1 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
لە بری پێوەری ڕاستەقینە؛ پرۆژەی ڕووناکی بە "خەمڵاندن و بە گۆترە" پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان وەردەگرێت
لەگەڵ فراوانبوونی جێبەجێکردنی پرۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان، شەپۆلێک لە گومان و ناڕەزایەتی لای هاووڵاتییان و چاودێران دروستبووە. زەقترین خاڵی ئەم ناڕەزایەتییانە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دەڵێن لە کاتێکدا ماڵەکانیان چۆڵە، کارەباکەیان بڕیوە یان سیستەمی ووزەی خۆر (سۆلار) بەکاردەهێنن، کەچی وەزارەتی کارەبا و سەرپەرشتیارانی پرۆژەی ڕووناکی بەبێ پشتڕاستکردنەوەی پێوەری ڕاستەقینە، پارەی کارەبایان بە "خەمڵاندن و بە گۆترە" بۆ دیاریکردوون و کردوویانەتە بارگرانیی دارایی بەسەر شانیانەوە.

"خەمڵاندن ناوێکی تری ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاووڵاتییانە"
لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بەم شێوازەی وەزارەتی کارەبا، ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی خەمڵاندنی پارەی کارەبا گرت و ڕایگەیاند کە دەستەواژەی "خەمڵاندن"، هاوشێوەی پاشەکەوت و لێبڕین، ناوێکی تری دەسەڵاتە بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاووڵاتییان. هەڵەدنی پرسیاری ئەوەی ورووژاندووە کە لە کوێی دنیادا خانوو یان شوقەیەک کە چۆڵ بێت و یەک گڵۆپیشی هەڵنەکرابێت، مانگانە پارەی کارەبای بۆ بخەمڵێنرێت؟ ناوبراو جەختی کردەوە کە هاووڵاتی دەبێت تەنها پارەی ئەو بڕە کارەبایە بدات کە بەکاری هێناوە نەک بە گوێرەی خەمڵاندنی بێبنەما، و وتیشی: "ئەگەر ئەم دەسەڵاتە لە فەرەنسا بوایە، خوێندکاران دەیانکرد بە پەندی زەمانە".
تەسلیمکردنی کەرتەکە بە کۆمپانیا حزبییەکان و لێخۆشبوونی کاتی
ناڕەزایەتییەکان تەنها لەسەر پرسی خەمڵاندن نین، بەڵکو ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆژەی ڕووناکی، هاوشێوەی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تر، تەسلیمی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی سەر بە دەسەڵاتی سیاسی کراوە. ئەم کۆمپانیایانە بە پاڵپشتی یاسایی حکومەت نرخەکان بەپێی خواستی خۆیان بەرز دەکەنەوە تا قازانجی دارایی مسۆگەر بکەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی دۆخی بژێوی خەڵک بکەن.
لەلایەکی ترەوە، پرۆژەی ڕووناکی بڕیاری لێخۆشبوونی کاتی بڵاوکردەوە کە تەنها بۆ یەک ڕۆژ بەردەست دەبێت؛ ئەم لێخۆشبوونە ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا پارەیان لەسەر کەڵەکە بووە و بڕەکەی ٥٠٪ بۆ ماڵان و کشتوکاڵ و ٢٥٪ بۆ کەرتی بازرگانی دیاری کراوە. بەڵام جێبەجێکردنی بڕیاری بڕینی ئۆتۆماتیکی کارەبا دوای ٥٠ ڕۆژ لە نەدانی پارە، وەک فشارێک بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی کۆمپانیاکان سەیر دەکرێت.

ئامارە داراییەکان و ڕوونکردنەوەی بەرپرسانی پرۆژەکە
پرۆژەی ڕووناکی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا و دواتر لە ئایاری ٢٠٢٥ لە ئەنجومەنی وەزیران نرخە نوێیەکانی پەسەندکرا، ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.
عەزیز ئەحمەد، جێگری سەرپەرشتیاری کاروباری پرۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی ٤٠٠٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ۲۰۰ ملیۆن دۆلار هەیە، لە کاتێکدا داهاتی کەرتەکە مانگانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلارە و نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلاری دەچێتە سندوقی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، بۆیە حکومەت هێشتا ڕووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە.
وەک جێگری سەرپەرشتیاری کاروباری پرۆژەی ڕووناکی ئاماژەی پێدا، لە کۆی ٢ ملیۆن هاوبەش، پێشتر تەنها ٤٠٪ پسوولەیان بۆ دەچوو و لەوانەش تەنها ٣٠٪ پارەیان دەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی پرۆژەکەوە داهاتی مانگانە گەیشتووەتە ٨٠ ملیۆن دۆلار. بەپێی وتەی ناوبراو، تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە ۱۰۰٪ لە سەرانسەری کوردستان جێبەجێ دەکرێت، تەنها لە وەرزە زۆر سارد و گەرمەکاندا نەبێت کە پێویستی بە هاوکاریی زیاتری هاووڵاتییان دەبێت.

ڕووبەڕووبوونەوە لە پێنجوێن
ئەم جیاوازییە لە نێوان نرخ و شێوازی سەپاندنی پارەی کارەبا بووەتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتی مەیدانی. لە بەرەبەیانی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکان لە قەزای پێنجوێن هەڵیانکوتایە سەر خێمەی خۆپیشاندەران کە دژ بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی مانگرتبوونیان ڕاگەیاندبوو. خۆپیشاندەرانی پێنجوێن جەختیان دەکردەوە کە نرخەکانی پرۆژەی ڕووناکی زۆر گرانە و بەرگەی ناگرن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دوای بڵاوەپێکردنیان، خێمەکانیان سوتاندن و دەیان کەسیان دەستگیر کرد.
-
لە بری پێوەری ڕاستەقینە؛ پرۆژەی ڕووناکی بە "خەمڵاندن و بە گۆترە" پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان وەردەگرێت
|
-
خۆپیشاندانەکانی پاریس لە دیدی پێنج نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەرەنسییەوە
|
-
خولی شەشەم درێژترین و قورسترین؛ دوو ساڵ بەسەر بێدەسەڵاتیی سندوقەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕدەبێت
|
-
لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا؛ داوای ژیانێکی باشتر دەکرێت و شەپۆلێکی تاڵانکاریش شارەکانی گرتووەتەوە
|
-
بودجە، مووچە و ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم؛ بەغدا و هەولێر لە تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سیاسی و ئابووریدا
|
-
ئەمریکا بۆچی جەنەراڵێکی سەردەمی ئەسەد لە لوبنان دەپارێزێت؟
|
-
دوو گیراویش ئازادکران؛ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی لاهور شێخ جەنگی و برا وهاوڕێکانی بە زیندانیکردن سزادران
|
-
لە ئیمراڵییەوە بۆ برۆکسل؛ ئۆجەلان پەیامێکی مێژوویی ئاڕاستەی کۆنفرانسی ئەوروپا دەکات
|
-
پرسی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە نێوان دیداری میری و هەڵوێستی سەرۆکایەتی هەرێم و بارەگای بارزانیدا
|
|
|
|