7   کاتژمێر پێش ئێستا 130 جار خوێنراوەتەوە

کتێبی تاوانەکانی بەعس لە عێراق؛ تەنها ٪٣ی بۆ کورد تەرخانکراوە و ناوەکەی بە "باکووری عێراق" هێناوە

چاپکردنی کتێبێکی تایبەت بە «تاوانەکانی حیزبی بەعس» لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵەوە بۆ قۆناغی چوارەمی ئامادەیی، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لە ناوەندەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێناوە؛ بەو پێیەی کتێبەکە بەشێکی زۆری بۆ پێکهاتەکانی دیکە تەرخان کردووە و تاوانە گەورەکانی دژ بە گەلی کورد، لەوانەش جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەی بە تەواوی تێدا فەرامۆش کراوە.

تەنها ۳٪ی کتێبەکە بۆ کورد تەرخانکراوە

کتێبەکەی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ کە لە ٩٥ لاپەڕە، سێ بەش و ١٥ بەند پێکهاتووە، زۆرینەی لاپەڕەکانی بۆ تاوانەکانی دژ بە پێکهاتەکانی شیعە، تورکمان و دواتر عەرەبی سوننە تەرخان کردووە. لە بەرامبەردا، تەنها سێ لاپەڕەی بۆ کورد دابین کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی تەنها ۳٪ی تەواوی ناوەڕۆکی کتێبەکە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە، سەرەڕای ئەوەی ناوی هەرێمی کوردستان بە «باکووری عێراق» ئاماژەی پێکراوە، بە شێوەیەکی زۆر سادە و ڕووکەشانە باس لە چوار ڕووداو لە مێژووی باشووری کوردستاندا دەکات، ئەوانیش:

هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی

بۆردوومانی زانکۆی سلێمانی

ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازار

ڕێککەوتنی جەزائیر

ئەمەش بێ ئەوەی لە کتێبەکەدا هیچ هەڵوەستەیەک لەسەر قەبارەی زیانەکان، لێکەوتەکان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بکرێت.

سڕینەوەی گەورەترین تاوانەکانی جینۆساید

سەرەکیترین خاڵی ڕەخەنە و ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئەم مەنهەجە خوێندنە، نەبوونی هیچ ئاماژەیەکە بۆ دوو گەورەترین تاوانی جینۆساید دژ بە گەلی کورد؛ کە ئەوانیش کیمیابارانی هەڵەبجە و پرۆسەکانی ئەنفالن.

ئەم فەرامۆشکردنە لە کاتێکدایە کە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی دیکە. هاوکات پرۆسەی ئەنفال، ڕفاندن و زوڵمکردن لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی کوردی لێکەوتەوە، کە تا ئێستا روفاتی تەنها ٢ هەزار و ٦٩٦ ئەنفالکراو گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمان

سەبارەت بەم پرسە، پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران دەستپێکردووە و تا ئێستا توانراوە ٦٧ ئیمزا کۆبکرێتەوە. پەرلەمانتاران ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی ئەم تاوانانە لە مەنهەجەکەدا هەڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بابەتێکی سیاسییە. ڕاشیانگەیاندووە کە یاداشتێک سەبارەت بەم پرسە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بەمەبەستی پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە کتێبەکەدا.

هەڵوێستی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم

لەمبارەیەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەم کتێبە سێ ساڵ لەمەوبەر (لە ساڵی خوێندنی 2022-2023) دەرچووە و ئێمە هەر لە سەرەتاوە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆمان بە وەزیری پەروەردەی عێراق گەیاندووە و ناوبراویش هاوڕا بووە."

وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەیان کتێبێکی تایبەتی بەناوی "جینۆسایدی گەلی کوردستان" هەیە، کە بە هەردوو شێوەزاری کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەخوێندرێت. هاوکات ئامادەییی کاملانی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی تێکست و زانیاریی زانستیی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆساید بە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، تاوەکو لە چاپە نوێیەکانی کتێبەکەدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە و مافی مێژوویی گەلی کورد فەرامۆش نەکرێت.

  • کتێبی تاوانەکانی بەعس لە عێراق؛ تەنها ٪٣ی بۆ کورد تەرخانکراوە و ناوەکەی بە "باکووری عێراق" هێناوە

  • تەقینەوەی تووڕەیی لە باکووری کوردستان؛ ئازادکردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ١٣ ساڵان کاردانەوەی لێکەوتەوە

  • سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە ئیستانبوڵ چییان ده‌كرد؟

  • دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ حکومڕانی و خەرجکردنی ملیاران دۆلار؛ بۆچی بەشێک لە ڕێگاکانی هەرێم هێشتا نەبوونەتە دووساید؟

  • لێدوانە توندەکانی ترەمپ و وەڵامەکەی ڕەزایی؛ قەتەر و پاکستان هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن

  • ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و موجتەباش ئامادەکاری دەکات

  • مشتومڕی دوو حزب لەسەر پرسی کورد لە ئێران؛ "ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک" هەنگاوە یان خۆتواندنەوە؟

  • سڵاوی تایبەتی ئۆجەلان و داواکاری بۆ دەستوورێکی نوێ؛ پڕۆسەی ئاشتی لە لێواری قۆناغێکی هەستیاردایە

  • پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان خێرا دەکرێت؛ DNO پلانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات

سەرەکی