×

11ی سێپتەمبەر
2024-09-11 83 جار خوێنراوەتەوە

11ی سێپتەمبەر ئەو هێرشەی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکای بەڕووی جیهاندا گۆڕی

ناوەندی هەواڵ

پێش 23 ساڵ و لە ڕۆژێکی پر جوڵە بە ئیش و کار ئەمریکا گورزێکی کوشندە و تراژیدی بەرکەوت،  مەترسیدارترین ڕووداوی مێژوویی و نیشتیمانی لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە بینی.

لەو ڕۆژەدا ئەمریکا شۆککرا و لە هەمانکاتدا گۆرانکاری گەورەی لە ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی سەلامەتی وڵات و هەواڵگریدا کرد، 11ی سێپتەمبەر وایکرد بۆ یەکەمجار لەدوای دەیان ساڵ ئاسایشی فڕۆکەخانەکان تا ئاستێکی زۆر تووند تر بکرێت و لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەمریکییەک بکرێت.

11ی سێپتەمبەر ئەو ڕۆژەبوو بوشی کوڕ گورزە گەورەکەی قاعیدەی بەرکەوت و وایکرد بڕیاری لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە و هاوکاری بدات.

11 سێپتەمبەر چی ڕوویدا؟

لە بەرەبەیانی 11ی ئەیلولی 2001 (11ی سێپتەمبەر)، دەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ سەرنشینانی  دوو فڕۆکە لێدەدرێت، دوو فڕۆكەی نەفەرهەڵگر لە جۆری بۆینگ 757 لە گەشتێكیاندا لە نێوان بۆستن و لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكا ڕفێندران و دەستیان بەسەرداگیرا، سەرەتا هیچ گومانێک بۆ کارێکی تیرۆرستی نەبوو تا دواتر خۆیانكێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی و هەردوو تاوەرەكەیان تەقاندەوە، هاوکات هێشتا شۆکی ئەو ڕووداوە نەگەیشتبووە هەموو ئەمریکا، هەواڵ هات کە فڕۆکەی سێهەم لە ئاسماندا ڕفێندراوە و بەرەو باڵەخانەی پنتاگۆن دەچێت، دوای نزیکەی 20 خولەک فڕۆکەی سێهەم خۆی کێشا بە باڵەخانەی ناوەندی پنتاگۆن.

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەوکاتەدا ڕایانگەیاند، پلانەکە بە 19 تیرۆریستی سەر بەرێكخراوی ئەلقاعیدە جێبەجێکراوە، ‌لە پاش دەستبەسەراگرتنی چوار فڕۆكە‌ لە چەند كاتێكی نزیك یەكدا، سێ هێرشی خۆكۆژییان بەفڕۆكە‌كانەوە كردە سەر سێ شوێنی سەرەكی ئەمەریكا، بەڵام فڕۆکەی چوارەم لەلایەن سەرنشینانەوە ڕێگری لێکرا ئامانجەکەی بپێکێت و خۆیان خستە خوارەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکان ئەو 19 تیرۆریستە، 15 یان هەڵگری ڕەگەزنامەی سعودی و 2 یان ئیماراتی و یەكێكیان میسری و یەکێکیان لوبنانی بوون،ڕوواوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و 997 كەس و هەزارانی دیكەش برینداربوون، لەكاتی ڕووداوەکەدا واشنتۆن ڕێكخراوی قاعیدەی بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتباركرد و دواتریش بەهەمان بیانوو هێرشیكردە سەر ئەفغانستان.

دوای 11سێپتەمبەر چی گۆڕا؟

بەر لە 23 ساڵ ئەمریکا مەترسیدارترین ڕووداوی نیشتیمانیی بەخۆیەوە بینی، ڕووداوێک کە ئیدارەی ئەوکاتەی کۆشکی سپی ناچار کرد سەر لەنوێ سیستمی جیهانیی دابڕێژێتەوە و جەنگێکى گەورە و هەمەلایەن ڕابگەیەنێت، کە پێى دەوترێت جەنگى دژ بە تیرۆر.

ڕووداوەکە تەواوی  تێڕوانینی ئەمریکای بەڕووی ناوخۆ و جیهان گۆڕی، بەتایبەت بەرامبەر ئیسلام و ئیسلامییەکان، و تەنانەت جیهانی ئیسلامی بەگشتی.

ئەوەی 11ی سێپتەمبەر جێیهێشت لە ناوخۆی ئەمەریكا، جگە لە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك و كەسایەتی و دیپلۆماتكار، وایكرد گومان لەهەر كەسێكی موسوڵمان بكرێت كە گەشت بۆ ئەمەریكا دەكات لەو وڵاتانەی كە لە تیرۆرەوە گلاون، هەروەها لەڕووی دارایی و ئابورییەوە ناردن و حەواڵەكردنی پارە ‌ئاستەنگی بۆ دروستبوو، ناردنی پارە ‌بەشێوەیەك قورس کرا، تەنیا لە رێگەی بانكەكانەوە رێگە دەدرێت پارەی زۆر و ژمارەی قەبە بنێرێت، جگە لەوەی فەرمانبەری بانكەكە داوای زانیاری لەسەر سەرچاوەی پارەكە دەكەن، بانكەكەزانیارییەكان رەوانەی ئێف بی ئای دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و ئاگاداركرانەوە ‌لەچۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە.

ئەمریکا دوای ڕووداوەکە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەمەریكا نین لەناو فڕۆكە‌خانەكاندا گرتەبەر، هاوکات لەلایەنی ئابووریشەوە بووە هۆی لەدەستدانی 143 هەزار پلەی وەزیفی و دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری كرێی ئەو كەسانەی كاریان دەكرد لە نیویۆرك، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی دوای ڕووداوەكە، لەهەمانکاتدا گەوەرترین زیان لەماوەی ئەو چەند ڕۆژە بەر هێلێ ئاسمانی ئەمەریكا كەوت كە بووە ‌هۆی له ‌كاركەوتنی 60%ی هێڵی كاركردنی فەرمانبەران.

لەڕووی تەندروستیشەوە بەهۆی ئەو تەپوتۆزەی كه ‌ناوچەكەی گرتەوە ‌لەو ڕۆژەدا، 10 هەزار كەس تا ساڵی 2018، دەستنیشانكراون كە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بوون.

هاوکات بەشێک لەو سەبازانەی لە بەشی چاودێری و کۆنترۆڵی فڕینی فرۆکەی لەشکری لە ئەمەریکا کاریان دەکرد، دوای هێرشە تێرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەر گوازرانەوە بۆ بنکەی سەربازی باگرام لە ئەفغانستان. 

زیانەکانی هێرشەکەو تێچووی جەنگەکانی ئەمریکا دوای 11ی سێپتەمبەر

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک دەربارەی تێچووەکان، تێچووی جەنگی ئەفغانستان گەیشتە 2.3 تریلیۆن دۆلار، ئەم ژمارە ئەو پردە ئاسمانییە زەبەلاحە ناگرێتەوە کە ئەمریکا ئەنجامی دا بۆ گواستنەوەی 123 هەزار کەس لە ئەفغانستان.

بەپێی خەمڵاندنەکانی تۆێژەران لە زانکۆی "براون"، ئەمریکا 5.8 تریلیۆن دۆلاری لە جەنگی ئەفغانستان و ململانێیەکانی دیکەی پاش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر خەرج کردووە، ئەم تێچووانە بریتین لە خەرجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر هەموو شتێک هەر لە کەرەستەی سەربازیی و ئاسایشی نێوخۆیی و قەرەبووکردنەوەی خانەوادەی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکا.

راپۆرتەکە ئاشکرای کرد، تێچووی ململانێیەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا گەیشتە 2 تریلیۆن دۆلار، تێچووی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شوێنەکانی دیکە وەک سۆماڵ و چەند بەشێکی ئەفریقیا گەیشتە نزیکەی 355 ملیار دۆلار.

هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێبکاری واژوو کرد کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ڕادەسپارد بۆ هەڵگرتنی نهێنی لەسەر بەڵگە پەیوەستەکان بە هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەرەوە.

ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" ڕایگەیاند، فەرمانە جێبەجێکارەکە پاڵپشتییەکە بۆ خانەوادەی قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر کە ماوەیەکی دوورودرێژە هەوڵ دەدەن ئەو بەڵگانە بەدەستبهێنن وەک هیوایەک بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی حکوومەتی سعوودیەوە بەو هێرشانەوە.

ئاژانسەکە ئەوەشی زیاد کرد، "لێکۆڵینەوەکانی پێشتر بوونی پەیوەندی هاووڵاتیانی سعوودی لەگەڵ هەندێ لە ڕفێنەرانی فڕۆکەکان ئاشکرا کرد، بەڵام ئەوەی نەسەلماند کە حکوومەتی سعوودیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لەو هێرشانە".

هەرچەندە 23 ساڵ بەسەر 11 ی سێپتەمبەردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە بەسەر عێراقەوە بەردەوامی هەیە، بەتایبەت دروستبوونی حکومەتی ئێستا عێراق یەکێکە لە لێکەوت و ڕووداوەکانی 11 ی سێپتەمبەری ئەمریکا.

  • نوێترین ئاماری کوژران و بریندارانی هێرشەئەلیکترۆنییەکەی سەر لوبنان ڕاگەیەندرا

  • کارەساتەکەی حزبوڵا، قۆناغی مەترسیدار لە تەکنەلۆجیای جەنگی

  • لوبنان؛ بەهۆى تەقینەوەى ئامێرى بێتەل سەدان چەکداری حیزبوڵا برینداربوون

  • وەرگەڕانى پاسێک 51 قوربانى لێکەوتەوە

  • زێلێنسکی گومانی لە لێدوانەکانی ترەمپ هەیە

  • سەرۆکی ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات

  • نەتەوە یەکگرتووەکان شکستى جیهانى لە پاراستنى هاوڵاتیانى مەدەنى لە غەززە راگەیاند

  • بۆ یەکەمجار موشەکی حوسییەکان دەگاتە ناوەڕاستی ئیسرائیل

  • لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەچوو

سەرەکی