تا حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژکراوەتەوە.

 

 

 

  • ململانێی تاران و واشنتۆن؛ ئێران چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەمریکایە و ترەمپيش هەواڵی ڕێککەوتن ڕەت دەکاتەوە

  • بەسێ هۆزات: تا دەستووری تورکیا نەگۆڕدرێت ئاشتی نایەتەدی؛ لە باشووریش پێویستە دەسەڵاتی بنەماڵەیی کۆتایی پێبێت

  • هەڕەشەی رووخاندنی حکومەتی عێراق دەکرێت؛ گرووپێکی چەکدار مەرج دادەنێت

  • "جێهێشتنی هەرێم لەلایەن ئەمریكاوە بەبێ دابینکردنی سیستەمی بەرگری مایەی نیگەرانییە"

  • عێراق لە سزاکانی ئەمریکا دەربازی دەبێت؟ وردەکاریی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان تاران و بەغداد

  • عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکاندا؛ لە بریمەرەوە تا وتارەکەی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان

  • کۆتایی هەژموونی حزبی یان بەردەوامیی ئاستەنگەکان؛ ئایا هەرێم دەبێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو؟

  • دۆسیەی نێودەوڵەتی و کارتی فشاری کورد؛ نەتانیاهۆ و ئەردۆغان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا

  • کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هات و سوپای پاسداران کەمپێکی پەنابەرانی لە کۆیە بۆردومان کرد

سەرەکی