×

2024-07-06 447 جار خوێنراوەتەوە

سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی سلێمانی ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆ شەممە 6ی تەمووز، سەرەڕای ئامادەبوونی تیمی تەندروستی لە کوشتارگەی سلێمانی، هیچ ئاژەڵێک نەهێنراوە بۆ کوشتارگەکە و هیچ ئاژەڵێک سەرنەبڕاوە ئەوەش وەک هەڵوێستێک بەرامبەر بڕیارێک، گۆشتفرۆشانی سلێمانی نیگەران کردووەو سەربڕینی ئاژەڵیان راگرتووە.

لە کوشتارگەی سلێمانی دوای پشکنینەکانی کوشتارگەکە کۆمپانیایەک کاری پشکنین بۆ گۆشت ئەنجامدەدات، لەبەرامبەر ئەوەدا بڕە پارەیەک وەردەگرێت، ئەوەش گرفتی بۆ خاوەن ئاژەڵ و گۆشتفرۆشان دروستکردووە.

ئاسۆ عومەر، نوێنەری گۆشتفرۆشانی سلێمانی بە میدیای یەکێتی وتووە، نرخی گۆشت گرانە و ئەو کۆمپانیایەش جارێکی دیکە دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و کەمبوونەوەی لە بازاڕدا.

دەشڵێت، لەبەرامبەر ئەوەدا گۆشتفرۆشانی سلێمانی سەربڕینی ئاژەڵیان راگرتووە، ئەو بڕیارەش کاریگەری لەسەر بازاڕ و تەواوی چێشتخانە و ماڵانیش دەبێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و نەمانی گۆشت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەتاوەکو ئەو بڕیارە رانەگیرێت گۆشتفرۆشان ئامادە نین ئاژەڵ سەرببڕن.

لەلایەکی دیکەوە، د. بورهان عومەر، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەریی سلێمانی ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ وەکو ستافی پزیشکیی کوشتارگەکە کاتژمێر 10ی بەیانی لە شوێنی کارەکەمان ئامادەبووین، بەڵام هیچ ئاژەڵێک لەلایەن گۆشتفرۆش و قەسابەکانەوە نەهێنراوە بۆ سەربڕین".

محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی هۆکاری سەرنەبڕینی ئاژەڵەکانی ڕونکردووەتەوە دەڵێت،"  پاش ئەوەی بڕیاردرا کۆمپانیایەکی نوێ لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا پشکنینێکی نوێ بۆ ئاژەڵان بکات، خاوەن ئاژەڵەکان ڕازی نەبوون و ئەمڕۆ شەممە هیچ ئاژەڵێکیان نەهێناوە بۆ کوشتارگەکە.

لەبارەی کۆمپانیاکەوە محەمەد محێدین، ڕایگەیاندووە "کۆمپانیاکە ناوی "هامسایە" و وابڕیارە بڕی 2000 دینار بۆ هەر ئاژەڵێک وەربگرێت، ئەم کۆمپانیایە ڕێکەوتنی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێتەرنەریدا کردووە و لەمەودوا هەموو ئاژەڵەکان ئەم پشکنینەیان بۆ دەکرێت".

کوشتارگەی سلێمانی لەڕووی تەندروستییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەرییە و لەڕووی ئیداریشەوە سەر بە کەرتی تایبەتە و کۆمپانیای "سەگرمە" بەڕێوەی دەبات.

کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی دەکەوێتە گوندی قەرەگۆل لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕۆژانە خاوەن ئاژەڵان ئاژەڵەکانیان دەبەن بۆ کوشتارگەکە و پاش ئەوەی ئاژەڵەکان سەردەبڕرێن، گۆشتەکەیان لەلایەن تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەریی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و بڕیار لەسەر تەندروستبوونی گۆشتەکە دەدرێت، ئەو گۆشتەی لەژێر پشکنیندا دەرناچێت لەناودەبرێت و ئەو گۆشتەشی لە پشکنینەکاندا دەردەچێت بۆ ماوەیەک دەخرێتە ناو بەفرگر و پاشان دەبرێت بۆ بازاڕ و گۆشتفرۆشەکان.

 

  • وەزارەتى دارایی خشتەى مووچەى مانگى نۆی بڵاوکردەوە

  • زیاتر لە 77 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى هەرێم خرایەسەر هەژمارى دارایی فیدراڵ

  • خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی 9 بە هاوتاکراوی وەرناگرن

  • وەزارەتى دارایى هەرێم مووچە خۆران بێئومێد دەکات

  • هه‌رێم له‌ ناردنى پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بێ ئومێد بووه‌؛ له‌ داهاتى ناوخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كات

  • ناتۆ: گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپچڕێنێت

  • هاوڵاتییه‌كى هه‌رێمى كوردستان به‌ بلیتێك ده‌بێته‌ ملیۆنێرى دینار

  • هەرێم لەسەر داوای ئۆپیك بەرهەمهێنانی نەوت كەمدەكاتەوە

  • بەمەرج مووچەى خانەنشینانى یەکەى 70 خەرجکرا

سەرەکی