2   کاتژمێر پێش ئێستا 56 جار خوێنراوەتەوە

پسپۆڕان چی دەڵێن؟؛ وتەبێژی حكومەتی عیراق:هیچ نیازێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەت هیچ نیازێكی نییە بۆ چاپكردنی دراو یان بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ئەم رێوشوێنانە خزمەت بە هاوڵاتیان ناكەن.پسپۆڕانیش لەوبارەیەوە دڵنیایی دەدەن و هۆكارەكانی ناجێگیری نرخی دیناریش بەرامبەر بە دۆلار ئاشكرا دەكەن.

ماوەیەكە لەگەڵ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، باس لەوەدەكرێت كە بانكی ناوەندی عێراق پلانی دەستكاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری هەیە، پسپۆڕێكی ئابوری عیراق دەڵێت هیچ نیەتێكی وا لە ئارادا نیە،پسپۆڕێكی كوردیش دەڵێت ئەم ناجێگیریەی نرخی بازاڕ دۆخێكی كاتییە.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ڕایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆكایەتی لیژنەیەكی تایبەتمەند دەكات كە ئەركی كەمكردنەوەی پشتبەستنی بودجەی وڵاتە بە نەوت لە 90% ەوە بۆ 45% لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا و زیادكردنی داهاتی نانەوتی نەوت لە رێگەی دەروازە سنورییەكان و گومرگ و چالاككردنی رێگاكانی كۆكردنەوەی پارە.

عەبودی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتیشی، زەیدی بەڵێنیداوە مووچە لە حكومەتی عێراق وەرنەگرێت و وتویەتی پێویستم پێی نییە، یەكێكە لەو كەسایەتییە ئابورییانەی دەسەڵات گەندەڵی ناكات، بە راگەیاندنی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا خۆی كاندید ناكات و سەرقاڵی پێكهێنان یان بونیاتنانی پارتی سیاسی نابێت، خۆی لە حساباتە پێشوەختەكان رزگار كردووە، لەبری ئەوە بڕیاری داوە گرنگی بە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت و چارەسەركردنی پێداویستییەكانی خەڵك و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بدات.

عەبودی روونیشی كردەوە، حكومەتی نوێی عیراق تەمەنی تەنیا مانگێك و نۆ رۆژە، بەڵام بە بوێرانە لە دۆسییەكان نزیك بووەتەوە و دەستیكردووە بە چارەسەركردنی كەموكورتییەكان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەتدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێوەرەكانی گەندەڵی زاڵ بوو بەسەر ڕای گشتیدا.

وتەبێژی حكومەتی عێراق دەشڵێت، كاتێك پیاوێك كە سیاسەتمەدار نییە لە قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدا ئەركێكی نیشتیمانی دەگرێتە ئەستۆ لە دۆخێكدا كە رێڕەوەكانی وزە بۆ ماوەیەكی كاتی تووشی پەككەوتن بوون و كاریگەرییان لەسەر هەناردەكردنی عیراق هەبوو، كە بودجەی فیدراڵی لەسەری وابەستە، حكومەت هیچ بژاردەیەكی نەبوو جگە لە گرتنەبەری ستراتیژییەكی روون بۆ ئاڕاستەكردنی وڵاتەكە بۆ كەناری ئارامی.

سەبارەت بە دۆخی دارایی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رەتیكردەوە هیچ نیازی چاپكردنی پارە یان گۆڕینی نرخی دراویان هەبێت و وتی هیچ نیازێك نییە پارە چاپ بكرێت یان نرخی دۆلار بەرزبكرێتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی نەختینە، ئەم جۆرە رێوشوێنانە خزمەت بە هاووڵاتیان ناكەن و تەنها بارگرانی زیاتر لەسەریان دادەنێت.

مەنار عوبەیدی، پسپۆڕی بواری ئابوری دەڵێت، هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاردا ناكرێت.

عوبەیدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی، هەموو ئەو باسانەی لەبارەی بوونی نیازێكی نزیك دەكات بۆ گۆڕینی نرخی دینار دەنگۆی بێ بنەمایەو دوورە لە راستی.

ئەو پسپۆڕە ئابورییەی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی دراو دەبێتە هۆی كۆمەڵێك كێشە، كە پێشتر روونكراونەتەوە، زیانەكانی زیاترە لە سودەكانی، بۆیە ئێستا هیچ نیازێك نییە بۆ كەمكردنەوە یان دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.

راشگەیاندووە، ئەوەی پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا پاكێجێكی چاكسازییە كە پەیوەندی بە داڕشتنەوەی خەرجییەكانی كارپێكردن و كاركردن بۆ زیادكردنی داهاتی نا نەوتی و رێكخستنی هاوردەكردنی كاڵای ناپێویستە.

هەر لەوبارەیەوە، دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق و پسپۆڕی ئابوری ڕایگەیاندووە، ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار تەنها لە بازاڕی رەش روویداوە، نرخی ڕەسمی دۆلار لە بانكی ناوەندی جێگیرە.

دەشڵێت، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەبازاڕدا زیاتر بەهۆی زۆربوونی خواستی كڕینی دۆلارەوەیە نەك كەمبوونی خستنەڕوو.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق كە لە لیژنەی دارایی بوو، باس لەوەشدەكات، هۆكاری سەرەكی لە زیادبوونی خواستی كڕین بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و پێشبینی و لێدوانی هەندێ كەسانی نەشارەزا و ناپسپۆر سەبارەت بە ئایندەی نرخی دۆلارە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەراوكێ لای هاوڵاتیان و مامەڵەكارانی بازاڕ لە دابەزاندنی نرخی ڕەسمی دینار بەتایبەت لەدوای گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی،مەترسی قەیرانی دارایی حكومەت لەبەردەوامیی گرژییەكانی ناوچەی كەنداو و راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە بەندەرەكانی باشوور.

دكتۆرە نەرمین مەعروف دەشڵێت، نرخی ڕەسمی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵە جێگیر كراوە و بەردەوام دەبێت تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی نوێ بۆ ساڵی 2027 كە هێشتا چەند مانگێك ماوە بۆ ئامادەكردن و ناردنی بۆ پەرلەمان.

بانكی ناوەندی بەردەوامە لە فەراهەمكردنی دۆلاری پێویست بۆ تەمویلیكردنی هاوردە و پابەندییەكانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی دەرەكی عیراق بەهۆی هەبوونی یەدەكی دراوی بیانی بە بەهای زیاتر لە 90 ملیار دۆلار.

  • ئایا ئێران دەتوانێت هەژموونی لە عێراق بپارێزێت؟

  • پسپۆڕان چی دەڵێن؟؛ وتەبێژی حكومەتی عیراق:هیچ نیازێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار

  • پلانی کوشتنی چەند سەرکردەیەک لەلایەن داعش و تورکیاوە ئاشکرا دەبێت

  • ناكۆكیەكان زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم ده‌گه‌یه‌نێت؛ یه‌كگرتوو داوایه‌ك له‌ یه‌كێتیی ده‌كات

  • وڵاتێک لە ژێر کاریگەریی گەندەڵیدا؛ ئایا کاتژمێری لێپرسینەوەی حوتەکان لە عێراق نزیک بووەتەوە؟

  • یەکێتی و پارتی؛ یان 39 بە 39 یان دادگای فیدراڵی

  • مه‌رجى ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌مریكا؛ئه‌نجامى باش و دانوستانى سه‌خت له‌ سویسرا

  • بەغداد دوای باراک؛ کاتژمێری سفر بۆ گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی قووڵ

  • لوتکەی سویسرا;بۆچی ئێرانیەکان دوودڵن لە خۆمەڵاسدانی ئیسرائیل لە پشت پەردەی ڕێکەوتنەکانەوە ؟

سەرەکی