×

حوسێن ئەحمەد عەبدوڵڵا
2   کاتژمێر پێش ئێستا 52 جار خوێنراوەتەوە

چیرۆكی ئەو هاوڵاتییەی ماوەت كە دووجار فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیا بۆردومانی دەكات

ناوەندی هەواڵ

ئەندامێكی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی ئاشكرایكرد، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت، بەدوای جوتیارێك دەكەوێت و دوو جار بەئامانجی دەگرێت.

حوسێن ئەحمەد عەبدوڵڵای تەمەن ٥٠50ساڵ، خەڵكی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینكایەتییە لە قەزای ماوەت. حوسێن لە سلێمانی دەژی و بۆ كاری باخەوانی و جوتیاری جار جار سەردانی گوندەكەی دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی نان و دابینكردنی بژێوی ژیانی دەدات.

كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی بەمجۆرە چیرۆكەكەی گێڕاوەتەوە: لە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگەدا، حوسێن بۆ كاری جوتیاری، بە ئۆتۆمبێلەكەی كە لە جۆری نیسان-پیكاپ 2002ە، ڕوودەكاتە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵە و دەستدەكات بە سماق بڕین. كات دەگاتە نزیك كاتژمێر 3،15  خولەكی دوانیوەڕۆ، حوسێن گوێی لەدەنگی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەبێت كە زۆر بە نزمی بەسەر باخەكەدا دەسوڕێتەوە. ئەمە وایلێدەكات كە بترسێت و بەزوویی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەكەی. كاتێك ئۆتۆمبێلەكە دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە نزیكتر دەبێتەوە، حوسێن بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەكەی دێتە دەرەوە و ڕادەكات، هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە، بۆمبێك ئاراستەی ئۆتۆمبێلەكە دەكات و شوێنی دانیشتنی شۆفێر لە ئۆتۆمبێلدا دەپێكێت. 

حوسێن وتویەتی:ئەگەر تەنیا 10 چركە دواكەوتبام لە هاتنە دەرەوە لە ئۆتۆمبێلەكە، ئەوا بێگومان ئێستا نەمابووم و هەپروون بە هەپروون دەبووم. ئەو جوتیارە دڵنیا دەبێتەوە كە ئەم ئامانجە و كەسیش نیە بیپارێزێت تەنیا زیرەكی خۆی نەبێت لە خۆ حەشاردان و پەنا بردنە بەر شوێنێكی سەلامەت.

حوسێن بە گاگۆڵكێ و خۆ خلۆركردنەوە، خۆی دەگەیەنێتە شیوێكی پێش گوند. لەوێدا خۆی گرمۆڵە دەكات بۆئەوەی نەكەوێتە بەر لێنزی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە و بە ئامانج نەگیرێت. لە خەیاڵی ئەوەدابوو، كە ئەگەر بە ئامانج بگیرێت دەبێت دواتر دەوڵەتی توركیا چ تۆمەتێكی بۆ دابتاشێت و بەچی تاوانباری بكات، لەو كاتەدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە لەنزیك شوێنی حوسێن بۆردوومانی دووەمی كرد. ئەمجارەش حوسێن بەرنەكەوت و وەكو خۆی دەڵێت ڕۆژی دوایی نەهات، ئەمە وایلێدەكات كە لە شیوەكەدا زیاتر خۆی بشارێتەوە و تاوەكو دونیا بەتەواوی تاریك دەبێت نەیەتە دەرەوە. 

وەك حوسێن دەڵێت فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە، بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بەسەر باخەكەدا دەسوڕێتەوە و چاوەڕێی دەركەوتنەوەی حوسێن دەكات تاوەكو بەئامانجی بگرێت، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆكەكە نامێنێت، حوسێن بە ڕاكردن و بێ ئاوڕدانەوە خۆی دەكات بە گونددا و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەدات بە خەڵكی گوندی گەڵاڵە كە پێیان وابوو حوسێن پێكراوە و گیانی لەدەستداوە.

سوپای توركیا، بەمەبەستی چۆڵكردنی گوندەكان و ئاوارەبوونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جوتیار، ئاژەڵدار و هاووڵاتییانی سەرسنور بە ئامانجدەگرێت.
 

 

  • مۆنیتۆر: مەزڵوم عەبدی سەردانی هەولێر دەكات

  • چیرۆكی ئەو هاوڵاتییەی ماوەت كە دووجار فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیا بۆردومانی دەكات

  • جارێکى دیکە تورکیا کاروانی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردە ئامانج و قوربانى هەیە

  • وادەى بەدابەشکردنى پارەى بژێرەکان راگەیەندرا

  • جۆن کێربی: ناكرێت توركیا مەترسییەكانی بكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر كورد

  • وەزارەتى دارایى ڕاگەیەنراوێکى لەبارەی ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردوویەتى بڵاوکردەوە

  • سلێمانی؛ خاوەنی تانکەرەکانی نەوت، گردبونەتەوە و ڕێگای تانجەرۆیان داخست

  • مەرال بێشتاش: یاساکانی تورکیا لە دژى کورد داڕێژراونەتەوە

  • ڕوانگەی سوری: هاوپەیمانان و هەسەدە ئاستی هەماهەنگیی سەربازییان زیاد دەکەن

سەرەکی