×

وێنەی کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
19   کاتژمێر پێش ئێستا 86 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نەدانی مووچە دەخاتەوە ئەستۆی بەغداد

ناوەندی هەواڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی رایگەیاند، حكومەتی فیدراڵی "پابەند نەبووە" بە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024. 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە: "بەپێی خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ كە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنیا بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجكردووە."

"حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵیی لە داهاتیی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرجكراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی دیكەی هەرێمی خەرج نەكردووە لە تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان." ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

 ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مەسروربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی باڵای دیكەی ئەو وڵاتە كرد و ڕوونی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێكهاتەكان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە كرایەوە.  

لە بڕگەی یەكەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری لەبارەی بارودۆخی داراییی ساڵی 2024 خرایەڕوو، كە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانكراو لەناو خشتەكانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناكۆكی و كێشەیەكی نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حكومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە لە كۆی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ كە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجكردووە، بۆیە حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرج كراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی دیكەی هەرێمی خەرج نەكردووە لە تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.

دواتر لە لایەن عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێك لەبارەی ئیعتمادكردنی ژمارەی كەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواكراوەكان بۆ بەغدا خستەڕوو، كە بەم هەنگاوەش، كۆتایی بە بیانووی حكومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری كرد، لە ئامادەكردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفیی مووچەخۆران.

بڕگەی كۆتایی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) كە قۆناخێكی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەكان و یەكە ژمێریارییەكانیان لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كە لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلكترۆنی ئامادە دەكرێت و بەبێ كەموكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ كردووە و لە هەوڵەكانیشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵە تەواوكاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025داین و مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەكانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەكانی مووچەی چارەسەركردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەكەشی بە تەواوی و بەبێ كەموكوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.

 

  • بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

  • هەسەدە: کوژرانی 63 چەکداری میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لەبەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ڕاگەیاند

  • مەزلوم عەبدی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەرێنی بوو

  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نەدانی مووچە دەخاتەوە ئەستۆی بەغداد

  • هەسەدە: هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانمان تێكشكاند

  • هەسەدە: تورکیا بە درۆن کاروانی هاووڵاتیانی مەدەنیی بەنداوی تشرینی کردە ئامانج

  • شاندی دەم پارتى سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە

  • سۆران عومەر: بەغدا مووچەى مانگى 12 ناردووە حکومەت لە خەڵکى شاردووەتەوە

  • خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکی نێوان دوکان-رانیەیان داخست

سەرەکی