4 کاتژمێر پێش ئێستا
133 جار خوێنراوەتەوە
ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات
ناوەندی هەواڵ
وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دوای سێ كاتژمێر كۆبوونەوە لەگەڵیدا، پەیامێكی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەیان راگەیاند، ئۆجەلان دەڵێت قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئاشتی كە جەوهەرەكەی دانانی چەكی پەكەكە بوو كۆتایی هاتووە، دەشڵێت ئێستا قۆناغی "یەكگرتنەوەی دیموكراسی" دەستیپێكردووە.
میدحەت سانجار، ئەندامی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی دوای دیدارەكەی رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ میدیاكان ئاشكرا كرد.

كۆبوونەوەی دەستپێكردنی یەكگرتنەوە
سانجار وتی: ئۆجەلان ئەم دیدارەی بە "كۆبوونەوەی دەستپێكردنی یەكگرتنەوە" ناوبردووە.
بەوتەی میدحەت سانجار، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ 16 مانگی رابردووی پرۆسەكە كردووە و وتوویەتی: "قۆناغی یەكەم كۆتایی هاتووە، كە تایبەت بوو بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوەیی و تێكۆشانی چەكداری. جەوهەری ئەم قۆناغە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و دانانی چەك بوو، ئەمەش بڕیارێكی ستراتیژییە بۆ من".
سانجار ئاماژەی بەوەش كردووە "ئێستا چووینەتە قۆناخی دووەم، كە تێیدا جەخت لەسەر "رەهەندی یەكگرتنەوە" دەكرێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رێگەیانە دەكرێت كە پێویستە لەمەودوا بگیرێنەبەر.
بیروڕای ئۆجەلان لەبارەی رێككەوتنی دیمەشق و هەسەدە
سەبارەت بە پرسی كورد لە سوریا سانجار رایگەیاند " ئۆجەلان رێككەوتنی 10ـی ئاداری لە سوریا بە چوارچێوەی سەرەكیی دانوستانەكان زانیوە."
وتیشی "لەنێو ئەم ئەكتەرانەدا سەرۆك مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رۆڵیان هەبووە، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان ئەكتەری سەرەكی بوو كە توانی دۆخەكە لە لێواری هەڵدێرەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بگێڕێتەوە".
كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی باسیان لە گرنگیی بەشداریی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كرد. سانجار وتی: ئامادەبوونی كورد وەك ئەكتەرێكی هاوبەش لەگەڵ وەفدی سوریا لەو كۆنفرانسەدا، نیشانەی ئەوەیە كە كورد پێگەی خۆی لە داهاتووی سوریادا جێگیر دەكات.
میدحەت سانجار ئاماژەی بەوەش كردووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای 110 ساڵ لە سایكس-پیكۆ سەرلەنوێ دروست دەكرێتەوە و رایگەیاندووە:"ئەو وێنەیەی لە میونشن دەركەوت، بۆ كردنەوەی رێگەیەك بوو كە تێیدا دان بە ماف و پێگەی كورددا بنرێت.وتارەكەی ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسەكەدا نیشانەی زۆر روونی تێدایە كە واشنتن چۆن سەیری داهاتووی ناوچەكە دەكات."
" دەركەوتنی كورد وەك ئەكتەرێكی دیپلۆماسیی كاریگەر لە جیهاندا، بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی هەر سیستەمێكی نوێ كە كورد تێیدا پشتگوێ بخرێت، گرنگییەكی ژیانی و مێژوویی هەیە". سانجار وای وت.

توركیا چاوی لە راپۆرتی كۆتایی و پەكەكەش چاوی لەسەر ئازادی ئۆجەلانە
پەیامەكەی ئۆجەلان لەكاتێكدایە، پەكەكە چەند هەنگاوێكی بۆ پرۆسەی ئاشتی ناوە، پرۆسەی چەك سوتاندنی ئەنجامدا و لە كۆنگرەیەكدا خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام توركیا هەنگاوێكی جددی نەناوە و چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی لیژنە پەرلەمانیەكەیە، پەكەكە و كوردیش چاویان لە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبەیە كە زیاتر لە 26 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی دەستبەسەرە.
هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی توركیا
بەوتەی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆكی توركیا، لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی، ئەو لیژنەیەی پەرلەمان پێكیهێناوە تا چوارچێوەیەكی یاسایی بدات بە پرۆسەكە، بەمزووانە راپۆرتی كۆتایی رادەگەیەنێت، كە لەسەر بنەمای راپۆرتی حزبەكان بنیاتنراوە.جێگری سەرۆكی توركیا دەڵێت "پێویستە تەئكید بنەوە لە واقیعدا بەرەوپێشچوون هەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی، لەگەڵ چاودێریكردنی بە ئامڕازێكی دیاریكراو".یەڵماز بەرپرسیارێتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەكەش دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان و دەڵێت "دەكەوێتە سەرشانی پەرلەمان كە پرۆسەكە بگۆڕێت بۆ واقیعێكی دانپێدانراو لەرێگەی یاساوە".
خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەكە
لەبارەی ئەو دیدارەی چوارشەممەی رابردوو لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی روویدا، یەڵماز دەڵێت "ئەردۆغان هەر لە سەرەتاوە چاودێری پرۆسەكە دەكات، چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەفدەكە ئەنجامداوە، دەشكرێت دیدارەكەی چوارشەممە وەك ئاماژەیەكی باش بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەكە ببینین".
ئەفكان ئالا، جێگری سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدان، كە بەشداربووە لە دیداری ئەردۆغان و وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی كە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاریش لە وەفدی ئیمراڵی ئامادەبوون تێیدا، باس لەوەدەكات "پرۆسەكە بەرێگایەكی راستدا دەڕوات، بە هەنگاوی متمانەپێكراوە و بەبێ هیچ دوودڵییەك".
ئالا دەشڵێت "هەندێك درەنگ كەوتن پێشتر روویدا، بەڵام هیچ دوودڵییەك لە پرۆسەكەدا نییە، لیژنە پەرلەمانیەكە كاری خۆی ئەنجامدا، ئێستاش خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایین".جێگری سەرۆكی ئاكپارتی، هیوای خۆشی پیشان دەدات لەوەی چەند رۆژی داهاتوو راپۆرتەكە "بەبێ هیچ ئاستەنگییەك تەواو دەبێت".
راپۆرتە پەرلەمانیەكە
لە توركیا چاوەكان لەسەر راپۆرتی كۆتایی لیژنە پەرلەمانیەكەن كە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێكهێنراوە، بەتایبەت چاوی كورد، بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام پێویستە لە لیژنە پەرلەمانیەكەش دەنگی زۆرینەی 51 ئەندامەكە بهێنێت تا بخرێتە بەردەم پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدات.
راپۆرتەكە چی تێدایە؟
بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی پەرلەمانیی، راپۆرتەكە چەند پێشنیازێك لەخۆدەگرێت سەبارەت بە هەمواری چەند یاسایەك، لەوانەش یاسای بەرەنگاربونەوەی "تیرۆر" و رێوشوێنە تاوانكارییەكان و جێبەجێكردنی رێوشوێنە ئەمنییەكان، بە ئامانجی هاندانی ئەندامانی پەكەكە بۆ چەكدانان و گەڕانەوە بۆ توركیا و باكوری كوردستان و "تێكەڵبوون بە كۆمەڵگە".
هەر بەپێی پێشنیازی هەمواركردنی یاساكان، ئاسانكاری دەكرێت بۆ ئازادكردنی نزیكەی 4200 زیندانیی، جگە لە چاوخشاندنەوە بە "قەیووم" كە بەسەر چەندین شارەوانیدا سەپێندراون كە زۆربەیان كوردین و سەرۆكە لەسەر كارلادراوەكانیان بە هەڵبژاردن دیاریكراون.
باسی ئازادكردنی ئۆجەلان ناكات
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە پەرلەمانیەكانەوە دەست میدیاكانی توركیا كەوتوون، راپۆرتەكە هیچ پێشنیازێكی بۆ مافی هیوا تێدا نییە كە عەبدوڵا ئۆجەلان دەگرێتەوە، لەكاتێكدا 27 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە و ئەو مافە بەپێی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوری توركیاش دەیگرێتەوە.
تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی" لەوبارەیەوە رایگەیاند:"پێویستە مافی هیوا لە راپۆرتی لیژنە پەرلەمانیەكەدا جێی بكرێتەوە".وتیشی:"مانەوەی ئۆجەلان لەم دۆخەدا لەگەڵ پرۆسەكە یەكناگرێتەوە".
سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵیش پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی توركیا و ئاكپارتی، باكرهان وتی:"تائێستا هیچ شتێكی باوەڕپێكراو لە كۆبوونەوەكان دەرنەكەوتووە، هیوادارین هەنگاوی ئەرێنی بنرێن".
لەكاتێكدا نەتەوەییەكانی توركیا داوا دەكەن مافی هیوا عەبدوڵا ئۆجەلان نەگرێتەوە، بەڵام لە ساڵیادی دەستگیركردنەكەیدا خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ ئۆجەلان بەڕێوەچوو.
دەستگیركردنی ئۆجەلان
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكەكە، لە 15 ی شوباتی 1999 لەلایەن هەواڵگری توركیاوە لە كینیا دەستگیركرا، دوای ئەوەی رووی كردە چەند وڵاتێك و پەنایان نەدا، سەركردایەتی پەكەكەش دەستگیركردنی وەك پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی لێكدەدەنەوە.
پەكەكە ئازادكردنی ئۆجەلان دەبەستێتەوە بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتییەوە
یەكێك لە بەرپرسانی پەكەكە بەناوی "هێلین ئیرین" قسەی بۆ ئاژانسی راگەیاندنی فەڕەنسا" كردووە و دەڵێت "داوای ئازادكردنی ئۆجەلان دەكەین تا بتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی كورد دابنیشین، چونكە رێبەری گەلی كوردە و 27 ساڵە لە زیندانە".
ساڵێك بەسەر دەستپێشخەرییەكەی ئۆجەلان تێدەپەڕێت
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە 27 ی شوباتی ساڵی رابردوو، بانگەوازێكی لەپێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكرات راگەیاند، كە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی لێكردن، داواشیكرد ئەو پرۆسەیە چوارچێوەیەكی یاسایی وەربگرێت، دوای ئەوەش پەكەكە بەپێی بانگەوازی ئۆجەلان چەند هەنگاوێكی نا و خۆی هەڵوەشاندنەوە و پرۆسەی چەك سوتاندنی جێبەجێكرد.

-
ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە
|
-
ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات
|
-
ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و پلانگێڕییەکە تێدەپەڕێت
|
-
ئەمڕۆ 15ساڵ بەسەر مەرگی هونەرمەند حمە جەزا تێدەپەڕێت
|
-
لاهور جەنگی بورهان لە هاوسەرۆکی یەکێتیەوە بۆ زیندان
|
-
رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا
|
-
ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟
|
-
رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان
|
-
نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو
|
|
|
|