موجتەبا خامنەیی
3 کاتژمێر پێش ئێستا
80 جار خوێنراوەتەوە
موجتەبا خامنەیی؛ ئێران لە شۆڕشی دژ بە پشتاوپشتەوە بۆ پشتاوپشتی
ناوەندی هەواڵ
كاتێك شۆڕش لە ئێران لە ساڵی 1979 دژ بە شا سەریهەڵدا، بەشێكی دژ بە حوكمی بنەماڵە بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەدەرگای رابەرەوە دەسەڵاتی پشتاوپشت بۆ ئێران گەڕایەوە، كاتێك ئەنجومەنی پسپۆڕان "خوبرەگان" دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێرانی بۆ رابەر راگەیاند، بەمەش موجتەبا دوای باوكی بووە سێیەم رابەری ئێران.
ئەنجومەنی خوبرەگان كە لە 88 ئەندام پێكدێت، لە بەیاننامەیەكدا دیاریكردنی موجتەبای 56 ساڵی لە دانیشتنێكی دەنگدانی ئەنجومەنەكە وەك رابەری شۆڕش راگەیاند، دەوترێت ئەمەش بە زۆرینەی دەنگ بووە.
رابەری دووەمی ئێران، عەلی خامنەیی لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ لە تاران لە هێرشێكی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند كەسێكی نزیكی خێزانەكەی كوژرا.
خامنەیی كە لە تەمەنی 86 ساڵیدا كوژرا، بۆ ماوەی سێ دەیە رابەری ئێران بوو، واتە لە هەرەمی دەسەڵاتدا بوو لە وڵاتەكەی. ئێستا موجتەبای كوڕی شوێنی دەگرێتەوە.

پشتاوپشت و رەتكردنەوەی
بەپێی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی بۆ رابەری ئێران، بۆیەكەمجار و لەوكاتەوەی شۆڕشی ئیسلامی لەساڵی 1979 لە ئێران سەریهەڵدا، حوكم لە ئێران لە باوكەوە بۆ كوڕ گواسترایەوە.
بەوتەی ئەو رۆژنامەیە، رەنگە ئەو گۆڕانكارییە مشتومڕێكی بەرفراوان لە ئێران بەدوای خۆیدا بهێنێت، سەبارەت بە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێكی پشتاوپشت و بنەماڵەیی لەكاتێكدا دەوڵەتەكە لەسەر بنەمای لابردنی پشتاوپشت دوای شا دروستبوو.
ئێستا موجتەبا قسەی یەكەم و كۆتایی لە ئێران دەكات، لەكاتێكدا عەلی خامنەیی رابەری كۆچكردووی ئێران لە ساڵی 2024 رەتیكردەوە پۆستەكە بۆ یەكێك لە خێزانەكەی بگوازرێتەوە.
بەپێی رۆژنامەی گاردیان، دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك هەنگاوێكی سیمبولییە، بۆ ئەوەی دەریبخەن رژێمی ئێران ناچێتە ژێرباری فشارەكانی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا.
بەوتەی یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی خوبرەگانی ئێران، كە قسەی بۆ گاردیان كردووە، خامنەیی پێش كوژرانی هیچ كەسێكی بۆ شوێنگرەوەی خۆی دیارینەكردووە.
بەوتەی عەباس كەعبی، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی میهری ئێرانی، خامنەیی رەتیكردووەتەوە كە هیچ كەسێك دوای خۆی بۆ رابەر دیاری بكات.
كەعبی دەڵێت لە یەكێك لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی خوبرەگان، داوا لە خامنەیی كراوە كەسێك بۆ شوێنگرەوەی خۆی دیاری بكات، بەڵام تەنانەت رەتیكردووەتەوە هیچ ئاماژەیەكیش بۆ ئەنجومەن بكات تا كەسێكی "راست" هەڵبژێرن.
وتیشی "تەنانەت كاتێك هەندێك ناومان هێنا كە نیازی ئەوەمان هەیە دوای ئەو بۆ پۆستی رابەر كاندیدیان بكەین گوێی نەگرت".
بەڵام لەلایەن خۆیەوە، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشكرایكردووە، عەلی خامنەیی بە نهێنی سێ كەسی كاندید كردووە بۆ دوای خۆی، بەڵام كوڕەكەی تێدا نەبووە.
بەوتەی ئەو رۆژنامەیە، كە پشتی بە هەندێك زانیاریی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش بەستووە، ئەو كەسانەی خامنەیی ناویهێناون هەریەك لە غوڵام حسێن موحسینی ئێژە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، عەلی ئەسغەری حیجازی سەرۆكی دیوانی رابەر و حەسەن خومەینی نەوەی ئایەتوڵَڵا خومەینی رابەری یەكەمی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
ئێستا موجتەبا خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، كە پیاوێكی ئاینی خاوەن هەژموونە لەنێو سوپای پاسداران، ئەمەش بووەتەهۆی زیادكردنی خاڵێكی تری گرژی بۆ جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا موجتەبای خامنەیی بە كەسێكی پەسەند نەكراو ناوبرد.
ترەمپ هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵكو وتی رابەری ئێران "زۆر درێژە ناكێشێت" ئەگەر تاران پێشتر رەزامەندی بۆ وەرنەگرتبێت.

پێشوازی ناوخۆیی
دوای ئەوە رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی خوبرەگان دیاریكردنی رابەری راگەیاند، ئەندامانی ئەنجومەنەكە داوایان لە ئێرانیەكان كرد یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزن.
ئەنجومەنی خوبرەگان داوای لەهاوڵاتیانی سەرانسەری وڵات كرد، بەتایبەت نوخبە و رۆشنبیران لە حەوزەكان و زانكۆكان، بەیعەت بە رابەری نوێ بدەن و یەكڕیزی لەم ساتە هەستیارەی ئێرانی پێدا تێدەپەڕێت بپارێزن.
لەلایەن خۆشیەوە عەلی لاریجانی، یەكێك لەو كەسانەی پێشتر ناوی دەهات بۆ جێگرەوەی خامنەیی، كە پۆستەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، رایگەیاند موجتەبا خامنەیی دەتوانێت سەركردایەتی وڵات بكات لەم دۆخە هەستیارەدا، داواشی لە ئێرانیەكان كرد یەكڕیز بن و لەدەوری رابەری نوێ كۆببنەوە.

موجتەبا خامنەیی كێیە؟
لەدایكبووی 1969 یە لە مەشهەد.
دووەم كوڕی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێرانە.
وانەی ئاینی لە حەوزەی قوم خوێندووە
1988-1987 لە ریزی سوپای پاسداران و لە میانی جەنگی ئێران و عێراق سەرباز بووە.
باس لەوەدەكرێت دەسەڵاتی بەسەر هێزەكانی بەسیجدا هەبووە بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2009 خۆپیشاندانەكانی ئێرانی پێ سەركوت كرد.
لە ساڵی 2019 ەوە لەلایەن ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، بە تۆمەتی ئەوەی بە نوێنەرایەتی باوكی سەرپەرشتی سەركوتكردنی ناڕەزایەتیەكانی كردووە.
دەوترێت یەكێكە لەو كوڕانەی خامنەیی كە زۆرترین هەژموونی لە ئێران هەبووە.
راپۆرتەكان باس لەوەدەكەن دەستی بەسەر زۆرێك لە سەرچاوە داراییە گەورەكانی ئێراندا گرتووە.
-
موجتەبا خامنەیی؛ ئێران لە شۆڕشی دژ بە پشتاوپشتەوە بۆ پشتاوپشتی
|
-
رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟
|
-
كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا
|
-
مێژووی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی رژێمەكان لە جیهان
|
-
بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە
|
-
ئایا کوڕەکەی شا بەلای ئەمریکاوە شیاوە؟
|
-
بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا
|
-
پرسی كورد لەنێوان بە "تیرۆر" ناساندن و خوشك و برایەتیدا
|
-
ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە
|
|
|
|