8 کاتژمێر پێش ئێستا
362 جار خوێنراوەتەوە
دوو گیراویش ئازادکران؛ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی لاهور شێخ جەنگی و برا وهاوڕێکانی بە زیندانیکردن سزادران
ڕۆژی پێنجشەممە، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ هەشتەمین جار لەبارەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار کۆبووەوە و تێنووسی بەرگریی پارێزەران و لائیحەی داواکاری گشتیی خوێنرایەوە، کە تێیدا دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە سزادانی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە ئاشکرا کرد.
لەو دانیشتنەدا، دادوەر ڕایگەیاند، بەزەییان لەگەڵ تۆمەتبارەکان بەکارهێناوە و لەبەرئەوە سزاکانیان بۆ سووک کراوە، هەروەها جەختیشی کردەوە دانپێدانانی تۆمەتبارەکان پشتئەستوورە بە بەڵگەی سەلمێنراو و هەر لەبەر ئەو هۆکارەش دادگا گەیشتووەتە ئەم بڕیارە.
بەپێی بڕیارەکە، لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا درا، هەروەها لە هەمان دۆسیەدا پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا درا و دادگا بڕیاریدا ڕێبواری حامیدی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزابدرێت.

لە کاتی دەرچوون و جێهێشتنی دادگاییەکەدا، لاهور شێخ جەنگی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و ڕووی لە دادوەر کرد و وتی: "بەداخەوە جەنابی حاکم ئێوە بەس جێبەجێکارن، سلێمانیتان ناشرین کرد."
لاهور شێخ جەنگی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە دادوەر کرد سزاکە نەخاتە سەر کەسانی تر و وتی "جەنابی حاکم ئامادەم لە سێدارەم بدەن بەڵام غەدر لەم هاوڕێیانە مەكەن کە بەبۆنەی منەوە دەستگیركراون؛ لە زیندانێكی شەرەفمەندانەبم زۆر باشترە لەم دەسەڵاتە."
هەروەها سەبارەت بە دەستگیرکراوانی دیکە "داوای کرد ئەو کوڕە فەقیر و هەژارانە بە ئاگری ئەوەوە نەسووتێنرێن و جەختی کردەوە ئەمە غەدرێکی گەورەیە کە لە سلێمانی و لە دادگادا دەکرێت".
لە بەرامبەریشدا، پۆڵاد شێخ جەنگی لە کاتی جێهێشتنی دادگادا ناڕەزایەتیی تووندی دەربڕی و وتی: "شەرمەزاری بۆ ئەم دادگایە."
لای خۆیەوە، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار سەرجەم تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و جەختیان کردەوە کە هەموو ئەو تۆمەتانە دروستکراو و ڕاست نین و گیراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا قسەیان لێ وەرگیراوە، هەروەها وتەبێژی دەستەی پارێزەران پێشتر ڕایگەیاندبوو بەڵگەکانی بەردەم دادوەر لە دژی لاهور شێخ جەنگی لاوازن و هێزەکانیان تەنها بۆ پاراستنی ماڵی مام جەلال و هێرۆخان ناردووە بەهۆی بوونی مەترسیی کودەتایەکی ناوخۆییەوە.

ڕیشەی ئەم ململانێ و پێکدادانە چەکدارییە هەستیارە دەگەڕێتەوە بۆ درێژبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی پاش ٨ی تەمموزی ٢٠٢١، کاتێک دوای کۆچی دوایی مام جەلال و دروستبوونی قەیرانی هاوسەرۆکایەتی، هێزەکانی کۆماندۆ دەستیان بەسەر دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆردا گرت و لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکایەتی دوورخرایەوە.
دواجار لە بەرەبەیانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥دا، کێشەکان تەقینەوە و لە ئەنجامی شەڕێکی قورسی چەکداری لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ دوو برا، خوشکێک و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی دەستگیر کران و زیانی زۆری لێکەوتەوە.
پێش ئەوەی ئەم قەیرانانە دروست ببن، لاهور شێخ جەنگی کە برازای جەلال تاڵەبانییە، لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەمین دەزگای دژەتیرۆری بە هاوکاریی ئەمریکییەکان دامەزراندبوو و لە ساڵی ٢٠١٣ هەردوو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆری کردبوو بە یەک، دوای بێهیوابوون لە گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی، لە ساڵی ٢٠٢٤ حزبێکی نوێی بە ناوی "بەرەی گەل" دروستکرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دوو کورسی بەدەستهێنا، تا ئەم دۆسیەیە گەیشتە قۆناغی ئێستا.
-
ئەمریکا بۆچی جەنەراڵێکی سەردەمی ئەسەد لە لوبنان دەپارێزێت؟
|
-
دوو گیراویش ئازادکران؛ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی لاهور شێخ جەنگی و برا وهاوڕێکانی بە زیندانیکردن سزادران
|
-
لە ئیمراڵییەوە بۆ برۆکسل؛ ئۆجەلان پەیامێکی مێژوویی ئاڕاستەی کۆنفرانسی ئەوروپا دەکات
|
-
پرسی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە نێوان دیداری میری و هەڵوێستی سەرۆکایەتی هەرێم و بارەگای بارزانیدا
|
-
دوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ محەمەد سەمعان چاوی لە وەزارەتێکی بەغدایە و داوای پشتیوانی یەکێتی دەکات
|
-
له دیداری مێری چ وترا؟ لە هەناردەکردنی نەوت و پەیامی ئاشتییەوە تا ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت
|
-
لێدوانی توند لە بەغداوە: 90%ی داهاتی ئێران سەرچاوەکەی عێراقە، کەچی هاوکاری نەکردین
|
-
کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی؛ هەوڵێک بۆ بازدان بەسەر ئاستەنگەکانی مەسرور بارزانی
|
-
پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات
|
|
|
|