×

2024-06-27 145 جار خوێنراوەتەوە

هەڵویستى لایەنە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان لەسەر دیاریکردنى وادەى نوێى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

ناوەندی هەواڵ

دیاریکردنى وادەى نوێى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ جارى پێنجەم لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە کاردانەوەى دەرەکى و ناوخۆى بەدواى خۆیدا هێنا و کۆمسیۆنیش ئامادەیى خۆى بۆ بەڕیوەچوونى ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەیەى دیاریکراوە دەربڕى، بەڵام تا ئێستا پێکهاتەکان هیچ هەڵویستێکییان نەبووە.

کەى هەڵبژاردن دەکرێت؟

رۆژى چوارشەممە 26-6-2024، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی 10ى یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیى هەرێم رۆژى 20ى مانگى 10ى 2024ى وەک رۆژى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.

تا ئێستا سەرۆكایەتی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پێنج مەرسومى دەرکردوە و بەم شێوەى لاى خوارەوە:

مەرسوومی یەكەم لە 24/2/2022 دەركراوەو رۆژی 1/10/2022 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

مەرسوومی دووەم لە 26/3/2023 دەركراوەو رۆژی 18/11/2023 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

مەرسوومی سێیەم لە 3/8/2023 دەركراوەو رۆژی 25/2/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

مەرسوومی چوارەم لە 3/3/2024 دەركراوەو رۆژی 10/6/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

مەرسومی پێنجەم  لە 26/6/2024 دەركراوە و رۆژی 20/10/2024 دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

دواى  پینجەمین جار لە دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیى خۆى نیشاندا لەو وادەیەدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدەن کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دیاریکردووە.

هەڵویستى یەکێتى لەبارەى دیاریکردنى وادەى نوێى هەلبژاردن

دیاریکردنى وادەى نوێى هەڵبژاردن لایەنەبەشداربووەکانى هەڵبژاردنى هەریمى هینایە سەرخەت و سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان رایگەیاند، وەک یەکێتى  پێشوازیى لە دیاریکردنى وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن و پێمان باش بوو ئەم هەڵبژاردنە ئەمڕۆ بکرایە.

وتیشى، وەک یەکێتى هەموو کارێک دەکەین کە هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا بەڕێوەبچێت و رووبەڕووى هەموو سیناریۆیەک دەبینەوە کە ببێتە هۆى پەکخستنى کارەکانى هەڵبژاردن، هیوادارین هەڵبژاردن لە دۆخێکى باش و دوور لە زمانى زبر بەڕێوەبچێت.

بۆچى پێشتر پارتى دژى بەڕیوەچوونى هەڵبژاردن بوو؟

 پێشتر بەهۆى کەمکردنەوەى کورسى پێکهاتەکان پارتى دژى بەڕیوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان وەستایەوە کە بڕیاربوو لە 10-6-2024 بەڕیوەبچێت، دواتر بەبڕیارى دادگاى فیدراڵى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان لە 111 کورسییەوە کەمکراوەتەوە بۆ 100 کورسى و کورسى پێکهاتەکان لە 11 کورسییەوە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج کورسى و ئەو پێنج کورسیەش دابەشى سەر پارێزگاکان کراوە.

مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان هەڵوێستى حزبەکەى لەبارەى وادە نوێیەکەى هەڵبژاردن ئاشکراکرد و دەڵێت، پارتى هەوڵیداوە پێشتەواوبوونى وادەی یاساىى پەرلەمانى کوردستان رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستپێبکات، بەڵام ئاستەنگ دروستکراوە، بۆیە لە 1ی ئازار پارتى هەڵوێستى خۆى راگەیاند و کەموکوڕییەکانى دیاریکرد.

بەوتەى مەحمود محەمەد، بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەرەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتی دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

بزوتنەوەى گۆران پیویستە پاک و بێگەردی دەنگدان پارێزراوبێت

بزوتنەوەى گۆڕانیش پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دەکات و  داواشدەکات رەوایەتی پرۆسەکە و پاک و بێگەردی دەنگدان پارێزراوبێت.

دوای دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش، کاتەکە بە گونجاو دەزانن و داوا دەکەن کێشە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دروست نەکرێت، بەڵام ئەوەى تا ئێستا جێگەى قسەو باسى میدیا و لایەنە سیاسییەکانە بێدەنگى پێکهاتەکانە لە راگەیاندنى هەڵوێستییان تایبەت بە بەڕیوەچوونى هەڵبژاردن لەو وادە نوییەى دیاریکراوە.

هەڵویستى وڵاتانى نێودەوڵەتى لەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

دیاریکردنى وادەى نوێى هەڵبژاردن بەرپرس و کایەتییە سیاسیەکانى عێراق و وڵاتانى نێودەوڵەتى هینایە سەرخەت و هەریەک لە عێراق و ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا هەڵویستى خۆیان لەبارەى بەڕیوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان خستەڕوو.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند پێشوازى لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ دیاریکردنى وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان وەک حکومەتى عێراق بەتەواوى پشتوانیى سەرخستنى ئەو پرۆسەیە دەکەین.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا  یۆنامی لە عێراق ئامادەیى خۆى بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکە دەربڕى و وتى، ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە.

ئەمڕۆش پێنجشەممە 27-6-2024، ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پێشوازی لە راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان دەکەن، لە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024.

ئەلینا رۆمانۆسکی ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دڵنیایی لە پاکی و شەفافی ئەم هەڵبژاردنە بدەن و هیوادارین چیدی پرۆسەکە دوانەخرێت.

کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین هەڵبژاردنێکی گشتگیر، ئازاد و دادپەروەرانەی پەرلەمانی کوردستانی عێراق مسۆگەر بکەن.

هەرچەندە پێشتر بڕیاربوو ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2024،  هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام هەڵبژاردن بۆ جاری چوارەم دواخراو بۆ پێنجەمین جار وادەیەکى نوێ کە 20-10-2024، دەستنیشانکراوە بۆ بەڕیوەچوونى ئەو هەڵبژاردنە.

شادان حەسەن


  • یەپەژە: تورکیا بەشە داگیرکراوەکەی هەرێم دەلکێنێت بەوڵاتەکەیەوە

  • سیناریۆکانی پارتی، کێ لەپشت تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی ئەکرم ساڵحەوەیە؟

  • ئیرادە.. ڕاپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

  • لە بارەی سوتاندنی بازاڕەکانی کوردستان پارتی سیناریۆ دروست دەکات

  • لەسەر بێدەنگی پارتی بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا، یەکێتی لە بەغدا سکاڵای کردووە

  • هەڵویستى لایەنە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان لەسەر دیاریکردنى وادەى نوێى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

  • گەندەڵى و شاردنەوەى داهاتى نەوت، هەرێمى ڕووبەڕووى مەترسى کردووەتەوە

  • ڕۆژنامەی ( العرب )مشتوومڕە سیاسیە بێوچانەکەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

  • پێگەی(العرب) بەلەمە ژێر ئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا وێنە ڕاستەقینەکەی کوردستانی ئاشکرا کرد

سەرەکی