زیندانی ئاکرێ و سەیدنایا
2024-12-16
158 جار خوێنراوەتەوە
زیندانی ئاكرێ میراتێك لە بەعسەوە بۆ پارتی
ناوەندی هەواڵ
هەموو چاوەكان لەسەر زیندانی سەیدنایان كە پاش ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد چیرۆكی
زیندانیان ئاشكرابوو، بەڵام ڕۆژێك چیرۆكی زیندانە زەردەكەی پارتی لە ئاكرێ ئاشكرا
دەبێت كە كەم كورد هەیە ناوی نەبیستبێت و بەشێكی زۆریش یادگاری تاڵیان هەیە لەگەڵی.
زیندانی ئاكرێ، ئەو میراتە تۆقێنەرەی بەعس كە بۆ پارتی ماوەتەوە، زیندانێك
كە ئێستا و ڕابردووش كوردی تێدا ئەشكەنجە دراوە، دوو دەسەڵات لە دووكاتی جیاواز، نەیارە
سیاسیەكانیان تێدا چەوساندووەتەوە.
ناوی (نوگرە سەلمان و ئەمنە سورەكە و دوبس و ئاكرێ) لە یادەوەری هەر تاكێكی
ئەم هەرێمەدا بە تاڵی ماونەتەوە، بەعس بەرگێكی ڕەش و تۆقێنەری بە بەبەردا كردبوون.
ئێستا
جگە لە ئاكرێ، ئەوانی دیكە بوونەتە مۆزەخانە، یادگاری و چیرۆكی تاڵی ئەو ڕۆژانەیان
تێدا نمایش دەكرێت، بەڵام هێشتا زیندانەكەی ئاكرێ ئەشكەنجەی لێ نەبڕاوە و بەردەوام
هاواری لێ بەرزدەبێتەوە.
بە دەگمەن چیرۆكی ئەو كەسانە ئاشكرا دەبێت كە لە زیندانی ئاكرێ بە دەستی
پارتی ئەشكەنجە دراون، ئازادبوون لە بەرامبەر پاراستنی نهێنی زانیارییەكانی زیندان،
ئەو مەرجەی كە پەیوەست دەكرێت بۆ ژیانی داهاتووی هەر یەكێكەوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێی
تێكەوتبێت.
لە ئیجەوە بۆ ئاكرێ، چیرۆكی مەرگ و ژیانی گەنجێكە بەناوی چیا هاوار كە پاش
22 ساڵ بەهۆی شەڕی ماڵوێرانكەری براكوژییەوە، لە سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی
باشوور وەڕس دەبێت و ڕێگای پڕ مەترسی هەندەران دەگرێتە بەر، خۆی دەداتە دەست شەپۆلە
مەرگ بارەكانی دەریای ئیجە، بەخت یاوەری نابێت بگاتە جێی مەبەست، لەو دەسەڵاتەی لێی
ڕاكرد، كەوتەوە باوەشی.
ئەو بەلەمەی چیا پێی دەپەڕێتەوە بۆ ناو خاكی یۆنان، نوقم دەبێت و 28 هاوڕێی
بەبەرچاوی خۆیەوە دەخنكێن و خۆی ڕزگاری دەبێت، دوای نۆ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەكانی
توركیا، وڵاتی توركیا دیپۆرتی كوردستانی دەكاتەوە، هەر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە
لە لایەن دەسەڵاتدارانی پارتییەوە دەستگیر دەكرێت و دەخرێتە ناو سوچێكی زیندانەكەی
ئاكرێ وە.
كاتێك دەگەیتە ناو شارۆچكەی ئاكرێ، بینایەكی گەورە كە هێشتا بە تازەیی ماوەتەوە،
سەرنجت ڕادەكێشێت، دەڕوانێت بەسەر چیای ئاكرێدا، دەكەوێتە دەستی ڕاستەوە، زیندانی
ئاكرێیە، هێشتا بە زیندوویی و وەك سەربازگەیەكی گەورەی پارتی ماوەتەوە، پاش ئەوەی
لە دوای ڕاپەڕینەوە چۆڵ دەكرێت، هێزی پارتی دەستی بەسەردا دەگرن و تا ئێستاش وەك سەربازگە
كەڵكی لێوەردەگرن.
ناوەڕاستی زیندانەكە مەیدانێكی گەورەی تێدایە و لە حەوت هۆڵ پێكدێت كە هەموو
هۆڵەكان لە یەكترەوە دیارن، بە وتەی چیا هاوار، هەریەك لەو هۆڵانە بۆ 30 كەس
دروستكراون، بەڵام 230 كەسیان تێكراوە، لە دۆخی ئاساییشدا بە بەردەوامی 50 بۆ 120
كەسیان تێدا بووە.
چیا دەڵێت "لەسەر سنور، بەهۆی جیاوازی بیری سیاسی خانەوادەكەم، لەلایەن
پارتییەوە دەستگیر كرام ڕەوانەی زیندانی دهۆك كرام، لەوێشەوە بۆ زیندانی هەولێر و
دواتر بۆ زیندانی دەزگای پاراستن لە مەسیف، دواجار ڕەوانەی زیندانی ئاكرێ كرام و
ماوەی ساڵێك و هەشت ڕۆژ لەو زیندانەدا مامەوە".
"لە زیندانەكانی بەعس ڕەشتربوو"
چیا لەبارەی زیندانەكەوە دەڵێت "ئاكرێ یەكێكە لە ڕەشترین زیندانەكان،
ئەوانەی پێشتر(ئەبوغرێب، ئەمنی عامە، هەیئە خاسە و ئەمنی شیمال)یان بینیبوو، پێیان
وابوو زیندانی ئاكرێ ڕەشتر و پڕ ئەشكەنجەتر بوو لەوان، یەكێك لە ئەشكەنجە خراپەكان
ئەوە بوو هەر زیندانییەك 20سم جێگای هەبوو، لە كاتی خەوتنیشدا دەبوو بەناو یەكدا
بخەوین".
"دادگامان نەبینی"
چیا لەبارەی زیندانەكەوە بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی چیرۆكەكەی و دەڵێت
" زیندانەكە لەلایەن ستافێكی تایبەتی پارتییەوە سەرپەرشتی دەكرا، بەرپرسی زیندانەكە
ئەفسەرێكی پلەدار بوو كە خەڵكی ناوچەكە بوو بە ناوی “محەمەد ئەمین” لەو ماوەیەدا بە
هیچ شێوەیەك دادگامان نەبینی نەك هەر من هەموو زیندانییەكانیش، تەنها ئەشكەنجە دەدراین".
"ئەو چیرۆكەم قەت لە یاد ناچێت"
چیا هیچ ساتێكی زیندانی لە یاد ناچێت، چونكە سەختترین قۆناغی ژیانی بووە، یەكێك
لەو چیرۆكانەی هەرگیز لە یادی ناچێت، ئەوە بووە كە سەرپەرشتیارانی زیندان وەك سزایەك
لەو تەنگەبەری و پیسییەی ناو زینداندا، نوێژكردنیان بەسەر زیندانییەكاندا دەسەپاند.
“پیاوێكی بەساڵاچوومان لابوو دووجار حەجی
كردبوو، بڕوای وابوو بە پەرداخێك ئاو دەستنوێژ ناگیرێت بۆیە وەك هەڵوێستێك بڕیاریدا
نوێژ نەكات، سەرپەرشتیارانی زیندان لەسەر ئەوە بە شێوازێكی دڕندانە ئەشكەنجەیان
كرد، دواتر وتیان هەر دەبێت نوێژ بكەیت و ئەشكەنجەكاران بە دیاریەوە وەستان بۆ ئەوەی
نوێژ بكات، ئەویش كە دەستیكرد بە نوێژ بەدەنگی بەرز وتی "نییەتم بێت سێ ڕكات
نوێژ دەكەم بۆ ئەو پاسەوانانە"، لەسەر ئەمە پاسەوانەكان لەسەر بەرماڵەكە بردیان
و تا درەنگانی شەو ئەشكەنجەیان كرد ئەوەبوو ئەو شەوە گیانی سپارد".
“زیندانییەكیان خستەناو سەتڵی زبڵەوە و بەبێهۆشی
دەریان هێنایەوە”
چیا چیرۆكێكی دیكەی گێڕایەوە كە هەرگیز لە یادی ناچێت و وتی:”دوو هۆڵی بەرامبەرامان
تایبەتكرابوو بە گیراوانی سەر بە پەكەكە، بەیانیانێك یەكێك لەو گیراوانەیان هێنایە
دەرەوە و تا نیوەڕۆ لێیاندا و ئەشكەنجەیان كرد، داوایان لێدەكردن بە ڕێبەر ئۆجالان
بڵێت تیرۆریستە، ئەویش لە ‘ڕێبەر ئاپۆ كەمتری نەدەوت، دواتر سەتڵێكی زبڵیان هێنا
كە پڕبوو لە پاشماوە و زبڵ، چەند جارێك پێیان بەتاڵ كردەوە و پێیان پڕدەكردەوە
دواجار خۆیان خستە ناو سەتڵەكەوە و لەسەریان داخست، چەند كاتژمێرێك تێیدا مایەوە
دواتر بەبێ هۆشی دەریانهێنا".
"ئەشكەنجەكاران چێژیان لە ئەشكەنجەدانمان
دەبینی"
بەوتەی چیا، هەموو زیندانییەك ئەشكەنجە دەكرا، “زەبر و زەنگی ئەوێ كەم وێنەبوو،
بە جۆرێك لە یەكەم هەنگاوتەوە بۆ ناو ئەو زیندانە تا دەرچوونت ئەشكەنجە دەكرایت،
كاتێك ئێمەیان برد بۆ زیندانەكە، هەر لەپێش دەرگاكەوە 35 ئاسایش بە لێدان تا ژورەوە
بردیانم، سەرپەرشتیارانی زیندانەكە چێژیان وەردەگرت لە ئەشكەنجە دانمان".
لە بارەی جۆری ئەشكەنجەكانەوە دەڵێت "جگە لە ئەشكەنجە جەستەییەكان زۆرجار
ئەشكەنجەی دەرونیش كراون كە ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ڕوویان كردوونەتە دیوارەكە
و ڕێگایان نەداوە سەر بجوڵێنن، هەروەها ئەو خواردنەی پێیان دراوە بۆ مرۆڤ نەگونجاو
بووە، "ئەگەر ڕۆژێك خواردنێك باش هەبوایە نەوتیان تێدەكرد".
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا، لە تەواوی جیهاندا تاوانە قێزەونەكانی ڕژێمی
بەعسی سووری لە زیندانی سەیدنایا بووە ڕۆژەڤ، كە چۆن ئازار و ئەشكەنجەی نامرۆڤانەی
زیندانییەكانیان داوە، زیندانی ئاكرێش لە باشوور لە زاری گیراوانەوە تاوانەكانی
ناو سەیدنایایای شاردووەتەوە.
باشووری كوردستان و زیندانە مەترسیدارەكان
كورد وەك نەتەوە هەمیشە لە لایەن وڵاتانەی سەردەستەی داگیركردنی كوردستانەوە
زیندانی تایبەتیان بۆ درووستكراوە بۆ ئەوەی پیلانی توانەوە و سڕینەوەی جێبەجێبكەن،
نموونەكانی ئەبوغرێب، ئەوین، دیاربەكر و سەیدنایا بووە كە زۆرترین تاوانی بەرامبەر
كوردان تێدا ئەنجامدراوە و بووەتە چاڵی مەرگی كوردان، بەڵام هیچكات گەلی كورد ئەوەی
بەخەیاڵدا نەهات لە هەرێمێكی ئازادكراودا، لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشوورەوە هاوشێوەی
زیندانە قێزەونەكانی جیهان هەبێت.
زیندانی ئاكرێش یەكێكە لەو زیندانانەی لە باشووری كوردستان و لەژێر دەسەڵاتی
پاراستن و بنەماڵەی بارزانیدا قێزەونترین ئەشكەنجەی نامرۆڤانەی بەرامبەر زیندانییان
تێدا جێبەجێدەكرێت، وەك شایەتحاڵەكانیش باسی دەكەن بەبێ دادگاییكردن زیندانییەكان
سزادەدرێن و بە پێی مەزاجی شەخشی بنەماڵە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدەكرێت.
"چاڵی مەرگ"
لەم ساتەدا كە چیرۆكە قێزەونەكانی زیندانی سەیدنایا بووەتە ڕۆژەڤی باشووری
كوردستان و جیهان، كاتیەتی بەراورد كاری بكرێت لە نێوان ئەو زیندانە و زیندانی
ئاكرێدا، تا گەلی كورد و جیهانیش بزانێت كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەناوی دیموكراتییەتەوە
چۆن خۆڵ دەكەنە چاوی جیهان، لە بەرامبەر نەیارەكانیشیاندا لە زیندان چۆن هەڵسوكەوت
دەكەن.
زانا مەهاباد كە بۆ خۆی ماوەی پێنج ساڵ لەو زیندانەدا ماوەتەوە و پەرتووكێكیشی
بەناوی “زیندانی ئاكرێ”ـەوە نووسیوە بە ڕۆژ نیوزی وتووە " هەرچەندە ڕژێمی بەعسی
سوریا لە باوكەوە بۆ كوڕ مابووەوە، بەڵام بەوشێوەیە ڕەوایەتی بە خۆی دەدا كە لە وڵاتەكەدا
هەڵبژاردن هەیە و وڵاتێكی كۆمارییە، ڕژێمی بارزانیش بە هەمان شێوەیە لە باوكەوە بۆ
كوڕە، ڕەوایەتی دەسەڵاتەكەشیان هەڵبژاردنێكی دیزاینكراوە، ئەم هاوشێوە بوونە بۆخۆی
بەسە و زیادیشە كە مامەڵەكردنی زیندانشیان لەیەك جیاواز تر نەبێت".
دەشڵێت: "كاتێك كە ئەو دیمەنە وەحشەیگەرانەی زیندانی سەیدنایام بینی، یەكسەر
زیندانی ئاكرێم هاتەوە بیر، دوای ئەوەی كە لێپرسینەوە ئەشكەنجەییەكەی پاراستن لە مەسیفی
سەڵاحەدین تەواو بوو، زیندانییەكان (گەریلای برینداری دیل، لایەنگرانی پەكەكە، پێشمەرگەی
یەكێتی و لایەنگرانی، كەسانی خاوەن دۆسییەی جیاواز) بە كۆمەڵ و بە چەند كۆستەرێك
بار كراین و بەرەوزیندانی ئاكرێ بە ڕێیان كردین، دوای ئەوەی كە كۆستەرەكان لە دەرگای
حەدیقەكەی پشت زیندانەكەوە دەچوونە ژوورەوە، چەكدارانی پارتی لە ئامادەباشیدا
بوون، كە بە سۆندە، كێبڵ، ئاسن و دارەوە بە كوتان و ئەشكەنجە پێشوازییەكی بێ وێنە
بكەن".
یەكێكیتر لە شایەتحاڵەكانی ناو زیندانی ئاكرێ گەنجێكی وڵاتپارێزی باكووری
كوردستانە كە ناوی “كانیی میران”ـە و ماوەی پێنج ساڵ و نۆ مانگ لەژێر زووڵم و دڕندانەی
زیندانی ئاكرێدا بەسەربردووە دەڵێت:" زیندانی ئاكرێ تاریكترین زیندان بوو سەرپەرشتیارانیشی
دوژمنكارانە مامەڵەیان دەكرد، هەمیشە هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكردین كە ڕادەستی توركیامان
دەكەن، لەوەش سەیرتر لەناو زیندانەكەدا چەند جارێك میت و سیخوڕی تورك بانگیان دەكردین
و لێكۆڵینەوەیان لێ دەكردین، ئێمە داوامان كرد، بۆچی نامان گوازنەوە بۆ توركیا و
دادگاییمان بكەن تا لەم چاڵە تاریكە ڕزگارببین، یەكێك لە توركەكان وتی ” ئەو زەبر
و ئەشكەنجە دژوارەی لێرە دەیبینن لە توركیاش نییە بۆیە لێرە دەتانهێڵینەوە".
كانی میران درێژە بە گێرانەوەی زەبروزەنگی زیندانی ئاكرێ دەدات و دەڵێت:"
دەستدرێژیی سێكسییان دەكردە سەر زیندانییەكان و كەسوكارەكانیان، بۆ شكاندنی ئیرادەیان،
ڕۆژانە هەڵیان دەواسین و كارەبایان لێدەداین، بە داركاریی و قامچی گیانم شەقار شەقار
بووبوو".
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ڕاستە دیكتاتۆرەكان جیاوازن، بەڵام لە بەرامبەر گەلی
خۆیان وەك گورگی برسین و بەرامبەر دوژمنان و داگیركەرانیش كیسەڵ ئاسان، ئەمەش جیالەوەی
كە پارتی لە نێوان ساڵانی 1963- 1975ـدا سێ زیندانی ناوداری وەك رایات، خەلان و
ماوەتی هەبووە، كە بە سەدان لاوی شۆڕشگێڕی كوردی لەم زیندانانەدا بەند كردووە و لەژێر
باری ئەشكەنجەدا كوشتوونی بۆیە ئەمە میراسی عەقڵییەتی دیكتاتۆریی و خۆسەپێنی بنەماڵەی
بارزانییە كە تا ئێستاش بەردەوامە.
|