1     کاتژمێر پێش ئێستا 61 جار خوێنراوەتەوە

لە نێوان باڵادەستیی قوتابخانەی ئەهلی و جەنگی مەلزەمەدا؛ کەرتی پەروەردەی هەرێم بەرەو کوێ؟

شەڕی مەلزەمە و بازرگانیکردن بە پۆلی ١٢؛ ئیرادە میدیا هەڵوێستی وەرزارەت بەرپرسانی پەروردە و مامۆستایان بڵاودەکاتەوە

لە نێوان جەختکردنەوەی وەتارەتی پەروەردە لەسەر پشت بەستن بە کتێبی خوێندن نەک مەلزەمە، ڕەخنەکانی بریکاری پێشووی وەزارەت لە بەئەهلیکردنی سیستمی پەروەردە، داوای توندی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بۆ قەدەغەکردنی مەلزەمە بەهۆی دروستکردنی بارگرانی دارایی و دەروونی لەسەر خێزانەکان؛ کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ئاستەنگی نوێ بووەتەوە کە کوالێتی خوێندن و ئایندەی پۆلی ١٢ی ئامادەییان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئیرادە میدیا، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لەسەر کتێبی خوێندن دادەنرێن نەک "مەلزەمە"، هۆشیاریشی دا بە خوێندکاران کە پشت بە کتێب ببەستن.

لەبارەی سەختی و کێشی کتێبەکانەوە، وەزیری پەروەردە ڕوونیکردەوە کێشی کتێبەکان (٧٠) بۆ (٨٠) گرام زیاتر نییە، هەوڵیانداوە بە ڕێژەی (٣٠) بۆ (٣٥) گرام کێشیان کەمبکەنەوە، بەڵام بەهۆی ڕۆڵی کواڵێتی کاغەزەکەوە ئەگەر ئەوەیان بکردایە کتێبەکان بەرگەیان نەدەگرت و دەدڕان.

دەربارەی دابینکردنی سووتەمەنیش بۆ قوتابخانەکان، ئالان حەمەسەعید وتی "چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ وەڵامدانەوەی نووسراوەکەمان و دابینکردنی نەوت." ئاشکراشی کرد کە ئەمساڵ (١٩) ملیۆن کتێبیان بۆ هەموو قۆناغەکان چاپکردووە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی (٣١٧٥) قوتابخانە و باخچەی ساوایان و دروستکردنی (٣١٠) قوتابخانەی نوێ و (٦٢٩) ژووری زیادە لەسەر بودجەی وەزارەت و لەلایەن بەخشەر و ڕێکخراوەکانەوە.

سەبارەت بە قوتابخانە ئەهلییەکان، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا بڕگەی یاسایی و دەستوورییان هەیە؛ دەکرێت کەسێک خاوەنی بڕوانامە نەبێت قوتابخانەی ئەهلی بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت خۆی وانە بڵێتەوە و دەبێت مامۆستاکان خاوەن بڕوانامەی دبلۆم یان بەكالۆریۆس بن.

وەزیری پەروەردە لە پرسی یەکپۆشیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەکەیان نەداوەتە هیچ کۆمپانیایەک و هەر کەسێک دەتوانێت بەپێی ئەو کوالێتییەی دیاریکراوە بیفڕۆشێت، دایکان و باوکانیش سەرپشکن لە کوێ بیکڕن. د.ئالان حەمە سەعید هیوای خواست سیستمی پەروەردە خاڵی بێت لە توندوتیژی و بەڵێنیدا بەرگری لە مافی قوتابی و مامۆستا بکەن لە کاتی بەرکەوتنی هەر بێڕێزییەک.

بریکاری پێشووی پەروەردە: دژی بەئەهلیکردنی پەروەردەم

لە لایەکی دیکەوە، د. سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری پێشووی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئیرادە میدیا ئاماژەی بە هەندێک وردەکاریی ناوخۆیی سیستمی پەروەردە کرد و ڕایگەیاند، ئەوان لە لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە وانەکان بوون و جەختی کردەوە کە ناكرێت لە ناوەندیی مامۆستای مێژوو وانەی ئینگلیزی بڵێتەوە، بەڵام لە گوندەکان ئاساییە مامۆستای وێنە وانەی تر بڵێتەوە. دەربارەی سەرپەرشتیارانیش وتی، پێویست ناکات پسپۆڕییان هەبێت و ئەرکیان دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ خوێندکاران و کەسوکاریان و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت.

بەپێی ئامارەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی پەروەردە، ئێستا (١٦٠) هەزار مامۆستا بە میلاک و وانەبێژەوە بوونیان هەیە.

د. سەیوانی عەلی نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی دارایی قوتابخانەکان نیشاندا و باسی لەوە کرد، تانکی ئاوی بڕێک لە قوتابخانەکان ژەنگی کردووە، (٦٥٠٠) قوتابخانە هەیە و وەزارەت ناتوانێت هەمووی دابین بکات. هەروەها ئاماژەی بە ناهاوسەنگی هێزی کار کرد و وتی قوتابخانە هەیە (١٠) کارگوزاری هەیە کە ژمارەیەکی زیاده‌ و پێویستە ڕێکبخرێتەوە.

بریکاری پێشووی وەزارەت ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەئەهلیکردنی پەروەردە دەربڕی و وتی "من دژی خوێندنی ناحکومیم، قوتابخانە ئەهلییەکان بوونەتە بزنس و کاسبی." ڕوونیشیکردەوە پێویست ناکات دایکان و باوکان (٢) بۆ (٣) هەزار دۆلار بۆ فێربوونی ئینگلیزی بدەن لە کاتێکدا زمانی دایک گرنگترینە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ڕێژەی قوتابیان لە پۆلە حکومییەکان دەگاتە (٥٠) قوتابی، لە کاتێکدا لە ئەهلییەکان (٢٨) قوتابییە. سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان وتی، ساڵانە (٢) ملیار دینار بۆ پێداویستی تاقیکردنەوەکان خەرج دەکرێت ڕێگە نادرێت سەرۆکی لیژنەی کڕین دوو ساڵ دووبارە ببێتەوە. هەروەها داوای کرد بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کۆنترۆڵی نرخ و جۆری خواردنی حانوتەکان بکەن.

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک: مەلزەمە بازرگانییە بە خێزانەکانەوە و دەبێت قەدەغە بکرێت

لە لایەکی ترەوە، مامۆستا ئاکۆ جەمال، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەهریی لە سلێمانی بۆ ئیرادە میدیا ڕایگەیاند دەیان ساڵە مەلزەمە هەیە و داوای کرد وەزارەتی پەروەردە قەدەغەی بکات. وتیشی "مامۆستای پۆلی ١٢ هەیە هەموو ساڵێک مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکەی دەگۆڕێت، ئەوەش بازرگانییەکی ئاشکرایە بە خێزانەکانەوە دەکرێت."

مامۆستا ئاکۆ ڕەخنەی توندی لە خولە هاوینەییەکان و پەیمانگاکان گرت و بە "فوتێکردن و خەڵەتاندنی خوێندکاران" وەسفی کرد کە بڕی (١٤٠) بۆ (١٥٠) هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک وەردەگرن و مەلزەمەیان پێ دەفرۆشن. هەروەها وتی "پۆلی ١٢ بووەتە کەئابە بۆ خێزانەکان و زۆربەیان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون بەهۆی ئەو دۆخەی دروستکراوە." داواشی کرد لێپرسینەوە لەو مامۆستایانە بکرێت کە مەلزەمە دەردەکەن.

سەرەڕای ڕەخنەکان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەهری ستایشی کارەکانی وەزیری پەروەردەی کرد لە کابینەی ئێستادا و ڕایگەیاند، قوتابخانەکان کراونەتە سیستم، یاری بە نمرە ناکرێت و ئامار و داتای وردی مامۆستا و قوتابیان لەسەر تەلەفۆن هەیە. ئاماژەی بەوەش دا ئەگەر سەدا سەدی داهاتی حانوتەکان بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان، زۆربەی پێداویستییەکان دابین دەکەن، بە نموونە حانوتی قوتابخانەی نەهری بە (١٣.٥) ملیۆن دینار دراوەتە کرێ.

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

  • جەنگ و دیپلۆماسی: ئێران توانای سەربازیی خۆی دەپارێزێت و گرژییەکان ئاسمانی ناوچەکەی شڵەقاندووە

  • لە نێوان باڵادەستیی قوتابخانەی ئەهلی و جەنگی مەلزەمەدا؛ کەرتی پەروەردەی هەرێم بەرەو کوێ؟

  • زاگرۆس هیوا پەردە لەسەر فێڵە ستراتیژییەکانی تورکیا لادەدات؛دیداری ئیمراڵی و فێڵی ڤێلاکەی تورکیا چییە؟

  • تەڤگەری ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، هەموو هێزەکانمان لە ناو تورکیا بە تەواوی کشاندەوە

  • دانیشتنی دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دواخرا؛ چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت

  • وردەکاریی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن؛ سێنتکۆم دڵنیایی دەدات و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لێدوانی توند دەدات

  • مێژووی دەستکاریکردنی دینار لە 2003وە؛ بارقورسی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی حکومەت دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتییان

  • لە دەستگیرکردنەوە تا دروستکردنی دۆسیەی نوێ؛ ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێرانیدا تێدەپەڕێت

سەرەکی