ئازادى ڕۆژنامەوانی و ڕادەربرین لە هەرێمى کوردستان لەخراپترین ئاستیدایە، بەجۆرێک لە کۆى 18 پارێزگاى عێراق تەنها چوار رۆژنامەنووس لە زینداندان، هەرچوار رۆژنامەنوسەکەش کوردن، لەهەرێمى کوردستان زیندانیکراون.
دەستگیرکردنى ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە بە کۆمەلێک تۆمەتى بێ بنەما لەکاتێکدایە ، لەسەر و بەندى دەستبەکاربوونى کابینەکەى، مەسرور بارزانى دەیان بەڵێنیدا کە کار بۆ فەرهەمکردنى ئازادییەکانى ڕادەربڕین و رۆژنامەوانى بکات، بەڵام بەوتەى چاوادێرانى سیاسى کابینەکەى مەسرور بارزانى پۆلیسیە.
لە ئێستادا مەسرور بارزانى بۆ پەردەپۆشکردنى ئەو تاوانانە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامیداوەن، هەلمەتێکى میدیاییى دەستپێکردووە و دەیەوێت حزب و پارێزگاکانى دیکە تۆمەتبار بکات بە بەرتەسککردنەوە و سنوردارکردنى ئازادییەکان، و ئەو پرسە لەبیرى خەڵک بباتەوە.
کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەڵێن، ئاستى ئازادى میدیایی و ڕادەربڕین لە هەرێمى کوردستان لە خاڵى سفر نزیکبۆتەوە، پارتى دیموکراتى کوردستان و هێزە ئەمنییەکانى، لە هەولێر و دهۆک زۆرترین شەرمەزارییان هێناوەتە سەر ئازادییەکانى مافى مرۆڤ و بەتایبەت ئازادى ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانى.
دۆخى ڕۆژنامەوانى لە هەرێم
لەکاتێکدا؛ پرسى ئازادى ڕۆژنامهگهرى يهكێكه له پرسه ههره گرنگهكان لهسهر ئاستى جيهان، کە دەکرێت بکرێـە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەى وڵاتێکى ئارام کە بۆ ژیان بگونجێت، لە وڵاتێکى پڕکێشمەکێش و ململانێ جیا بکاتەوە، بەڵام باشورى كوردستان له ڕيزبهندى ئهو وڵاتانهدايه، ئازادى ڕۆژنامهگهرى سنورداردهكهن و تهنانهت ڕۆژنامهنووسان تيرۆر دهكهن.
ئەگەرچى لە جیهاندا و بەتایبەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، زۆرترین پێشیلکارى دژ بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆرترین چاوەکانیش لەسەر هەرێمى کوردستانە ئەویش بەو پێیەى باشورى کوردستان مێژووێکى تاڵى هەیە لەگەڵ بەرتەسکردنەوەى ئازادییەکان و تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان.
لەدواى دەستبەکاربوونى کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى، وەک چاوەڕوان دەکرا؛ زۆرترین پێشێلکارى دژ بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە و دیارتینیشیان کەیسى گیراوانى بادینانە کە لەژێر سایەى دادگاکانى پارتى دیموکراتى کوردستاندا هەڕۆژە و بە پاساو و بیانوویەکى جیاواز و بێ بنەما سزا دەدرێن.
مامەڵەى پارتى لەگەڵ ئازادى ڕۆژنامەوانى
کاتێک پێداچوونەوەیەکی خێرا بە پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیدا دەکەین، دەبینین لەم هەرێمەدا یاساکانی ڕۆژنامەوانی جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ژینگەیەکی لەبار نیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئازادیی بەرەو خراپتر دەچێت، ڕۆژنامەنووسان بەهۆی پیشەکەیانەوە زیندانی دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچ، لە کۆی ئەو ٨٥ وڵاتەی ناوچەیەکى تاریک و ترسناکە بۆ ڕۆژنامەنوسان هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی ٨٢ یەمین وڵاتدایە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتى پەیامنێرانى بێسنور و ڕێکخراوەکانى دیکەى تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین هەرێمی کوردستان لە لیستى پێشەوەى ئەو وڵاتانە دایە، کە ئازادییەکانی بیروڕا و رۆژنامەگەری تێدا پێشێل دەکرێت.
هاوکات لەدواین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، كە نیسانى ئەمساڵ بڵاویكردەوە، دووبارە کەیسی زیندانیانی بادینانی بەنمونە هێناوەتەوە بۆ ئەوەی، لە هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بە تۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر دەکات، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەیانهێڵێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان.
پێشتریش سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوو لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە و لەساڵی ٢٠٢٢ دا ڕێژەی پێشێلكارییەكان زیادی كردووە بۆ ٤٣١ حاڵەت.
لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە دەسەڵات بە دروشم لەگەڵ ئازدی كاری ڕۆژنامەنوسی و ئازادی ڕادەربڕیندایە، بەڵام لە پڕاكتیكدا لە ڕێگەی دروستكردنی تۆمەتی ئامادەکراو و داتاشراوەوە، سزای قورسی ڕۆژنامەنوسان دەدەن، یاخوود دوو ڕێگاى دیکە دەخرێتە بەردەمیان:
یەکەم: کۆچى ڕۆژنامەنووسان
هەڵاتن و کۆچ و بار گواستنەوە لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان یەکێکى دیکەیە لەو سیمایانەى لە هەرێمى کوردستاندا خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.
لەماوەى ڕابردودا و بەتایبەت لەدواى دەستبەکاربوونى ئەم کابینەیە، دەبینین و دەبیستین بە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانى سیاسى و مەدەنى لە هەولێر و دهۆکەوە هاتونەتە شارى سلێمانى و وەک خۆیان دەلێن بەتەما نین جارێکى دیکى بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
وەک خۆیان دەڵێن، ئەمە کۆچێکى خۆنەویستە؛ دەگەرێتەوە بۆ ئەو مامەڵە خراپەى بەرپرسانى ئیدارى و هێزەکانى ئاسایش لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان میدیاکاندا دەیکەین، لە سەرو هەموشیانەوەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم، کە حکومەتەکەى بە کابینەیەکى پۆلیسى هەژمار دەکرێت.
دووەم: تیرۆرى ڕۆژنامەنوسان
جێگاى ئاماژەیە له باشورى كوردستان و لهپاش زیاتر لە 30 ساڵ لهدهسهڵاتدارێتى پارتى و یەکێتى، چهندين ڕۆژنامهنووس تيرۆركراون و تاكو ئێستاش تاوانباران دهستگير نهكراون، بههۆى دادڵدهدانى تاوهنباران لهلايهن دهسهڵاتدارانى نێو حزب و بنەماڵە، باشوورى كوردستان له ڕيزبهندى ئهو وڵاتانهدايه، ئازادى ڕۆژنامهگهرى سنورداردهكهن و تهنانهت ڕۆژنامهنووسان تيرۆر دهكهن.
بەجۆرێک له دوای راپهڕین و له سهردهمی حوكمڕانی حکومەتى کوردیدا دهیان رۆژنامهنوس كوژراون یان بێسهروشوێن كراون و دواتریش شانۆگهری و چیرۆكی كوشتنیان بۆ دروستكراوه.
یهكێك لهو رۆژنامهنوسانهی كه له بهردهم كۆلێژهكهی له رۆژی 4ی ئایاری 2010 له ههولێر و به بهرچاوی هێزه ئهمنیهكانی ئهو شارهوه رفێنراو 5ی مانگیش تیرۆر كراو دواتریش تهرمهكهی له موسڵ دۆزرایهوهو چیرۆكێكی ههڵبهستراو بۆ كوشتنهكهی داتاشرا رۆژنامهنوس زهردهشت عوسمان بو..
یهكێكی تر لهو رۆژنامهنوسانهی كه له رۆژی 5ی كانونی یهكهمی 2013 له كهلار و له بهردهم ماڵهكهی خۆی تیرۆركرا رۆژنامهنوس كاوه گهرمیانی بوو.
یهكێكی تر لهو رۆژنامهنوسانهی كه له 13ی ئابی 2016 له پارێزگای دهۆك و له ژێر دهسهڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان تیرۆركرا، رۆژنامهنوس وهدات حسێن بوو.
تائێستا نەک بکەرانى ئەو تاوانانە ئاشکرا نەکراون بەڵکو کارى ڕۆژنامەوانى بووەتە کارێکى بڤە و مەترسیدار یان دەبێـت ببیتە سیبەرى سیاسەتى یەکێک لە حزبەکان یان ئەوەتا بە ئازادانە کاردەکەیت و بەردەوام رووبەڕووى هەرەشە دەکرێیتەوە.
کابینەى نۆیەم و ئامارە گشتییەکان
ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان لەسەر سكاڵای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران، ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە بڕیاری دادگای هەولێر سزای زیندانی شەش ساڵ بۆ هەر یەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا دەرکرا وخرایە بواری جێبەجێکردنەوە،
ئەمەش لە کاتێکدا بوو پێش بڕیارەکەی دادگا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ئەوانە “سیخوڕ و تێکدەرن”.
بڕیارەکەی دادگای هەولێر، ناڕەزایی سەدان هەزاری کەسی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێكەوتەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ناچارکرد قسەی لەبارەوە بکەن و خۆیان لە ڕۆژەڤەکە نەدزنەوە.
هاوکات ساڵ ٢٠٢١ یونامی و كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتێکدا لەبارەی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند: تێبینی ئەوەیان كردووە کە ئەو بەڵگانەی لە دانیشتنەكانی دادگا پێشكەش كراون، لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤدا ناگونجێن، بەتایبەتی پێشێلكاری لە مافی تۆمەتبار لە داواكردن بۆ پشكنین و پشتڕاستكردنەوەی ئەو گەواهیانەی كە لە دژیان خراونەتەڕوو.
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم مەترسی جدی لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری درووست کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٣١ پێشلکاریی بەرامبەر بە ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و میدیا ئەنجامدراوە.
نوێترین کەیسی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان
ئەو پێشێلکارییانەی کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دژی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، لە دوایین جاردا ڕووبەڕووی سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوزی کراوەتەوە.
سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای كوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری كوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسی رۆژنیوز لە بەشی عەرەبی کاردەکات، لە یەکـی تشرینی یەكەم، بۆ بەشداریكردن لە پرسەی باوكی و سەردانیكردنی خێزانەكەی، بەشێوەیەكی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای كوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەكانی پەدەكەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی یاساییان هەبێت.
لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردوە و دەڵێت “سلێمان ئەحمەد پەیوەندیی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” ، ئەمەش کاردانەوەى توندى لێکەوتەوە.
هەموو ئەوانەى باسکرا بەشێکى کەمە لەو تاوانانەى پارتى دیموکراتى کوردستان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ئەنجامى دەدات، بەڵام لەپێناو پاککردنەوە و سپیکردنەوەى ڕووى کابینە پۆلیسییەکەى، لە ئێستادا پارتى لەرێگاى میدیاکانیەوە، پارێزگاکانى دیکە تۆمەتباردەکات بە پێشڵکردن و بەرتەسککردنەوەى ئازادى ڕۆژنامەوانى.
لە کاتێکدا بەلەبەرچاوگرتنى ڕاپۆرتى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو زانیاریانەى لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتە ڕوو دەتوانین بلێین، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بەرزانی، جگە لە برسیکردنی هاوڵاتیان و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەریی کردووەتە ناسنامەی خۆی، بە جۆرێک ئازادی ڕۆژنامەگەریی و زیندان لەم هەرێمەدا بوونەتە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو.