10   کاتژمێر پێش ئێستا 754 جار خوێنراوەتەوە

هه‌مان سیاسه‌تى 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ ساڵیادى كۆمه‌ڵكوژى 80 گه‌ریلاى بریندار و رۆژنامه‌نوس و هونه‌رمه‌ند

ناوەندی هەواڵ

له‌ ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا و 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشى ده‌وڵه‌تى توركیا بۆسه‌ر گه‌ریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان، هێزه‌كانى پارتى له‌ هه‌ولێر هێرشیان كرده‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه‌ بریندارانى په‌كه‌كه‌ى تێدابوو، سه‌رجه‌میان كۆمه‌ڵكوژ كران، ئه‌مه‌ به‌ بیرمان ده‌هێنێته‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ئێستا پارتى به‌ ده‌ستگیركردنى رۆژنامه‌وانان و تیرۆركردنیان په‌ره‌ى پێده‌دات، هه‌مان عه‌قڵیه‌تى ڕابردووه‌.

29 ساڵ بەسەر یەکێک لە قێزەونترین کردەوەکانی پارتى دیموكراتى كوردستان، دژی تەڤگەری ئازادیی و ڕۆژنامەنووسان تێدەپەڕێت کە بە کۆمەڵکوژی هەولێر ناسراوە، تێیدا پارتى و دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە 80 گەریلای بریندار و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندیان لەناو جەرگەی شاری هەولێر کۆمەڵكوژ کرد، ئەمڕۆش پارتى بە دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری درێژە بەو سیاسەتە دەدات.

ڕووداوه‌كه‌ به‌ دیاریكراوى لە 16ـی ئایاری ساڵی 1997 بوو، دوو ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنێکی فراوانى دەوڵەتى تورکیا بۆسەر پەکەکە، هاوکات هێزەکانی پارتى لە هەولێر هێرشیان کردە سەر گەریلاکانی پەکەکە کە بە برینداری لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر دەمانەوە کاتێک چارەسەری پزیشکیان وەردەگرت.

ئەو نەخۆشانەیە سەر بە مانگی سووری کوردستان بوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کوردستانیش لە ناویدا کاریان دەکرد، پارتى هێرشی کردە سەر ئەو نەخۆشخانەیە، گەمارۆیان دا و بە چەکی قورس نەخۆشخانەکەیان تۆپباران کرد، لە نەخۆشخانەکەدا دەستڕێژی گولله‌یان لە نۆ گەریلا کرد کە بە سەختی بریندارببوون، ژمارەیەکی زۆری بریندارانی دیکەش لەلایەن هێزەکانى پارتییه‌وه‌ دەستگیرکران کە تا ئەم ساتەش چارەنووسیان نادیارە.

پارتى هاوکات لەگەڵ هێرش بۆسەر نەخۆشخانەکە هێرشی کردە سەر ناوەندی گشتیی یەکێتی دیموکراتی کوردستان، ناوەندی کولتووری میزۆپوتامیای هەولێر، یەکێتی ژنانی ئازادیی کوردستان، هەروەها هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەکانی وڵات و وڵاتی ڕۆژ و ناوەندەکانی ئەو ڕۆژنامانەیان تۆپبارانکرد.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی بێبەرگری شەهیدکران، پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستگیرکردنی چالاکوانان دەستیپێکرد، ئەو سەردەمە بوو بە سەردەمێکی ڕەش و تاریک لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا.

وه‌ك شایه‌تحاڵان ده‌ڵێن، دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی هێزەکانى پارتى، گەریلا هاتە دەنگ و چالاکی ئەنجامدا، یەکەم چالاکیش گەریلایەک بوو "کە لەبەردەم بارەگایەکی پارتى گیانی خۆی بەخشیوه‌"، هەر ئەو ڕۆژە "دوو ژنی خەڵکی باشووری کوردستان بوون چالاکییەکی فیداییان ئەنجامدا"، ڕۆژانى دواتریش گەریلا چەندین چالاکییان دژی هێزەکانى پارتى و سوپای تورکیا ئەنجامدا کە بە هاوبەشی هێرشیان دەکردە سەر گەریلا.

بەشی زۆریشی ئەوانەى دەستگیر کران گولەباران کران

لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەى هێزەکانى پارتى و سەربازانى تورکیا کردیان 52 گەریلای بریندار و نەخۆشی پەکەکە و هەندێک لە کارمەندان و وڵاتپارێزانی نەخۆشخانەکە شەهیدکران، بەشی زۆریشی ئەوانەى دەستگیر کران گولەباران کران، کە بە نزیکەى 35 کەس بوون، بەوەش زیاتر لە 80 گەریلا و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و هاووڵاتیی شەهید کران.

ئەو کۆمەڵکوژییە تەنیا پارتى نەبوو، بەڵکو هێزەکانى پارتى و سەربازانى تورکیا هێرشیان کردە سەر پەکەکە، گەریلاکان زۆر بە توندی دژی ئەو هێرشە هاوبەشە وەستانەوە، بەڵام بێبەڵێنی و خەنجەر لێدان لە پشتەوە وایکرد ئەم تاوانەى لێبکەوێتەوە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە دەیگێڕێتەوە "چەند ڕۆژێک بەر لە ئۆپەراسیۆنى دەوڵەتى تورکیا لەگەڵ بەرپرسانى پارتى کۆبوونەوەى کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى بەهیچ جۆرێک نەبنە هاوکار و هاوبەش لەو ئۆپەراسیۆنەى دەوڵەتى تورکیادا، بەڵام کاتێک هێزەکانى پارتى هێرشیان کردووە شۆک بووە، چونکە ئەو دوو ڕۆژ بەر لە کۆمەڵکوژییەکە بەڵێنی تەواوەتى لە پارتى وەرگرتبوو ئەمە ڕوونەدات".

بەپێی زانیاریی و بەڵگەنامەکان تەرمی بەشێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە لەسەر ڕێگای هەولێر-مەخموور نێژراون، کە ناسراوە بە کارگەی قیر، هاوکات چارەنووسی کەسانێکی زۆریش تا ئێستا نە بە مردوویی نە بە زیندوویی نادیارن.

دوای تاوانەکەى 16ـی ئایاری 1997 تا ئێستاش هەوڵی بێوچان دراون کە ئەم تاوانە دیزە بە دەرخۆنە نەکرێت و لێپرسینەوە لە بکەرانى بکرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، لەو چوارچێوەیەدا لەدوای ساڵی 2000ـوە و لەسەر ئاستى جیاواز دۆسییەی تایبەت ئامادە کران، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.

هەروەها لە ساڵی 2011 لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارکردن لەسەر ئەو کەیسە کرد و یاداشتێکیشی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد، تێیدا داوای ڕوونکردنەوەی ئایندەی بێسەروشوێنکراوەکانی کرد، ساڵی 2012 وەزاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە به‌یاننامه‌یه‌كدا  دانی به‌وه‌دانا‌، كه‌ هیچ یەکێک له‌ به‌ركه‌وتووانی ئەو كۆمه‌ڵكووژییە نه‌ماون و هه‌موویان کۆمەڵکوژکراون، به‌ڵام شوێنی گۆڕه‌كانیانی ئاشكرا نەکرد و ڕوونی نەکردبووەوە كێ كوشتوونی و چۆن کۆمەڵکوژکراون؟.

پاش 29 ساڵ لەو کۆمەڵکوژییە ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژییەکەیان تێدا ئەنجامدراوە خاپوورکراون و بینا و باڵەخانە لە شوێنەکانیان دروستکراوە، لەکاتێکدا گومان هەیە هێشتا ڕووفاتى شەهیدانی ئەو تاوانە لەو شوێنەدا شاردرابنەوە.

لەمڕۆشدا پارتى درێژە بە هەمان عەقڵییەتە دەدات

لەمڕۆشدا پارتى درێژە بە هەمان عەقڵییەتە دەدات و بەتایبەت سەرکووتی دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووسان دەکات، وێڕای ئەوەی قارەمان شوکری فەرمانی تایبەتی ئازادبوونی بۆ دەرچووە، بەڵام مەسروور بارزانی ڕێگە بە ئازادبوونی نادات، هاوكات بە ناحەق ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی خراوەتە زیندان و سزای بەسەردا سەپێندراوە.

بەشێک لە مێژووی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان (1997 - 2026)

 قۆناغی یەکەم: هێرشی ڕاستەوخۆ و کۆمەڵکوژی (1997) وەک خاڵی دەستپێکی ئەم قۆناغە تاریکە، ڕووداوەکانی 16ی ئایاری 1997 دادەنرێت. لەم هێرشەدا، جگە لە ئامانجگرتنی گەریلا بریندارەکان لە نەخۆشخانە، هێرش کرایە سەر ناوەندە میدیایی و مەدەنییەکانیش (وەک ڕۆژنامەکانی وڵات و وڵاتی ڕۆژ). ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدار بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگی جیاواز بە زمانی ئاگر و ئاسن، کە تێیدا دەیان کەس بێسەروشوێن کران و ئەرشیف و مێژوویەکی زۆر لەناوبرا. قۆناغی دووەم: تیرۆری قەڵەمەکان و کوشتنی پلان بۆ داڕێژراو (2008- 2016) لەم قۆناغەدا، دەسەڵات لەبری هێرشی بەکۆمەڵ، دەستی برد بۆ تیرۆرکردنی تاکەکەسیی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دۆسیەی گەندەڵی و هەستیاریان دەوروژاند. دیارترین دۆسیەکان کە تا ئێستاش بکوژانی سەرەکییان ڕووبەڕووی دادگا نەکراونەتەوە بریتین لە: سۆران مامە حەمە (تەمموزی 2008): لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەرکووک گولله‌ باران کرا، دوای ئەوەی چەندین ڕاپۆرتی لەسەر بەرپرسانی ئەمنی و گەندەڵی بڵاوکردەوە.

سەردەشت عوسمان (ئایاری 2010): ئەم دۆسیەیە بووە خاڵێکی گەورەی وەرچەرخان لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردستاندا. ڕفاندن و شەهیدکردنی سەردەشت لە هەولێر، تا ئەمڕۆش کاردانەوەی گەورەی هەیە. ئامادەکردنی پلانی میدیایی و ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری لە ساڵیادی ئەم شەهیدەدا، بەردەوام ئەرکێکی سەرەکیی میدیای بەرپرسیارە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت ئەم دۆسیەیە دیزە بە دەرخۆنە بکرێت.

کاوە گەرمیانی (کانوونی یەکەمی 2013): لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە کەلار شەهید کرا، دوای ئەوەی لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی بەردەوام هەڕەشەی لێدەکرا. ویداد حسێن (ئابی 2016): لە شاری دهۆک ڕفێندرا و دوای ئەشکەنجەدانێکی دڕندانە، تەرمەکەی فڕێدرا.

قۆناغی سێیەم: بەکارهێنانی یاسا و دادگاکان بۆ سەرکوتکردن (2020 - 2026) لەم ساڵانەی دواییدا، فۆڕمی سەرکوتکردن گۆڕاوە بۆ "تیرۆری سپی" یان بەکارهێنانی دامەزراوە یاساییەکان بۆ بێدەنگکردنی چاڵاکوانان. دۆسیەی چالاکوانانی بادینان: لە ساڵی 2020ـەوە دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس (لەوانە شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەوانی تر) بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دەستگیرکران.

 پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە "ناڕوون و نادادپەروەرانە" وەسف کرا. پێشێلکردنی بڕیاری ئازادکردن:  وەک لە کەیسی قارەمان شوکری و مانگرتنی سەختی شێروان شێروانی لەم ڕۆژانەدا (ئایاری 2026) دەبینرێت، تەنانەت کاتێک فەرمانی ئازادکردنیش دەردەچێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕێگری دەکات، کە ئەمە پیشاندەری دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی حزبییە لەناو دەسەڵاتی دادوەری.

  • هه‌مان سیاسه‌تى 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ ساڵیادى كۆمه‌ڵكوژى 80 گه‌ریلاى بریندار و رۆژنامه‌نوس و هونه‌رمه‌ند

  • جینۆسایدی هەڵەبجە؛ ئەو ئازارەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تائێستا وەكخۆی نەبینراوە

  • ئەو داتایانەی خامنەیی پێکوژرا

  • موجتەبا خامنەیی؛ ئێران لە شۆڕشی دژ بە پشتاوپشتەوە بۆ پشتاوپشتی

  • رابەری نوێی ئێران كێیە و بژاردەكانی دیكەش كێن؟

  • كورد لە بەرداشی واشنتۆن و تاراندا

  • مێژووی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی رژێمەكان لە جیهان

  • بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە

  • ئایا کوڕەکەی شا بەلای ئەمریکاوە شیاوە؟

سەرەکی