×

2024-11-01 195 جار خوێنراوەتەوە

رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

ناوەندی هەواڵ

یەكی تشرینی دووەم، ڕۆژی یادكردنەوە و وەبیرهێنەرەوەی سەركەوتنێكی گەورەیە لە مێژووی كورد، ئەو بەرگریییە 134 ڕۆژییەی لە كۆبانێ نیشان درا، سەرنجی هەموو جیهانی ڕاكێشا.

هێرش و پەلاماری داعش

ساڵی 2014 ، پاش داگیركردنی شاری موسڵ بە ماوەیەكی كەم، چەكدارانی داعش ڕوویان لە شاری كۆبانێ-ی ڕۆژئاوای كوردستان كرد.

لە سەرەتای هێرشەكانیاندا چەكدارانی داعش، هەوڵی داگیركردنی چوار شوێنی گرنگیان دا، كە ئەوانیش گردی مشتەنوور، ناوەندی چاند و هونەر، چوارگۆشەی ئەمنیی و ڕێڕەوی مورشید پنار بوو، چەكدارەكانی داعش توانییان سێ لەو شوێنانە داگیربكەن، بەڵام چوارەم شوێن كە ڕێڕەوی مورشیدپنار بوو، نەتوانرا داگیربكرێت و بووە قەڵای بەرگریی كورد.

توركیا لە باكوورەوە تا كۆتایی بەردەوام بوو لە فشارەكانی، هێزێكی زۆری سەربازی و تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازیی كۆ كردبووەوە، زیاتر لە جارێكیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند "كۆبانێ دەكەوێت" بەڵام دواجار خەونی كەوتنی كۆبانێ نەهاتەدی.

داستانی قارەمانانەی كۆبانێ 

داستانی قارەمانانەی كۆبانێ لە 15ـی ئەیلولی 2014 دەستی پێ كرد، ژمارەیەكی كەم لە شەڕڤانان بەرگرییان لە كۆبانێ دەكرد و توانییا بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی چەكدارانی داعش بگرن.

ئامانجی شەڕڤانانیش لە سەرەتاوە ڕێگرتن بوو لە بەرەوپێشچوونی چەكدارانی داعش، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا كۆكردنەوەی هێز و ڕێكخستنەوە و ڕاهێنانی شەڕڤانان بوو لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵاندا.

لە قۆناغی سێیەمیشدا، كە لە 18ی كانونی یەكەمی 2014 دەستی پێ كرد، هەر لە ماوەی بەرخۆدانەكەی كۆبانێدا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەڕێگەی شاندێكی هەدەپەوە بانگەوازی بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ كرد، بۆیە كوردێكی زۆر سنوورەكانی نێوان پارچەكانی كوردستانیان سڕییەوە و بەشداریی بەرگرییان لە كۆبانێ كرد، لە باشور و ڕۆژئاوای كوردستانیش كۆدەنگییەكی جەماوەری بۆ بەرگریكردن لەكۆبانێ دروستبوو، كار گەیشتە ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا پێشمەرگە بنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەشداربوون لە ڕزگاركردنی شارەكە لە دەستی چەكدارانی داعش و لە ڕۆژی 28ی یٔۆكتۆبەری ساڵی 2014، یەكەم كاروانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە كۆبانێ و پاش تەواوبوونی شەڕەكە چەكەكانیان بۆ شەڕڤانان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە كۆتاییەكانی شەری كۆبانێ بە بۆردوومانی ئاسمانیی بەشدارییان كرد لە تێكشكاندنی داعش دا كرد.

شەڕی كۆبانێ لە میدیاكانی جیهان

شەڕی كوڕان و كچانی شەڕڤانی كورد لە كۆبانێ ببووە جێی سەرنجی میدیاكانی جیهان، چەندین كەناڵی بەناوبانگی جیهانی گرنگییان بە گواستنەوەی هەواڵی كۆبانێ و ئەو شەڕە سەختە دژ بە داعش دەكرد، بەشێكی زۆر لە كەناڵە جیهانییەكان لە دەستپێكی شەڕەكەوە نێردراویان ناردبوە كۆبانێ و دەوروبەری تا سات بە سات بەرەپێشچوونی شەڕەكە بگوازنەوە.

سەرئەنجام دوای 134 ڕۆژ لە شەڕ و بەرگریی، توانرا لە 26ـی كانونی دووەمی 2015ـدا، كۆبانێ بە تەواوەتی لە دەستی چەكدارانی داعش ڕزگار بكرێت، پاش ساڵێك لە ڕزگاركردنی كۆبانێ، جارێكی تر گەڕاندنەوەی هاوڵاتیان بۆ شارەكە دەستی پێ كرد، تا سەرلەنوێ كۆبانی ژیان بكرێتەوە بەبەریدا.

ڕۆژی جیهانی كۆبانێ

ڕۆژی 1/11/2014 ژمارەیەكی زۆر لە ئازادیخوازانی جیهان، لە كوردستان و جیهان هاتنە سەر شەقام و مەیدانەكان و پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند و دوای ئەمەش ڕۆژی یەكی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكیان وەك "ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ" دەستنیشان كرد، لەو كاتەشەوە تا ئێستا هەموو ساڵێك بە چالاكی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژە دەكرێتەوە.

پاش تێكشكاندنی داعش لە كۆبانێ، هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا و داعش بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان نەوەستاوە، تەنانەت لە ساڵی 2018 توركیا بە پشتیوانی چەند گروپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا شاری عەفرینی  داگیركرد و ساڵێك دواتر سەرێكانی و گرێ سپیشی داگیركرد.

كۆبانێ یان كۆبانی، پێشتر حكومەتی سوریا ناوێكی عەرەبی لێنابوو (عین العرب) لەساڵی 2011  و دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە شارەكە كۆنترۆڵكرا، زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن، دەكەوێتە دیوی چەپی ڕووباری فوڕات، هاوسنوری باكوری كوردستانە و بە تەنیشت شارۆچكەی سروچی سەر بە ئورفایە، زۆربەی دانیشتوانەكەی خەریكی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریین.

ڕووبەرەكەی زیاتر لە سێ هەزار كیلۆمەتر دووجایە، دانیشتوانەكەی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2000 لە سوریا نزیكەی 204 هەزار كەس بووە، 150 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە، لە باكورەوە سنوری بە باكوری كوردستان (توركیا) ەوەیە و لە باشورەوە پارێزگای ڕەقەی سوریا، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوری گرێسپییە، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جەرابلوس و كەناری فوڕات و مەنبەج هاوسنورە.

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

  • ئۆجەلان و ماندێلا؛ ئەو دوو ڕێبەرەی زیندان نەیتوانی چۆكیان پێدابدات

  • رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

  • لەمەودوا شانۆى سیاسى هەرێمى كوردستان چۆن ده‌بێت؟

  • گۆڕانكارییه‌كان خه‌ویان له‌ چاوى ئه‌ردۆغان زڕاندووه‌؛ تورکیا بۆچى دەیەوێت پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟

سەرەکی