13 کاتژمێر پێش ئێستا
73 جار خوێنراوەتەوە
2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان
ناوەندی هەواڵ
ساڵی 2024 لە جیهان و بەتایبەت ناوچەی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوی كتوپڕ و سەرنجڕاكێش ڕوویاندا، زۆرێك لەو ڕووداوانە پێشبینی
ئەوەیان لێدەکرێت گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا بهێنن.
لە گرنگترین ئەو
ڕووداوانە: دووبارە دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا لە مانگی تشرینی دووەم و هەروەها ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار
ئەسەد لە كانوونی یەكەم، هەروەها گەورەبوونی ئەو شەڕەی ساڵی 2023 لەنێوان ئیسرائیل
و حەماس سەریهەڵدا بۆ لوبنان و پاشانیش ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی ئێران و
ئیسرائیل.
بەشێكی دیكە لەو
ڕووداوانە، كوشتنی سەركردەی دیاری حزبوڵڵا حەسەن نەسروڵا و سەركردەی حەماس یەحیا سینوار
بوو كە ئاڕاستەی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی، هەروەها كەوتنە خوارەوەی
هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە باكوری وڵاتەكە و گیانلەدەستدانی
لەگەڵ چەند لێپرسراوێكی دیكەی وڵاتەكەی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانەوە، هاوکات پاش 43
مانگ ڕێگە بە دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە درا.
ساڵی 2024 جگە لە
ڕووداوە كتوپڕ و سەرنجڕاكێشەكان بە ساڵی هەڵبژاردنیش ناودەبرێت، زیاتر لە 50 هەڵبژاردن
لەوڵاتان بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەچوو، جگە لە چەندین كارەسات و ڕووداوی
سروشتی.
كانوونی یەكەم
ساڵی 2024 بە زەمین
لەرزەیەك لە ژاپۆن دەستیپێكرد، كە گوڕەكەی 7.4 پلەی ڕێختەربوو بەهۆیەوە زیاتر لە
200 كەس بوونە قوربانی.
لە 22 ی كانوونی
دووەم، بەهۆی شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین و لافاو لە ئەمەریكا زیاتر لە 80 كەس گیانیان
لەدەستدا، بەشێكی زۆری هۆكارەكانی گواستنەوەش لەو ماوەیەدا لەكاركەوتن.
لە 24 ی ئەو
مانگەدا، فڕۆكەیەكی سەربازی ڕووسی بە 65 بەندكراوی ئۆكرانییەوە كەوتەخوارەوە و
دواتر ڕوسیا ڕایگەیاند كە ئۆكرانیا فرۆكەكەی خستووەتە خوارەوە.
لە 30 ی كانوونی
دووەم، دادگای پاكستان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر عیمران خان سەرۆك وەزیرانی
پێشووتری وڵاتەكەدا سەپاند، تۆمەتباری كرد بە دزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی وڵات.
لە سێی ئەو مانگەدا
لەشاری كرمانی ئێران و لەكاتی چوارەم ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا
و زیاتر لە 80 كەس كوژران. وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشە سوپای پاسدارانی ئێران دوای چەند
ڕۆژێك و لە شەوی 15 ی ئەو مانگە ڕێگەی موشەكەوە هەریەك بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق
و سوریا و هەرێمی كوردستانی بۆردومان كرد بە پاساوی ئەوەی بنكەی ئیسرائیلی لەهەرێمی
کوردستانە، بەڵام موشەك بەرماڵی بازرگانێكی دیاری هەرێمی كوردستان كەوت و بەهۆیەوە
خۆی و كچەكەی و هاوڕێیەكی و دوو كارگوزاری گیانیان لەدەستدا و چەند كەسێكی دیكەش
برینداربوون.
مانگی شوبات
لە دووی شوبات ئەمەریكا
چەند هێرشێكی لە عێراق و سوریا بۆسەر بنكەی گروپەكانی بەرەی مقاوەمە ئەنجامدا وەك
وەڵامێك بۆ هێرشە موشەكیەكانی ئێران بۆسەر بنكە ئەمەریكییەكان.
لەحەوتی شووبات
هەڵبژاردنی سەرۆكاییەتی ئازەربایجان ئەنجامدرا، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆكی پێشوی ئازەربایجان
زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و بۆ حەوت ساڵی دیكە لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەدا مایەوە.
لە 15ی شووبات
دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس، سزای ساڵێك زیندانیكردنی بۆ نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی پێشووتری
فەرەنسا دەركرد، بە تۆمەتی سەرپێچیكردن لە خەرجییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی
وڵاتەكەی لە ساڵی2012. هەمان ڕۆژ لە ڕووداویێكی تەقەكردندا لە ئەمریكا 25 كەس بوونە
قوربانی.
لە 16 ی شوبات میدیاكانی
ڕوسیا هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێكسی ناڤالنی دیارترین كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەیان
بڵاوكردەوە، مردنەكەی كاردانەوە و گومانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە 25 ی شوبات فڕۆكەوانێكی
ئەمەریكی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن وەك ناڕەزایی لە شەڕی غەززە
ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
مانگی ئادار
لە 13 ی ئادار ئێران
150 موشەك و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل كرد وەك وەڵامێك بۆ بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئێران
لە دیمەشق.
15
ی ئادار هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ڕوسیا بەڕێوەچوو كە جارێكی دیكە ڤلادیمیر
پوتین بوەوە بە سەرۆك.
لە 17ـی نیسان ئیسرائیل
هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر ئەسفەهانی ئێران ئەنجامدا، دواتر چەند پێگەیەكی چەكدارە شیعەكان
لە عێراق و سوریا كرانەئامانج، ئەویش وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل.
لە 22ـی ئادار بەهۆی
تەقەكردنی هەڕەمەكی چەند چەكدارێك لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە مۆسكۆ، نزیكەی 150 كەس
كوژران و دواتر داعش لە ئەستۆیان گرت.
مانگی نیسان
لە 21ـی نیسان بەهۆی
ژێرئاو كەوتنی كەشتییەك لە ئەفریقای ناوەڕاست كە 300كەسی هەڵگرتبوو بەو هۆیەوە 58كەس گیانیان لە دەستدا.
لە 23ـی نیسان پەرلەمانی
بەریتانیا یاسای ناردنی پەنابەرانی بۆ ڕواندا پەسەند كرد، كە وا بڕیاردرا تا ساڵی
2026 پەنابەران ڕەوانەی ڕواندا بكرێت بەڵام بڕیارەكە ڕاگیرا.
مانگی ئایار
لە حەوتی ئایار
لە هێرشێكی چەكداریدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی چین 23 كەس بوونە قوربانیی.
لە 19ی ئایار لە
ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەیاندا هەریەك لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری
ئێران و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گیانیان
لەدەستدا.
لە 30ـی ئایار كۆمیسیاری
بازرگانی یەكێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ڕێككەوتن لەسەر سەپاندنی
باج لەسەر هاوردەی دانەوێڵەی ڕوسیا بۆ بازارەكانی وڵاتانی ئەوروپا.
مانگی حوزەیران
لە پێنجی حوزەیران
نارێندرا مودی بۆ سێیەم جار بە سەرۆك وەزیرانی هیندستان هەڵبژێردرایەوە.
لە هەشتی ئەو
مانگەدا ئیسرائیل كەمپێكی پەنابەرانی بۆردومان كرد و بەهۆیەوە 270 كەس كوژران و
700 كەسیش برینداربوون.
لە 10ـی حوزەیران
دوای ئەوەی ڕەوتی ڕاسترەوی توندرەوی فەرەنسا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا ئەنجامی
چاوەروان نەكراوی بەدەستهێنا و كەوتە پێش حزبەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا،
ئەمەش وایكرد ماكرۆن پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و داوابكات كۆتایی هەمان
مانگ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
لە 14 ی ئەو
مانگەدا بەهۆی گەرمای زۆرەوە كە گەیشتە 51 پلەی سەدی لە سعودیە سەدان حاجیی گیانیان
لەدەستدا، بەشێك لەمیدیاكان باسیان لەوەدەكرد كە زیاتر لە هەزار حاجیی گیانیان لەدەستداوە
كە بەشێكیان كوردبوون.
لە 14ـی حوزەیران
دۆناڵد ترەمپ كە ئەوكات كاندیدی كۆمارییەكان بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا
لە ویلایەتی پەنسێلڤانیا تەقەی لێكرا و گوللەیەك بەر گوێی ڕاستی كەوت، هاوكات دوو
كەس لە ڕووداوی تەقەكردنەكەدا كوژراون كە یەكێكیان تەقەكەرەكەبوو، كە دواتر، FBI بە هەوڵی تیرۆر ناویبرد.
لە 17ـی حوزەیران
لە ئەنجامی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناراوەكانی سنووری نێوان یۆنان و
ئیتاڵیا، كە 70 كەسی هەڵگرتبوو، دەیان كۆچبەر خنكان، كە لە نێویاندا چەندین هاوڵاتی
كوردی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبوون.
لە 25ـی حوزەیران،
جولیان ئەسانج دامەزرێنەری پێگەی ویكیلیكس، پاش ڕێككەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئازاد كرا، ئەوەش دوای ئەوە هات كە ماوەی پێنج ساڵ
بوو لە بەریتانیا زیندانیكرابوو.
مانگی تەمووز
لە پێنجی تەمووز
پارتی كرێكارانی بەریتانیا سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردن بە سەرۆكایەتی كیێر
ستارمەر بەدەستهێنا.
ڕۆژێك دواتر مەسعود
پزشكیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران توانی 54% ی دەنگەكان بهێنێت و ببێتە سەرۆك
كۆماری ئێران.
لە 19 ی تەمووز
وەستانی گشتیی لە كەرتی بانك و خزمەتگوزاری و فرۆكەوتنی و تەندروستی و گواستنەوە و
پەخشی ئاسمانیی لەچەندین وڵات لە ئاسیا و ئەمەریكا و ئەوروپا و ئوستورالیا ڕوویدا،
دواتر دەركەوت هەڵەیەك بووە لە ئەپدەیت كردنەوەی بەرنامەیەكی كۆمپانیای CrowdStrike .
لە 21 ی ئەو
مانگەدا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند كە خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەڵنابژێرێتەوە.
لە 21 و 22 ی هەمان
مانگ بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە ویلایەتێكەی باشوری ئەسیوپیا زیاتر لە 250 كەس گیانیان
لەدەستدا.
لە 29ـی تەمووز
لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ڤەنزوێلا نیكۆلاس مادۆرۆ توانی لە 51.2٪ـی ڕێژەی دەنگی
دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بەوەش توانی بۆ خولی سێیەم ببێتەوە بە سەرۆكی ئەو وڵاتە.
لە 30 ی تەموز
فوئاد شوكر یەكێك لە سەركردە دیارەكانی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بۆردومانێكدا
كوژرا.
ڕۆژێك دواتر ئیسماعیل
هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس كە بۆ ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی مەسعود
پزشكیان چوبووە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ڕێگەی درۆنەوە موشەكێك ئاراستەی شوێنی
مانەوەی كرا و كوژرا.
مانگی ئاب
لە پێنجی ئاب هەڵبژاردنی
پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، پارتی كرێكارانی ئەو وڵاتە سەركەوتنێكی گەورەی لە
هەڵبژاردنەكە بەدەستهێنا و كۆتایی بە 14 ساڵ حكومڕانی پارتی پارێزگاران هێنا.
هەمان ڕۆژ دوای
شكستی پارتەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕیتانیا، ڕیشی سوناك، دەستی لە پۆستی سەرۆك
وەزیرانی بەریتانیا كێشایەوە.
لە 23ی ئاب درۆنی
دەوڵەتی تورکیا هەردوو کچە ڕۆژنامەنوس گوڵستان تارا و هیرۆ بەهادینی لە ڕێگەی سەیدسادق
کردە ئامانج و تیرۆری کردن
لە30ـی ئاب وەزیری
دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، گۆڕانكاری ئاشكرا لە سیاسەتی وڵاتەكەمان بەرامبەر
پاكستان ڕوویداوە، وتیشی سەردەمی گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوام لەگەڵ پاكستان كۆتایی
هاتووە.
لە 31ـی ئاب
سكرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، بەزاندنی سنوور و چوونە قوڵایی خاكی ڕووسیا
لەلایەن سوپای ئۆكراینەوە یاسایی و ڕێگەپێدراوە.
لە 14 ی ئاب ڕێكخراوی
تەندروستی جیهانیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمونی لە ئەفریقا ڕاگەیاند.
مانگی ئەیلول
لە 17 ی ئەیلول
بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەكانی حزبوڵا نزیكەی 40 كەس كوژران و زیاتر لە سێ هەزار
كەسیش برینداربوون.
لە 26ـی ئەیلوول
لە ماوەی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمێكی هیندۆسەكاندا لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان لانیكەم 46 كەس
خنكان.
لە 20 ی ئەیلول
ئیسرائیل لە بۆردومانێكدا زیاتر لە 10 سەركردەی حزبوڵای لوبنانی كوشت.
لە 24 ی ئەیلول سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێكی ئاسمانیی
بۆسەر لوبنان دەستپێكرد. هەمان ڕۆژ لە بۆركینا فاسۆ چەند گروپێكی توندڕەو نزیكەی
400 كەسیان كوشت.
لە 27 ی ئەیلول
ئیسرائیل لە بۆردومانێكدا بۆسەر بەیروت حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حزبوڵا و چەند بەرپرسێكی
دیكەی ئەو حزبەی كوشت.
تشرینی یەكەم
لە یەكی تشرینی یەكەم
سوپای ئیسرائیل چووە لوبنانەوە.، هەمان ڕۆژ ئێران زیاتر لە 250 موشەك و درۆنی
ئاراستەی ئیسرائیل كرد.
سێی ئەو مانگە
هاشم سەفیەدین سەركردەی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرا.
لە 16 ی تشرینی یەكەم
یەحیا سنوار سەركردەی حەماس دوای شەڕ لەگەڵ هێزێكی ئیسرائیل لە غەززە كوژرا.
لە 20 ی تشرینی یەكەم
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكەمجار بوو لە دوای ساڵی
1992 و كۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە بكات.
لە 22ـی تشرینی یەكەمی
2024 دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە ڕایگەیاند "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت
با سەرۆكی تیرۆرستان (ئۆجەلان) بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی
توركیا كۆتایی بە تیرۆر بێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك
ڕێكبخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بكات و ئێمەیش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە
دەڕەخسێنن".
ڕۆژێك دوای
داواكارییەكەی باخچەلی لە ئۆجەلان، واتە لە 23 ی تشرینی یەکەم و دوای 43 مانگ ڕێگە
بە عومەر ئۆجەلان برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕها (ئورفا)ی
درا ئۆجەلان ببینێت و عومەر لە زاری مامیەوە ڕایگەیاند، "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت
توانای تیۆری و كردەییم هەیە ئەم پرۆسەیە لە پێكدادان و ئەنجامدانی توندوتیژییەوە
بگۆڕم بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی".
لە كۆتایی تشرینی
یەكەم دەسەڵاتدارانی توركیا چەندین سەرۆك شارەوانی كوردیان لە توركیا دوورخستەوە و
قەیومیان لە جێگە دانان.
مانگی تشرینی
دووەم
لە شەشی تشرینی
دووم دۆناڵد ترەمپ سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا ڕاگەیاند بۆ جاری دووەم
وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.
لە 29ـی تشرینی
دووەم بە مەبەستی پاراستنی سنوورەكانی عێراق و ڕێگریكردن لە كۆچی نایاسایی، وەزیری
ناوخۆی بەریتانیا ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان واژۆكرد و بڕیاردرا 300
هەزار پاوەند بۆ عێراق و بڕی200 هەزار پاوەندیش بداتە هەرێم.
لە 27 ی تشرینی
دووەم گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەسەركردایەتی دەستەی تەحریر شام هێرشیان بۆسەر
شاری حەلەب دەستپێكرد.
مانگی كانوونی یەكەم
شەشی كانوونی یەكەم
ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆنترۆڵكردنی شاری حمسی ڕاگەیاند.
هەشتی كانوونی یەكەم
ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند كە گەمارۆی دیمەشقی پایتەختیان داوە و دواتر بەشار ئەسەد
سەرۆكی سوریا پاش لە 24 ساڵ حوكمڕانی وڵاتی بەرەو ڕوسیا جێهێشت.
ڕۆژێک دوای ڕووخانی
ئەسەد هەڕەشەی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان
چڕ بووە و دەستیان بە هێرش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان
کرد، تەلڕەفعەت و ناوەندی مەنبجیان داگیرکرد، بەڵام 23 ی ئەم مانگە هێزە کوردییەکان
لە بەرگرییەوە ئاراستەی شەریان بۆ هێرشبردن گۆڕی و چەند گوندێکی دەوروبەری مەنبجیان
لەژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانە دەرهێنا.
|