ساتی ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی پارتی بە سوتاندنی بازاڕەکان تۆمەتباری کردن
2024-11-06 826 جار خوێنراوەتەوە

په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

ناوەندی هەواڵ

پارتى دیموكراتى كوردستان چه‌ند مانگێك خه‌ریكى داڕشتنى پلانێك بوو تا سوتاندنى بازاڕه‌كانى قه‌یسه‌رى له‌ هه‌ولێر و كه‌ركوك و پاشانیش بازاڕى چه‌لێى دهۆك بخاته‌ ئه‌ستۆى په‌كه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى به‌ڵگه‌ى ساخته‌ توانى بڕوا به‌ حكومه‌تى عێراق بهێنێت له‌و پلانه‌یدا هاوبه‌ش بێت، به‌ڵام دادگاى ڕه‌سافه‌ى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى لێكردنه‌وه‌ به‌ خورى.

هەرچەندە پارتى و وەزارەتی ناوخۆی عێراق سیناریۆیەکیان داڕشت و لە هەوڵی پیلانگێڕییدا بوون دژی "پەکەکە" دوێنێ دادگای ڕەسافەی بەغداد بە بڕیارێک پیلانگێڕییەکەیانی هەڵوەشاندەوە، کە گوایە پەکەکە بازاڕەکانی (هەولێر، دهۆک و کەرکووک)ـی سووتاندووە، بڕیاریدا ئەو سێ کەسەی تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکان و ئەندامبوونی پەکەکەیان لەسەرە بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد ده‌کرێن.

ڕووداوەکان چۆن بوون و کێ لە پشتیانه‌وه‌ بوون؟

 لە 21ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا لە شاری کەرکووک کەوتەوە و بەهۆشیەوە زیانێکی زۆر بەر خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە کەوت، هەروەها لە 27ـی شووبات، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە 160 دوکان گڕیان گرت، بەمەش زیانی ملیۆنان دۆلاری لێکەوتەوە.

لە یه‌كـی نیسانی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی چەلێی ناوەندی شاری دهۆک کەوتەوە و زیاتر لە 100 دوکانی هاوڵاتییان سووتا، بە هۆشییەوە بە بەهای ملیۆنان دۆلار زیان بەر هاوڵاتییان کەوت.
بەرەبەیانی هه‌شتـی نیسانیش، جارێکی دیکە، بە شێوەیەکی گوماناوی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیانی ماددی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، تەنانەت تا ئێستاش هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستنیشان نەکراوە، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كسه‌ر دواى ڕووداوه‌كان پارێزگاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك هاتنه‌ به‌رده‌م مایكى ڕاگه‌یاندنه‌كان و هۆكاره‌كانیان بۆ ئیهمالى دووكانداره‌كان و دواتر بۆ شۆڕتى كاره‌با گه‌ڕانده‌وه‌، به‌ڵام دواتر قسه‌كانیان گۆڕى و دواى چه‌ند مانگێك په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌ى په‌كه‌كه‌ كرد.
کێ بەرپرسیارێتی ئاگرەکانی لە ئەستۆ گرت؟

هەر جارێک دوای ئەوەی ئاگرەکان دەکرایە و ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان دەسووتێندرا، گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی "ڕێکخستنی پەیمانی میللی" کردنەوەی ئاگرەکانی لە ئەستۆ گرت و تەنانەت لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان ئاماژەیان بەوە دەدا، کە “سنوورەکانی پەیمانی نیشتیمانی وەردەگرنەوە، کە (مەبەستیان لە زیندووکردنەوەی میساقی میللیی دەوڵەتی عوسمانییە)، هەر کەسێک بەیعەتمان پێ نەدات کۆتاییەکی خەمناکی دەبێت".

هەر لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن “وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و ببنە بەشێک لە سوپاکەمان.” واتا بە هەموو شێوەیەک دوای هەر کردنەوەی ئاگرێک نەک تەنها دژایەتی خۆیان بۆ گەلی کورد دەردەبڕیی بەڵکو هەوڵی لەناوبردنی قوتی هاوڵاتییانیانیش دەدا.

سیناریۆی پارتى و وەزارەتی ناوخۆی عێراق چۆن بوو؟

وێرای ئەوەی گرووپی “ڕێکخستنی پەیمانی میللی” سووتاندنی هەموو بازاڕەکانیان لە ئەستۆ دەگرت و هەڕەشەیان دەکرد، کەچی دەمودەست پارتى و حكومه‌تى عێراق کەوتنەخۆ و لە دوای پیلانگێڕییەک دەگەڕان تاوەکو پەکەکە تۆمه‌تبار بكه‌ن.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، لە ڕێگەی پاراستن و وەزارەتی ناوخۆى عێراقه‌وه‌، پارتى دەستیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق تێکەڵکرد و سێ گەنجیان بە ناوەکانی "هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد" دەستبەسەرکرد، دواتریش لە یه‌كـی تەمووزی ئەمساڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی شانۆ ئاسادا کە هەریەک لە میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم تۆمەتی سووتاندنی ئەو بازاڕانەیان دایە پاڵ ئەو سێ گەنجە کوردە.

سیناریۆکە بەوشێوەیە بوو، گوایە ئەم سێ گەنجە لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێندراون و بە فەرمانی ئەوان هەرسێ بازاڕەکانیان سووتاندووە و لە پیلانی سووتاندنی بازاڕی دیکەدا بوون و لە کەرکووک دەستبەسەر کراون، هەروەها جگە لە پەکەکە هێمن میرانی تەنانەت باسی لەوەشکرد کە ئەو سێ گەنجە ئەندامی هێزەکانی یه‌كێتین، بەوشێوەیەش لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دۆخێکی نەخوازراو و ئاڵۆز بخوڵقێنن کە شەڕی ناوخۆ و کاولکاریی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دواتریش میدیاکانی پارتى لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ـی مانگى ڕابردوو بەڕێوەچوو، بە هەموو هێزی خۆیانەوە وەک بانگەشە و لێدان لە یه‌كێتى دەیان دۆسییە و ڕاپۆرتیان لەسەر ئەو بابەتە کرد.

پەیامی کەجەکە چی بوو و ڕەتکردنەوەی ئەو سیناریۆیە چۆن بوو؟

 هەر دوای ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە، کۆمیتەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورکیا (میت) و هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)ـوە ئەنجام دراون.

هەروەها کەجەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێشتر بەرگرییمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون.
جگە لە کەجەکە، هەروەها یەکەی حەفتای سەربە یه‌كێتىی لەبارەی بەشداریکردنی پێشمەرگەیەکی یەکەی حەفتا کە گوایە فەرمانیان لەوان وەرگرتووە بۆ سووتاندنی بازاڕەکان ئاماژەی بەوەکرد "ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکی دیکەمان ئەو کارەیان کردووە".

بڕیاری دادگا چی بوو؟ چۆن پیلانگێڕییەکە هەڵوەشێندرایەوە؟
سیناریۆکان داڕێژران و تۆمەتەکان ئاراستەکران و هەوڵدرا پەکەکە لەبەرچاوی گەل ناشرین بکەن، لە بەرامبەریشدا کەجەکە جەختی لە سیناریۆبوونی ئەو تۆمەتانە کردەوە و هۆشداریی پێویستی بە گەلدا و پەیامی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد کە نابێت بکەونە داوی سیناریۆکانی پارتى و دەوڵەتی توركیاوه‌.

دەرئەنجام دوێنێ دادگای ڕەسافەی بەغدا بە بڕیارێکی فەرمی و بە هۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر سەلماندنی ئەوەی کە ئەو سێ گەنجە بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووکیان سووتاندووە، بڕیاری ئازادکردنیانی دا، جگە لەوەش بڕیاردرا کە تەنانەت ئەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستیان بەسەرکرابوو پێیان بدرێتەوە.
بەمشێوەیە جارێکی دیکە پیلانگێڕییەکەی دەوڵەتی توركیا  و پارتى هەڵوەشێندرایەوە و هەموو ڕاستییەکان بۆ گەلی کوردستان و عێراقیش ئاشکرابوون.

 

  • ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ چییه‌؟

  • ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

  • 2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان

  • ئەو کەسەى هوجام سورچی سەربڕی کوژرایەوە

  • سعودیە ووڵاتی لە سێدارەدان

  • زۆرێك لە وڵاتان داوای پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا دەكەن؛ بەڵام حكومەتی هەرێم بێدەنگە

  • زیندانی ئاكرێ میراتێك لە بەعسەوە بۆ پارتی

  • ئێران؛ کۆچکردنی گەنجان لە ئەنجامی سەرکوتکاری دەسەڵات

  • پلانی توركیا بۆ سوریا چییە؛ كێ لە ڕووداوەكانی سوریا زیان دەكات؟

سەرەکی