2025-01-25 181 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی: كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا بە هەزار دەستوور چارەسەر نابێت

ناوەندی هەواڵ

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکی  لەگەڵ کەناڵی شەمس، کە بە زمانی عەرەبی لە هەولێرەوە پەخش دەکات، لەبارەی ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، دەمزانی ڕژێمی ئەسەد دەڕووخێت و دیار بوو كە لە دۆخێكی خراپدایە، بەڵام نەمدەزانی بەو شێوە خێرایە دەڕوات، ئەمەش هەمان سیناریۆی ڕووخانی سوپای عێراق بوو لە مووسڵ لە كاتی شەڕی داعشدا.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ئەحمەد شەرع وتی، ئەوەی تا ئێستا لەسەری دەیبیستین جێی دڵخۆشكەرە و هیوادارین ببێت بە كردار و مافی خۆمانە هۆشیار بین لەسەر ئەوەی داخۆ دەبێتە ڕاست یان نا، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بكەین.
 
ئەوەی چاوەڕێی دەكەین ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكرێت لە وڵاتەكەدا، داخۆ لە سیستەمی نوێی سوریادا دەگەن بە ئازادی و مافەكانیان و هەست بە كەرامەت و هاوڵاتیبوونی خۆیان دەكەن.

بارزانی وتیشی، داوا لە كوردی سوریاش دەكەین ڕێگەی گفتوگۆ بگرنە بەر و داواش لە سوریا دەكەین لە ڕێی گفتوگۆوە مامەڵە بكەن.

مەسعود بارزانی دەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش وتی، ئێمە پێمان وا بوو دۆخێكی مێژوویی گونجاوە كە لەگەڵ بەڕێز مەزڵوم عەبدی كۆ ببینەوە و پێشوازیم لێ كرد و گفتوگۆمان كرد كە كۆڵ نەدات لە هەوڵدان بە ڕێگەی ئاشتی و ڕێگەی یەكگرتویی گەلی كورد بگرنە بەر.

وتیشی، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی  ڕایگەیاندووە ئەوان نایانەوێت جیا ببنەوە لە سوریا، بەڵكو دەیانەوێت لەژێر سوریایەكی یەكگرتوودا مافەكانی كورد مسۆگەر ببێت.

لەبارەی نموونەی عێراق بۆ سوریا كە كورد لەوێش هەرێمێكی فیدراڵی هەبێت، مەسعود بارزانی وتی، فیدراڵی چارەسەرێكی دادپەروەرە و باشترینە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دەسەڵاتی ئەوێ ئەو چارەسەریان پێ باش نەبێت، ئەوا نابێت لە بەرانبەرەكەیدا دیسان چەوسانەوەی كورد بێت، بەڵكو بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت كورد مافەكانیان دەست بكەوێت و هەست بە ئازادیی خۆیان بكەن.

لەبارەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا كە تا ئێستاش بەرامبەر حكومەتی فیدراڵی لە دۆخی ناڕەحەتیدایە، سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند، كێشەی ئێمە نیەتە، ئەگەر نیازپاك بن، هەموو شتێك چارەسەر دەبێت و زۆر ئاسانە، ئەگەر نیازپاكیش نەبن، بە هەزار دەستوور كێشەكان چارەسەر نابێت.

لەبارەی نائومێدیی چارەسەربوونی كێشەكانی كورد لە بەغدا مەسعود بارزانی دەڵێت، زۆر جار بیرمان كردووەتەوە لە بەغدا بكێشینەوە، چونكە ئێمە لەوێ داوای پۆست و كورسیمان نەكردووە، ئێمە داوای مافی گەلەكەمان كردووە، ئەگەر وای لێ هات بكێشینەوە، بە تەواوی دەكێشینەوە.

لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکاو هاتنە سەرکاری  دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و كاریگەرییان لەسەر ئێران، سەرۆكی پارتی دەڵێت، ئێرانییەكان زیرەكن و هیوادارم چارەسەرێكی ناوەند لە نێوانیاندا دروست ببێت و بەڕاستی چارەسەریش ببێت نەوەك وەك ڕابردوو لەم دۆخەدا هەڵواسراوەدا بێت.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پەیامێكی گشتی بۆ كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان دەنێرێت و دەڵێت، دەبێت بیرتان بێت ئێوە خاوەنی دۆزێكی پیرۆزن و كۆڵی لێ نەدەن، بەڵام ڕێگەی توندوتیژی مەگرنە بەر بۆ ئەو ڕێگەیەتان. لە كۆتاییدا كورد نزیك یان دوور یەك دەگرێت و وێڕای گرێكان، بڕوای تەواوم هەیە كە ئەو ڕۆژە دێت.

  • لە هەوڵیر خۆپیشاندانى فراوانى مامۆستایان دەستپێدەکات

  • هەنگاوەکانى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

  • سۆران عومەر: بانکی ڕەشیدو ڕافیدەین ئامادەن بۆ توطيني مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

  • قەیوم بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی سێرتیش دانرا

  • وەزارەتی دارایی عێراق: تەوتین بنەمایە و پشت بە لیستی کاغەزی بۆ ناردنی مووچە نابەستین

  • دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی پێنج تیرۆیستی داعشی ڕاگەیاند

  • لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر كەسێك سندوقی خێرخوازی تالاسیمیا دەدزێت

  • توركیا بۆردومانی سنوری كۆبانێی كرد و شەش كەس شەهیدبوون

  • دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سێ سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان دەکات

سەرەکی