کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم
2025-01-19 119 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

ناوەندی هەواڵ

لیژنەی دارایی ڕایگه‌یاند، پێویستە حکومەتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، لە رێگەی هەمواری بودجەشەوە دەیانەوێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

لیژنەی داریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتا دانیشتنی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی ئەنجامدا و راپۆرتی کۆتایی خۆی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادەکرد، بۆ هەموارکردنەوەی مادەی 12ی یاسای بودجەی فیدراڵی، بۆ گرەنتی چارەسەرکردنی کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوی یەکەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دیاریکرا، لەناویاندا هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لە رێگەیە پابەندکردنیان بە یاسا و دەستور و داخستنی ئەو کەلێنانەی کە پابەندبوونی یاسایی دەستەبەر ناکەن.
لیژنەی دارایی، جەخت دەکاتەوە پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، هەروەها وردەکاریی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانیشی پێبدات بۆ گرەنتیکردنی شەفافیەت و هاوبەشیی لەو کەرتەدا.

لیژنەی دارایی پێداگریی کردووە کە ئەو بڕگانە لە یاساکەدا جێ بکرێتەوە کە تایبەتن بە دۆسیەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە رادەستکردنی داهاتەکانی بە حکومەتی فیدراڵی.

بڕیارە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بڕگەی دووەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) ژمارەی 13ی ساڵی 2023، کە لەلایەن لیژنەی دارایی ئامادەکراوە.

هەمواری بودجە و تێچووی نەوتی هەرێم

 پێشنیازی هەمواری ماددەی 12 ی یاسای بودجەی سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 كە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە.

بەپێی رێكکەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغداد و هەولێر، رۆژانە هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەو ژمارەیەش لەسەر پشكی عێراق لە بەرهەمهێنان هەژمار دەكرێت، كە رێكخراوی ئۆپیك دەستنیشانی كردووە و بڕەكەی چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزاری تایبەتە بە هەناردەی دەرەوە و یەك ملیۆن بەرمیلیش تایبەتە بە پێداویستی ناوخۆ.
هەناردەی نەوت
ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە راگیرا.

دوای نزیکەی دوو ساڵ تائێستا دیار نییە کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوه‌،  بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) زیانەکانی رگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 18 ملیار دۆلار بووە.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌ و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان‌ و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.

پێویسته‌چی بكرێت؟
ئێستاش بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی هەمواری بڕگەی "ج" ی ماددەی 12 ی یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق دەكرێت كە حكومەتی عێراق هەمواری كردووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە، بەڵام ناكۆكییە سیاسییەكان تائێستا رێگربووە لە هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان.

 

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی