20 کاتژمێر پێش ئێستا
347 جار خوێنراوەتەوە
كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا
ناوەندی هەواڵ
جەنگی ئێران لە فراوانبوونە، لە نۆیەم ڕۆژدا هێرشی گەورەی درۆنی و مووشەكی كرانە سەر هەولێر و سلێمانی و هێرشەكان گیانلەدەستدان و برینداریان لێ كەوتەوە.ئەمە جگە لە هێرشەكان بۆسەر بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات، ئێران هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی بۆسەر وڵاتانی كەنداو هێرشی درۆنیی و موشەكیی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.

هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 هێرشی درۆنیی و مووشەكی كراوەتەسەر
ئەم هێرشانە لەكاتێكدان، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپاتی دەكەنەوە، ئەوان بێلایەنن لەو جەنگەدا كە لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت، بەڵام ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بەشێوەی رۆژانە روبەڕووی هێرشی راستەوخۆ دەبنەوە، كە بەشێكی زۆریان لەلایەن هاوپەیمانەكانی ئێرانەوەیە، ئەمەش بە دۆخێك لە سەرلێشێوانی بوون دادەنرێت، لەكاتێكدا ئەمریكا هانی كورد دەدات بەرەیەك دژ بە ئێران بكەنەوە و ئێرانیش هەڕەشە دەكات، هەرچەندە ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا وتی نایەوێت هێزە كوردیەكان بچنە ناو ئێرانەوە بەڵام وتەی بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە میدیاكان شتێكی ترە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، میدیا ئەمریكیەكان باسیان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دەوترێت ترەمپ داوای لە تاڵەبانی و بارزانی كردووە هاوكاری كوردەكانی رۆژهەڵات بكەن بۆ ئەوەی بەرەیەك لە رۆژئاوای ئێرانەوە واتە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دژ بەو وڵاتە بكرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی كورد بە ئاشكرا رایانگەیاندووە ئەوان لەو جەنگەدا بێلایەنییان هەڵبژاردووە.
ئێران هەمیشە بە وردی چاودێری حزبە كوردییە نەیارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردووە، كە بەشێكی بارەگاكانیان لە هەرێمی كوردستانە، لە ئەیلولی 2023 لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەیانەوە رێككەوتنێكی ئەمنیی كرد، كە لە چەك دابماڵرێن و بارەگاكانیان دابخرێت، دواتریش بگوازرێنەوە بۆ چەند كەمپێكی دوور لە سنوری ئێران، بەڵام ئەم جەنگەی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل دەریخست ئەو رێككەوتنە تەنها رووكەش بووە و خاڵی چەكدانان جێبەجێ نەكراوە.

تا ئەمڕۆ كە نۆیەم رۆژی جەنگی ئێرانە لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 هێرشی درۆنیی و مووشەكی كراوەتەسەر، كە زۆربەیان لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانەوە بوون لە عێراق، تەنها شەوی رابردوو حەوت هێرشی درۆنیی لە سلێمانی ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا پێشتر زیاتر هێرشەكان بۆ سنوری هەولێر بوون، هێرشەكانیش پێشتر تەنها بۆسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات بوون، بەڵام ئێستا جگە لە بارەگای پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و پاسەوانی سنور، شوێنەكانی دیكەش دەگرێتەوە كە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابورییەوە هەیە.
پردە نەك مەیدانی جەنگ
لەچوارچێوەی جەختكردنەوەكانی كورددا كە تێوەنەگلاون لە جەنگەكە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "فۆكس نیوز" رایگەیاند:"پێموایە كوردستان بووەتە پردێك بۆ جەنگەكە نەك مەیدان، كورد لە پێگەیەكی جیاوازدایە، هاوپەیمانەكانی نزیكن لێمان، لەهەمانكاتیشدا ئێران، بۆیە پێموایە شوێنەكەمان رۆڵی ئەوەمان پێدەدا كە ئاڵۆزییەكان كەم بكەینەوە ئەگەر كاتی گونجاو هەبێت".
سەبارەت بە داهاتووی رژێمی ئێران، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "ئەوەی تائێستا بینیومانە رژێمەكە لاواز بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دامەزراوەكانی ماونەتەوە و بەردەوامن".
سەرۆكی یەكێتی پێی وایە "كاتێك ئامانجە سەربازییەكان بەدیهاتن، كاتی دیپلۆماسیەت دێت، ئێمەش ئامادەین وەك هەموو كات، بۆ وەستان لەگەڵ هاوڕێ و هاوپەیمانەكانمان بۆ دوورخستنەوەی نائارامیی و بەدیهێنانی ئاشتی بۆ ناوچەكە كە ئاڵۆزی و ناخۆشی زۆری بەخۆیەوە بینیوە".
سەبارەت بە پەیوەندیەكەی ترەمپ، بافڵ تاڵەبانی وتی "سەرۆك زۆر نەرمونیان و بەڕێزبوو، هەستم بە سۆز كرد لە دەنگیدا، وتی كورد شەڕكەری باشن ئەوەی تێگەیشتم لێی پاراستنی كورد لە عێراق بەلایەوە گرنگ بوو".
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە ناوەڕۆكی داواكانی ترەمپ نەكرد لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا، بەڵام وتی "ئەوەی من لێی تێگەیشتم ئەوەیە كە كوردەكانی ئێران شایەنی مامەڵەیەكی باشترن".

كورد لەنێوان ئەمریكا و ئێران سەری لێشێواوە
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای كورد بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتووە "بوونی كورد لەنێوان ئەمریكا و ئێران تووشی سەرلێشێوان بووە.
ئەو بەرپرسە كوردە دەشڵێت "لەترس و دوودڵیدا دەژین لەوەی روودەدات، بەتایبەت كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان ناسك و لاوازە، بەهۆی دابەشبوونە ناوخۆییەكان و ئاڵۆزیەكان لەگەڵ بەغداد، جگە لەو دژایەتیەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بۆ كورد هەیانە.
"زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كوردانی ئێران دۆخیان باشتر بێت، بەڵام ناتوانن هاوكاری جددیان بكەن، تێوەگلان لەو دۆخە رەنگە كاردانەوەی كارەساتباری هەبێت بۆسەر كوردستان". ئەو بەرپرسە كوردە بۆ شەرقولئەوسەت وای وتووە.
ئەو بەرپرسە كوردە گومانی خۆشی نەشاردووەتەوە لە نزیكبوونەوەی كورد لەگەڵ ئەمریكا، باسی لەوەكردووە "چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بینیمان واشنتۆن چی لە كوردانی سوریا كرد، بەتایبەت ئەگەر ئەمریكا دواتر لەگەڵ ئێران بگاتە رێككەوتن".
بەوتەی ئەو بەرپرسە كوردە، "كورد لە عێراق بە پشتوێنێك دوژمن دەورە دراوە، ئەگەر لە شەڕی ئێرانیش تێوەبگلێین دوژمنەكانمان زیاتر دەكات، توركیا رێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە ئێران نادات، لە باشوریش حكومەت و گروپی لایەنگری ئێران هەن، ئەگەر كاریگەرییەكانی ئەم شەڕە بەردەوام بێت، رەنگە جامی توڕەییان بەسەر ئێمەدا برژن و دوور نییە هێرش بۆ داگیركردنی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدەن".

-
رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟
|
-
كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا
|
-
مێژووی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی رژێمەكان لە جیهان
|
-
بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە
|
-
ئایا کوڕەکەی شا بەلای ئەمریکاوە شیاوە؟
|
-
بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا
|
-
پرسی كورد لەنێوان بە "تیرۆر" ناساندن و خوشك و برایەتیدا
|
-
ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە
|
-
ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات
|
|
|
|