16   کاتژمێر پێش ئێستا 84 جار خوێنراوەتەوە

رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟

ناوەندی هەواڵ

ئەنجومەنی خوبرەگانی ئێران، رۆژی یەكشەممە رابەرێكی نوێی بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی خامنەیی دیاریكرد، كە لەیەكەم رۆژی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 28 ی شوبات كوژرا.

رابەری نوێی هەڵبژاردووە، بەڵام ناوەكەی رانەگەیاندووە

 هەرچەندە ئەنجومەنی خوبرەگانی ئێران دەڵێت رابەری نوێی هەڵبژاردووە، بەڵام ناوەكەی رانەگەیاندووە، بەوتەی ئەحمەد عەلەم مەهدی ئەندامی ئەنجومەنەكە "دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رابەر كراوە و رابەر هەڵبژێردراوە".

وتیشی:"ئەمینداریەتی ئەنجومەنی خوبرەگان ناوی رابەر لە كاتێكی دیكەدا رادەگەیەنێت".

بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی خوبرەگان بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێت ناوی رابەری نوێیان ئاشكراكردووە، دەشڵێن موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی وەكو رابەر هەڵبژێردراوە.

پێشتریش موجتەبا بۆ شوێنگرەوەی باوكی ناوهێنراوە، كە لە ساڵی 1989 ەوە دوای خومەینی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو.

بەوتەی موحسین حەیدەری، كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەنجومەنی خوبرەگان قسەی بۆ ئاژانسی ئیسنا كردووە و دەڵێت "رابەرێكی گونجاومان هەڵبژارد، رەزامەندی زۆرینەی بەدەستهێنا".

موحسین حەیدەری دەڵێت "تەنانەت ئەمریكاش ناوی ئەو كەسەی هێنا كە ئەنجومەنی خوبرەگان هەڵیبژارد". ئەوەش لەكاتێكدایە ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو كە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری ئێران رەتدەكاتەوە.

دوای هەفتەیەك لە گورزی ئیسرائیل كە كۆتایی بە ژیانی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی و بەشێك لە خانەوادەكەی هێنا، هەواڵەكان لەسەر چارەنوسی موجتەبا خامنەیی ناڕوون بوون، كە یەكێك بوو لە دیارترین ئەو ناوانەی وەك شوێنگرەوەی باوكی باس دەكرا.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان، لەو گورزەی كە بەهۆیەوە خامنەیی و بەشێك لە خانەوادەكەی كوژران لە نوسینگەكەی لە تاران، هاوسەرەكەی موجتەباشی تێدا بووە لەگەڵ باوكی و نەوەكەی.

ئەنجومەنی خوبرەگانی ئێران یاخود ئەنجومەنی پسپۆڕان، تاكە ئەنجومەنە لە ئێران دەسەڵاتی دیاریكردنی رابەری باڵای هەبێت، كە ئەنجومەنێكی ئاینییە و لە 88 كەس پێدێت، بەپێی دەستوری ئێران سەرپشك كراون بۆ هەڵبژاردنی رابەر، بەڵام تائێستا بە ئاشكرا ناوی ئەو رابەرەیان نەهێناوە كە بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی خامنەیی دیارییان كردووە.

ترسی ئێرانییەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بەوتەی میدیاكانی رۆژئاوا، ترسی ئێران لە رانەگەیاندنی ناوی رابەر، بەهۆی ئەوەیە نەبێتە ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل، بەتایبەت دوای وتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە هەرزوو وتی هەڵبژاردنی كوڕەكەی خامنەیی بۆ شوێنگرتنەوەی هەنگاوێكی ناپەسەندە.

بەپێی هەواڵی پێگە ئیسرائیلیەكان، موجتەبا دەبێتە ئامانجی ئیسرائیل، هەرئەوەندەی ناوەكەی وەك رابەر رابگەیەنرێت.

ئەگەر موجتەبا رابەر نەبێت بژاردەكانی دیكە كێن؟

تەنها موجتەبا نییە كە كاندیدە بۆ رابەر، حەسەن خومەینی كە یەكێكە لە نەوەكانی خومەینی رابەری پێشووی ئێران یەكێكە لە كاندیدەكان.

حەسەن خومەینی لە رابردوودا هیچ پۆستێكی حكومی نەبووە، بە میانڕەوی ناسراوە و ئێستا لە گۆڕەكەی باپیری كاردەكات.

بژاردەی دووەم   

حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشووی ئێران، یەكێكی دیكەیە لە بژاردەكان، كە ساڵی 2015 رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا و رۆژئاوا ئەنجامدا، كە ئەوكات ئیدارەی باراك ئۆباما بوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێككەوتنەكە كشایەوە.

بژاردەی سێیەم

عەلی رەزا ئەعرافی كە ئێستا یەكێكە لە سێ ئەندامەكەی ئەنجومەنی كاتیی حكومیی بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان، لەگەڵ محەمەد مەهدی میرباقری كە ئەویش مەرجەعێكی باڵای ئاینییە و ئەندامی ئەنجومەنی خوبرەگانە، یەكێكی دیكەن لە بژاردەكان.

بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە موجتەبا خامنەیی لە هەموویان نزیكترە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

پیاوی سێبەر لەناو رژێمدا

موجتەبا خامنەیی كە تەمەنی 56 ساڵە، ناسراوە بەوەی لایەنگری رەوتی پارێزكاری توندڕەوە لەناو رژێمی ئێران، هەرچەندە هیچ پۆستێكی رەسمی لە دەوڵەتدا نەبووە، بەڵام وا سەیردەكرێت كە كەسایەتییەكی بە هەژموونە لەناو دەوڵەتدا بەوپێیەی نزیكترین كەس بووە لە باوكیەوە.

لە رووی ئاینییەوە موجتەبا خاوەنی پلەی ئاینی حوججەتولئیسلامە، بەوپێیەی لە حەوزەی ئاینی شیعە لە قوم خوێندوویەتی، كە ناوەندی دامەزراوەی ئاینییە لە ئێران.

رابەرێكی جێمشتومڕ

هەرچەندە ساڵانێكە وەك جێگرەوەی باوكی ناوی دەهێنرێت، بەڵام بیرۆكەی دەسەڵاتوەرگرتنی بووەتە جێگەی مشتومڕ، بەوپێیەی ئەگەر دەسەڵات وەربگرێت لە ئێران سیستمی گواستنەوەی دەسەڵات دەگۆڕێت لە باوكەوە بۆ كوڕ، كە ئەوەش هاوشێوەی رژێمی پاشایەتییە كە شۆڕشی ئیسلامی لە 1979 كۆتایی پێهێنا.

یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی موجتەبا ئەوەیە كە پلەكەی ئایەتوڵڵا نییە، ئەوەش پرسیار سەبارەت بە گرنگیی پلەی ئاینیی شیعە بۆ بوون بە رابەر دەوروژێنێت.

بەڵام پێشینەی باوكی كە لە ساڵی 1989 پلەی رابەری باڵای وەرگرت و پلە ئاینیەكەی ئایەتوڵڵا نەبوو، بەڵام بەهۆی گۆڕینی دەستورەوە پێی درا، دەریدەخات كە ئەو مەرجە یەكلاكەرەوە نییە.

پشتیوانی سوپای پاسداران

چاودێران پێیان وایە، كوژرانی عەلی خامنەیی باوكی موجتەبا، بووەتەهۆی زیادبوونی هەست و سۆزی پارێزكار و توندڕەوەكان بۆی، ئەمەش هەلی گەیشتنی بە رابەری باڵا ئاسانتر دەكات.

دەسەڵاتی رەها

لە ئەگەری راگەیاندنی و كردنی بە رابەر، موجتەبا خامنەیی دەبێتە ئەو كەسایەتیەی دەسەڵاتی یەكەمی لە ئێران هەیە، دەستور دەسەڵاتی رەهای پێداوە، لەوانەش سەرپەرشتیكردنی هێزە چەكدارەكان، دەزگا ئەمنیەكان و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ.

  • رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟

  • كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا

  • مێژووی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی رژێمەكان لە جیهان

  • بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە

  • ئایا کوڕەکەی شا بەلای ئەمریکاوە شیاوە؟

  • بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا

  • پرسی كورد لەنێوان بە "تیرۆر" ناساندن و خوشك و برایەتیدا

  • ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە

  • ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات

سەرەکی