59 خولەک پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ حکومڕانی و خەرجکردنی ملیاران دۆلار؛ بۆچی بەشێک لە ڕێگاکانی هەرێم هێشتا نەبوونەتە دووساید؟
لە 'ڕێگای مەرگ'ی کەلارەوە تا ڕێگای هەیبەت سوڵتان؛ دواکەوتنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لەسەر زاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە
دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیارترین و درێژخایەنترین ئەو کێشانەی تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیکردووەتە بەشێک لە مێژوو.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی دواییدا چەندین پڕۆژەی قیرتاوکردن و دروستکردنی ڕێگای نوێ ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا زۆرینەی ڕێگاکان بەدەست نەبوونی ستانداردی نێودەوڵەتی، خراپیی کوالێتی و ململانێی کاڵای کوالێتی نزمەوە دەناڵێنن. ئەم دۆخەش وایکردووە ساڵانە دەیان و سەدان هاووڵاتی ببنە قوربانی و بەشێک لە ڕێگا سەرەکییەکان ناوی "ڕێگای مەرگ"یان بەبەردا ببرێت، وەک ڕێگەی سلێمانی – کەلار و سلێمانی – ڕانیە.
یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکان، ڕێگای سەرەکیی پارێزگای سلێمانی – ئیدارەی ڕاپەڕینە کە زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەترە. دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە حکومڕانیی کوردی و تێپەڕبوونی زیاتر لە ۱۰ ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەی دووسایدکردنیدا، هێشتا بەشێکی زۆری بە یەک سایدی مایەوە.

نەخشەی دابەشبوونی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان
تۆڕی ڕێگاوبانەکانی هەرێم کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەڕێوەدەبرێن، دابەش دەبن بەسەر ڕێگای نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و دەروازە سنورییەکان:
ڕێگای نێوان پارێزگاکان:
ڕێگای هەولێر – سلێمانی: بە دوو ئاڕاستەدا تێدەپەڕێت؛ ڕێگای کۆیە (لە ڕێگەی کەرکووک یان تەقتەق و کۆیە) و ڕێگای سماقوڵی کە ڕێگایەکی کورتترە و لە ڕێگەی دەشتی کۆیە و ناوچەی سماقوڵییەوە هەردوو شارەکە دەبەستێتەوە.
ڕێگای هەولێر – دهۆک: ڕێگای خازر و بەردەڕەش کە لە دەشتی نەینەوا و قەزای بەردەڕەشدا تێدەپەڕێت و بەشێکی زۆری کراوەتە دووساید، لەگەڵ ڕێگای سۆران - شەقڵاوە - قەندیل - ئاکرێ کە ڕێگایەکی شاخاویی گەشتیارییە.
ڕێگای سلێمانی – هەڵەبجە: لە سلێمانییەوە بەرەو سەیدسادق و دەشتی شارەزوور پاشان بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەچێت.
ڕێگای ئیدارە سەربەخۆکان و دەروازە نێودەوڵەتییەکان:
ڕێگای هەولێر – سۆران: بە "ڕێگای هاملتۆن" ناسراوە، لە ڕێی گەلی عەلی بەگەوە بەرەو سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەچێت.
ڕێگای سلێمانی – کەلار: لە شارەزوور و دەربەندیخانەوە بەرەو دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڕوات.
ڕێگای سلێمانی – پێنجوێن: شارەکان دەبەستێتەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ.
ڕێگای سلێمانی – ڕانیە: لە ڕێگەی دووکانەوە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.
ڕێگای دهۆک – زاخۆ: ڕێڕەوێکی شادەماریی بازرگانییە کە بە تونێلی زاخۆدا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستان لە ڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە باکووری کوردستان و تورکیا دەبەستێتەوە.

بووژانەوەی ئابووری و سەرهەڵدانی ماستەرپلان
لە نێوان ساڵانی ۲۰۰٥ بۆ ۲۰۱٤، ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی. لە ساڵی ۲۰۰۷ بۆ ۲۰۱٤ مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلار لە بەغداوە ڕەوانە دەکرا و داهاتی ناوخۆش مانگانە نزیکەی ٥۰۰ ملیۆن دۆلار بوو. لە چوارچێوەی ئەم بووژانەوەیەدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ماستەرپلانی ڕێگاوبانەکانی داڕشت و لە ساڵی ۲۰۱۰ پەسەند کرا، کە دوابەدوای ئەوە پرۆسەی دووسایدکردنی ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

کێشە و ئاستەنگەکانی پڕۆژە ڕێگەسازییەکان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژە سەرەکییەکانی ئاشکرا کردووە:
ڕێگای سلێمانی – هەولێر (دووسایدی دووکان – چوارقوڕنە): ئەم پڕۆژەیە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە؛ قۆناغی یەکەم و دووەمی لە ساڵانی ۲۰۱۰ و ۲۰۱۱ چووەتە تەندەرینەوە. قۆناغی یەکەم (پردی هیزۆپ بۆ چوارقوڕنە) ۹٥٪ی تەواوبووە. قۆناغی دووەم (پردی هیزۆپ بۆ خەلەکان) ٤٥٪ی تەواوبووە (کە لە سەرەتای وەرگرتنی وەزارەتدا لە ۲۰٪ بوو). بەهۆی گیروگرفتی هونەری و داراییەوە ماوەی دوو ساڵە کارکردن تێیدا وەستاوە، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە دەستپێبکرێتەوە. قۆناغی سێیەم (خەلەکان بۆ دووکان) تا ئێستا نەچووەتە تەندەرینەوە؛ خرایە چوارچێوەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، بەڵام جێبەجێکردنی قەرزەکە دەکەوێتە ساڵی ۲۰۲٦.
تەواوکاریی ڕێگای کۆیە – هەولێر: ئەم پڕۆژەیە (کە چیای هەیبەت سوڵتان، تونێلی هەیبەت سوڵتان و کۆیە دەگرێتەوە تا هەولێر) لە پێنج قۆناغ پێکهاتووە و لە ساڵی ۲۰۱١وە دەستپێکراوە و دەبوو لە ۲۰۱٤ تەواو ببێت. دوو قۆناغی لای کۆمپانیای کوردییە و سێ قۆناغەکەی تر لای کۆمپانیا ئێرانییەکانە. ساڵی ۲۰۱۹ داوای دەستپێکردنەوەی کراوە، بەڵام کۆمپانیا ئێرانییەکان داوای پارە دەکەن و ئامادەی کارکردن نین، و ڕەزامەندیش نین سەر بە گرێبەستەکانیان بهێنرێت. داواکرابوو ساڵانە ٥۰ ملیار دیناری بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆڵەت و پەسەندکردنەوە (مسادەقە) تەرخان نەکراوە.
ڕێگای سلێمانی – کەلار: ئەم پڕۆژەیە ساڵی ۲۰۱۱ تەندەرینی بۆ دەرچوو، تا ۲۰۱۷ لای کۆمپانیایەکی تورکی بوو و دواتر درایە کۆمپانیایەکی کوردی. ڕێژەی جێبەجێکردنی لە ۱۵٪ی سەرەتای وەرگرتنی وەزارەتەوە بەرزکراوەتەوە بۆ نزیکەی ٨٥٪. بەم ڕەوتەی ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ۲۰۲٤ پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی بێت. وەزیری ئاوەدانکردنەوە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەکان بۆ دوو ئیدارەیی سەردەمی پێشوو (دوو گیرفانیی ناوچەی هەولێر و سلێمانی)، خراپیی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان و کەمتەرخەمی یان کێشەکانی کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دەگەڕێنێتەوە.
-
سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە ئیستانبوڵ چییان دهكرد؟
|
-
دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ حکومڕانی و خەرجکردنی ملیاران دۆلار؛ بۆچی بەشێک لە ڕێگاکانی هەرێم هێشتا نەبوونەتە دووساید؟
|
-
لێدوانە توندەکانی ترەمپ و وەڵامەکەی ڕەزایی؛ قەتەر و پاکستان هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن
|
-
ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و موجتەباش ئامادەکاری دەکات
|
-
مشتومڕی دوو حزب لەسەر پرسی کورد لە ئێران؛ "ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک" هەنگاوە یان خۆتواندنەوە؟
|
-
سڵاوی تایبەتی ئۆجەلان و داواکاری بۆ دەستوورێکی نوێ؛ پڕۆسەی ئاشتی لە لێواری قۆناغێکی هەستیاردایە
|
-
پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان خێرا دەکرێت؛ DNO پلانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات
|
-
سزای زیندانیکردن و گەڕاندنەوەی 34 ملیار دینار بەسەر موسەننا سامەڕائی و زیاد جەنابیدا سەپێنرا
|
-
پێشنیازێکی نوێ لەسەر مێزە؛ ئایا تاران بە مەرجەکانی واشنتن ڕازی دەبێت؟
|
|
|
|