پوتین و پزیشکیان
2025-01-20
88 جار خوێنراوەتەوە
ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه چییه؟
ناوەندی هەواڵ
كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى ساڵى 2024 له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕوویدا و به‌شێكى زۆرى باڵه‌كانى ئێران به سوریاشه‌وه له ناوچه‌كه ڕوخێنران، ڕوویكردووه‌ته ڕوسیا و ڕێككه‌وتنێكى گشتگیرى له‌گه‌ڵ ڕوسیا واژۆكرد، هاوشێوه‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى ڕوسیا و كۆریاى باكور واژۆیان كرد.
ڕۆژى 17-1-2025 مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆك كۆمارى ئێران و ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكى ڕوسیا ڕێككه‌وتنى هاوبه‌شیی ستراتیژییان واژۆكرد، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر دۆسیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش كۆك ده‌بن.
به‌رپرسانى هه‌ردوو وڵات چۆن باسى ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ن؟
پوتین له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ پزیشكیان ڕایگه‌یاند: ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران داهێنانێكى ڕاسته‌قینه‌یه و بازدانێكى جۆرییه له په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان. وتیشى ئه‌وه‌ى گرنگه به‌لاى دوو وڵاته‌كه‌وه به‌ده‌ستهێنانى ئاشتییه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
سه‌رۆكى روسیا ڕونیكرده‌وه كه گفتوگۆیان له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانى غازى ڕوسیا بۆ ئێران كردووه و مۆسكۆ ده‌یه‌وێت یه‌كه‌ى نوێ بۆ به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران دروست بكات.
پوتین وتى:"پرۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌مان له‌بوارى وزه‌ى ئه‌تۆمیی ئێران به‌ده‌سته‌وه‌یه".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه سه‌رۆك كۆمارى ئێران جه‌ختیكرده‌وه گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕوسیا به خێراییه‌كى زۆر به‌ره‌وپێش ده‌چێت، ڕێككه‌وتنى هاوبه‌شى ستراتیژیش وه‌رزێكى نوێ ده‌بێت له هاوكارى نێوان هه‌ردوو گه‌لى ئێرانى و ڕوسى.
پزیشكیان وتى "ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕوسیا به‌رزده‌كه‌ینه‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و توندوتیژى".
به‌پێى هه‌واڵى میدیاكانى جیهان، كه پشتى به بڵاوكراوه‌یه‌كى باڵیۆزخانه‌ى ئێران له مۆسكۆ به‌ستووه، ڕێككه‌وتنى هاوبه‌شیی ستراتیژى خۆى له هاوكارى ئابورى و بازرگانى له بواره‌كانى ژینگه و بواره‌كانى په‌یوه‌ست به به‌رگریی و ئاسایش ده‌گرێته‌وه.
عه‌باس عێراقچى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران پێشتر له‌باره‌ى رێككه‌وتنه‌كه ڕایگه‌یاندووه:"هه‌نگاوێكه به‌ره‌و جیهانێكى زیاتر دادپه‌روه‌ر و هاوسه‌نگ، ئێران و ڕوسیا دركیان به‌وه‌كردووه كه به‌رپرسیارێتى مێژووییان هه‌یه، بۆیه ده‌بێت سیسته‌مێكى نوێ بنیات بنێین.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڕوسیا ڕایگه‌یاند:"ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ گه‌شه‌پێدانى تواناكانى نێوان هه‌ردوو وڵاته، جگه له‌وه‌ش له‌پێناو گره‌نتیكردنى تواناى به‌رگریی هه‌ردوو وڵاته".
ورده‌كارى ڕێككه‌وتنه‌كه
ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان ڕوسیا و ئێران بۆ ماوه‌ى 20 ساڵه و به‌رگریی هاوبه‌ش و ڕوبهڕووبوونهوهى دوژمنه‌كانیان له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئاماده‌كارى ئێران و ڕوسیا تا جه‌مسه‌رێك دژ به وڵاتانى ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا بگرنه‌به‌ر، له‌كاتێكدا ئیسرائیل باڵه‌كانى ئێرانى له‌ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تێكشكاندووه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ سیاسه‌تى فشارى توند به‌رامبه‌ر ئێران بگرێته‌به‌ر، ته‌نانه‌ت ڕاپۆرتى به‌شێك له‌میدیا جیهانییه‌كان باس لهوهدهكهن كه ئه‌مریكا نیازى ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌گه‌ر ئێران له‌به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ملنه‌دات، ڕاسته‌وخۆ هێرشبكرێته‌سه‌ر توانا ئهتۆمییهكانى، ئه‌مه‌ش خواستى له‌مێژینه‌ى ئیسرائیله و پێشبینى ده‌كرێت له‌به‌هارى ئه‌مساڵ ئه‌و هه‌نگاوه بگیرێته‌به‌ر ئه‌گه‌ر ئێران بهخواستهكانى ئه‌مریكا و وڵاتانى ڕ‌ازى نه‌بێت.
هۆكارى دواكه‌وتنى ڕێككه‌وتنه‌كه
كۆشكی كرملین (سەرۆكایەتی ڕوسیا) پێشتر له‌باره‌ى هۆكارى دواكه‌وتنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ ساڵە كار بۆ ئامادەكردنی دەكەن، دواكەوتنیشی بەهۆی ئەو هەوراز و نشێوانە بووە كە دروستبووە، سەركەوتنی داڕشتنی كۆتایی ڕێككەوتنەكەش پەیووەندی نێوان هەردوو وڵات بۆ دەیەیەی داهاتوو ڕێكدەخات.
مۆسكۆ و تاران لە ساڵی 2022 ەوە دەیانەوێت كارە هاوبەشەكانیان بەپێی پەیماننامەیەك ڕێكبخەنەوە، كە ببێتە جێگرەوەی ڕێككەوتنی نێوان دوو وڵات لە ساڵی 2001، چاودێرانی ڕوسیا و ئێرانیش پێیان وایە پێویستە گۆڕانكاری لە رێككەوتنەكانی پێشوو بكرێت و تازە بكرێنەوە، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی لە جیهان ڕوویانداوە.
گومانى ئێرانى و ڕوسه‌كان له‌یه‌كتر
دواكەوتنی نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی نێوان مۆسكۆ و تاران، بەڕای چاودێرانی سیاسی بەهۆی ترسی هەردوولایەن بووە، چونكە ئێران ویستوویەتی ڕێككەوتنێك بكات كە نەبێتە رێگر لەئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، پسپۆڕانی ڕوسیاش پێیان وابووە ناكرێت متمانەی تەواو بە هاوپەیمانێك بكرێت كە چاوی لەوەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوا ئاسایی بكاتەوە لەكاتێكدا پەیوەندیشی لەگەڵ ڕوسیا پتەوبێت.
لەبەرامبەردا ئێرانییەكان گومانیان لە ڕوسیا هەبووە كە بەرژەوەندییەكانی ئێران گرەنتی بكات، لەكاتێكدا مۆسكۆ باڵانسی لە پەیوەندیەكانیدا لەگەڵ لایەنی جیاواز پاراستووە لەوانەش ئیسرائیل.
قۆناغەكە ڕێككەوتنەكەی خێراكرد
بەڵام ئەو دۆخە قورسەی جیهان و هەردوو وڵاتی گرتووەتەوە، پێویستی بەوەیە هەردوولا هەندێك ناكۆكی وەلابنێن، ئەویش دوای چەندین گفتوگۆی نهێنی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات لە مۆسكۆ و تاران.
بۆچى ڕێككه‌وتنه‌كه خێراكرا
بەشێك لە چاودێرانی ڕوسیا پێیان وابوو پوتین ڕێككەوتنەكە بۆ دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دوادەخات، بەڵام سەریان سوڕما كاتێك هەواڵی سەردانی پزشكیان بۆ مۆسكۆ لە 17 ی ئەم مانگە بڵاوبوەوە، بۆیە پسپۆڕان پەیوەستیان كردەوە بەو گۆڕانكاریانەی لە سوریا و لوبنان ڕوویاندا و بووەهۆی پاشەكشەی هەژموونی هەرێمیی ئێران و زیانگەیاندن بە پێگەی ڕوسیا لە ناوچەكە.
ڕوسیا و ئێران دەیانەوێت لە شەڕی ئۆكرانیا و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران هاوكاری یەكتر بكەن، دواتریش لەلایەنی هەرێمیی و جیهانی لە پرسە سەرەكییەكان پێكەوە بن، هاوشێوەی ئەوەی ڕوسیا لەگەڵ كۆریای باكور كردی كە بواری سەربازیشی گرتەوە.
گرنگیی ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ ئێران
ئەو ڕێككەوتنە بۆ ئێران گرنگی تایبەتی هەیە، چونكە چاوەڕوان دەكرێت لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشەكانی ترەمپ دۆخی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەناوچەكە ئاڵۆزتر ببێت چونكە پێشبینی دەكرێت ڕێككەوتنەكە بواری سەربازییش بگرێتەوە، بەڵام تائێستا ئەوە ڕانەگەیەندراوە چونكە وا مەزەندە دەكرێت ڕێككەوتنەكە 47 خاڵ بێت.
سەردانی نهێنی و ئه‌و زانیارییانه‌ى دزه‌یان كردووه
چەند زانیارییەك لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی بۆ میدیای دەرەوە دزەیكردووە، كە باس لەوەدەكات لە چەند هەفتەی ڕابردوودا عەلی لاریجانی ڕاوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەردانی مۆسكۆی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕوسیا كۆبووەتەوە.
وەك میدیای ڕۆژئاوا باسی دەكات، ئامانجی سەردانەكە ئەوەبووە لەبواری سەربازیدا هەردوو وڵات پەیوەندییەكانیان توندوتۆڵ بكەن، ڕوسیاش لەبواری ئەتۆمییدا هاوكاری زیاتری ئێران بكات.
هەر میدیاكانی ڕۆژئاوا بانگەشەی ئەوەش دەكەن، كە سەردانەكانی بەرپرسانی ئێران بۆ هاوكاریكردنی بنیاتنانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێران لەجۆری ئێس 300 ی ڕوسی بووە كە لەدواین بۆردوماندا ئیسرائیل زیانی پێگەیاندووە، هەروەها پێدانی فرۆكەی سۆخۆی 35 ی ڕوسی بە ئێران و پڕچەككردنەوەی حزبوڵڵا، لەبەرامبەردا پێدانی فرۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بە مۆسكۆ تا لە شەڕی ئۆكراینا بەكاری بهێنێت.
|