1     کاتژمێر پێش ئێستا 46 جار خوێنراوەتەوە

دۆسیەی نێودەوڵەتی و کارتی فشاری کورد؛ نەتانیاهۆ و ئەردۆغان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا

گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و نوێ. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی «i24NEWS»ی ئیسرائیلی، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە تیمی هاوبەشی وەزاری و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسای نێودەوڵەتی کردووە کە دەست بە ئامادەکردنی دۆسیەیەکی یاسایی بکەن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

مامەڵەکردنی ئەنقەرە لەگەڵ دۆسیەی کورد

 ئامانجی سەرەکیی ئەم دۆسیەیە پەیوەندیدارە بە مامەڵەکردنی ئەنقەرە لەگەڵ دۆسیەی کورد و دابینکردنی دارایی بۆ حەماس. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەرچی هەر یەکە لە ئیسرائیل و تورکیا ئیمزایان لەسەر پەیماننامەی ڕۆما نەکردووە و دان بە دەسەڵاتی دادگاکەدا نانێن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی لایەنێکی ناوەندکارەوە ئەم کەیسە بوروژێنێت و وەک «کارتی فشارێکی کاریگەر» دژی ئەردۆغان بەکاری بهێنێت.

ئەم هەنگاوە توندەی تەلئەبیب لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو داوای لە ئینتەرپۆل کردووە ئاگادارکردنەوەی سور (Red Notice) دژی نەتانیاهۆ دەربکات. هەروەها، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نەتانیاهۆ بە توندی هێرشی کردە سەر ئەردۆغان و بە ستەمکار و نکۆڵیکەر لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان وەسف کرد، کە بووە هۆی ئەوەی شاندی ئیسرائیل هۆڵەکە جێبهێڵن کاتێک ئەردۆغان ئیسرائیلی بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد.

مەترسییەکانی سووریا و پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکان

ململانێی نێوان هەردوو وڵات تەنها لە چوارچێوەی لێدوانی سیاسی و دۆسیەی دادگادا نەماوە، بەڵکو ڕەهەندێکی سەربازیی توندیشی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە گۆڕەپانی سووریادا. مانگی هەشتی ئەمساڵ، نەتانیاهۆ هۆشداریی دا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا لە خاکی سووریادا نادەن کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان. ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل بە هەشت هێرشی ئاسمانی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهوری لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب بۆردومان کرد، کە پێشتر وەفدێکی سەربازیی تورکیا سەردانیان کردبوو.

هەڵوێستی توندی تەلئەبیب

هەر ئەوکات واتە مانگی هەشتی رابردوو، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە ئەردۆغان تورکیا دەکێشێتە ناو سەرکێشییەکی مەترسیدارەوە و ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ئاسایشی سنوورەکانی بخاتە مەترسییەوە. هاوکات ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لە سەردانێکیدا بۆ باشووری سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە بە جێگیربوونی هیچ هێزێکی دوژمن لە نزیک سنوورەکانیان نادەن.

کاردانەوەی نێودەوڵەتی و هەرێمی

 ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشاندا و بە ئاڵۆزکردنێکی ناپێویست و بێپاساوی ناوبرد. لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی بە دوژمنکاری بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەی ناو برد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد ئیدانەی بکات، لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەموو بانگەشەکانی ئیسرائیلی بۆ بوونی ئامانجی سەربازیی تورکیا لەو بنکەیە ڕەت کردەوە و بە بێبنەما و پاساوهێنانەوە بۆ هێرشە نایاساییەکان ناوی بردن.

 

  • عێراق لە سزاکانی ئەمریکا دەربازی دەبێت؟ وردەکاریی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان تاران و بەغداد

  • عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکاندا؛ لە بریمەرەوە تا وتارەکەی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان

  • کۆتایی هەژموونی حزبی یان بەردەوامیی ئاستەنگەکان؛ ئایا هەرێم دەبێتە خاوەن سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو؟

  • دۆسیەی نێودەوڵەتی و کارتی فشاری کورد؛ نەتانیاهۆ و ئەردۆغان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا

  • کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هات و سوپای پاسداران کەمپێکی پەنابەرانی لە کۆیە بۆردومان کرد

  • تەزکیەی حزبی گەیشتە رۆژئاوا؛ پارتی چۆن خەونی کوردی بەشەکانی تر دەگۆڕێت بە دۆزەخی هەواڵگری؟

  • ژمارەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێم دەگاتە 110 هەزار کەس و 30 هەزاریان بێ مووچەن

  • پەلامارە مووشەکییەکان و کشانەوەی ئەمریکا؛ مەسرور بارزانی هۆشداریی لەبارەی مەرگی قەوارەکە دەدات!

  • جەبار یاوەر :هەرێم داوای بەشداری و پشک لە بنکەکەی ناتۆ لە عێراق دەکات

سەرەکی