12   کاتژمێر پێش ئێستا 122 جار خوێنراوەتەوە

سودانی: پێویستە هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکرێت

ناوەندی هەواڵ

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە بارەی هەمواری یاسای بودجە ڕایگەیاند، هەموارەکە بەبێ گۆڕانکاری دەنگی لەسەر بدرێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت،سەرۆک وەزیران لە کۆشکی حکومەت میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لەخۆگرتبوو، بەئامادەبوونی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی و جێگرەکانی موحسن عەلی مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خراوەتەڕوو، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، جگە لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان.

ئەوەش هاتووە، لەسەر بنەمای ڕۆڵی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندبوونانەی لەبەرنامەی حکومەتدا هاتووە وەسف کرا، بەشێوەیەک بەرژەوەندیی باڵای نشتیمانی لەبەرچاو بگرێت، و دوایین هەموارکردنەوە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کراوەو لەو بارەوە سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات، ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی چل و پێنجەمینیدا لە 5ی تشرینی دووەمی ڕابردوودا پەسەندی کرد، و نووسراوی ژمارە 15 ی نوێنەری حکومەت لەئەنجومەنی نوێنەران پشتڕاستکرایەوە، کە لە 23 ی کانوونی دووەم بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، و هەمان دەق لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە هاوڕابوون كە هەمواری یاسای بودجە بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەو پێیەی دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات بۆ عێراق ئەوەش كاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ تەموویلكردنی بودجە و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەجۆرێك كە بتوانرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا ئەو هەموارە تێپەڕێندرێت”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سودانی جەختی کردووەتەوە کە پێویستە پەرلەمان ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە.

هەموارەکە لە مادەی 12ی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

 

  • مامۆستایانی مانگرتوو سێ ڕۆژە تەنها ئاویان خواردووەتەوە

  • کەنەکە لە بارەى هێرشەکانى تورکیا هۆشداری دەدات و مەترسیەک ئاشکرادەکات

  • دادگای دهۆک سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنوسێکدا سەپاند

  • سودانی: پێویستە هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکرێت

  • لە هەوڵیر خۆپیشاندانى فراوانى مامۆستایان دەستپێدەکات

  • هەنگاوەکانى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

  • سۆران عومەر: بانکی ڕەشیدو ڕافیدەین ئامادەن بۆ توطيني مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

  • قەیوم بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی سێرتیش دانرا

  • وەزارەتی دارایی عێراق: تەوتین بنەمایە و پشت بە لیستی کاغەزی بۆ ناردنی مووچە نابەستین

سەرەکی