2025-07-09 5393 جار خوێنراوەتەوە

نەجەف..ڕێوڕەسمی مەشخەڵەكان؛ چیرۆکی کەربەلا دەگێڕێتەوە

 

پوختە

لە بەرجەستەکردنێكی ساڵانەدا کە ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی مێژو و کارەساتدا هەیە، پیادەكەرانى ڕێوڕەسمی "مەشخەڵەكان" لە ناوچەى عەممارە، کە یەکێکە لە چوار گۆشەی نەجەف، بەرەو مەزارگەی پیرۆزی ئەلحەیدەری بەڕێدەكەون، ئەمەش بە مەبەستى دڵنەوایی خەلیفەى موسوڵمانان لەسەر کارەساتی ئیمام حسێن.

مێژوى رێوڕەسمى مەشخەڵەكان بۆ كەى دەگەڕێتەوە؟

سەبارەت بە مێژوى ئەم تەقسە ئاینییەى شیعەكان، هەیسەم ئەبو کەلەل، نوێنەری ڕێوڕەسمی مەشخەڵەكان، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەوەى ڕونیردەوە، كە ئەم ڕێوڕەسمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی کۆچکردو "حاجى عەتیەى ئەبو کەلەل" لە ساڵی 1810ی زایینی، و بە چەندین نەوە گوازراوەتەوە تا ئەمڕۆ. لە ئێستاشدا لەلایەن حاجى ساڵح ئەبو کەلەل، بەرپرسی گۆشەى عەممارە كە یەكێكە لە گۆشەكانى چوارگۆشەى نەجەف سەرپەرشتی دەکرێت.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە ڕێوڕەسمی داگیرساندنی مەشخەڵەكان، لە عەممارەى نەجەفەوە دەست پێدەکات و بەرەو مەزارگەی ئیمام عەلی و شوێنكەوتوانى ئەو بیروباوەڕە ئاینییە گوزارشت لە خەم و هاوسۆزیی خۆیان لە روداوى کارەساتی ئیمام حوسێن دەكەن، كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ پیرۆزییە مێژوییەکەی لەنێو عەرەبەکاندا، بەو پێیەی ئاگر بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دادەگیرسێندرا، لەوانە: شەڕ، میوانداریی، و ڕۆشنکردنەوە.

بڵێسەى رێوڕەسمەكە چى دەگەیەنێت؟

هەیسەم ئەبو کەلەل ئەوەى خستەڕو كە لەو چوارچێوەیەدا بڵێسەی ڕێوڕەسمەکە نوێنەرایەتی ئاگری شەڕ دەکەن لە دژی ئەو ناعەدالەتی و ستەمەی کە بەسەر ئیمام حسێن و بنەماڵەكەیدا هات.

ناوبراو ڕونیشیکردەوە، ئەم ڕێوڕەسمە بە "مەشخەڵی ڕوناککراوە" تایبەتمەندە، کە هێمای سوتاندنی خێمەکانی منداڵانی حسێن و بنەماڵەکەیەتى، هەروەها ئەو تیرۆرەی لە کەربەلا توشی بون. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێوڕەسمێکی ئەبەدییە و یەکێکە لە دیارترین ڕێوڕەسمەکانی دە ڕۆژی یەکەمی موحەڕەم.

دروشمەكانى رێوڕەسمى مەشخەڵەكان چین؟

ئەم کاروانە بە چەند دروشمێكى ئەبەدییانەى حوسێنی دەستپێدەكات لەوانە: سوێند بەخودا هەرگیز ئەی زەهرا ئێمە حسێن لەبیر ناکەین، بێگومان ئەوە وەك پەیامێكە و ئاراستەی هەمو جیهان کراوە بۆ تیشک خستنە سەر ئەو کارەساتە گەورەیەی بەسەر ئیمامی حسێن و  بنەماڵەکەیدا هاتوە، ئەمەش بە بەشداریی ئەندامانی هەمو هۆزەکان، لە شێخەکانی خێڵەوە تا بگاتە بچوکترین تاک.

لای خۆیەوە ساڵح کەریم ئەبو کەلەل؛ بەرپرسی مەشخەڵەکان لە پارێزگای نەجەف، لەلێدوانێكى تایبەتدا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى خستۆتەڕو كە ئەوان لە حسێنییەكان لە مەشخەڵەکان بەرپرسیارن، پاراستنیان، دابەشکردنیان، سەرپەرشتیکردنیان، و دابینکردنی پاراستنی ئەمنی بۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی ئەمنی و مەزارگەی پیرۆزی ئیمام عەلی دەكەوێتە ئەستۆیان، ئەمەش ئاسانکارییە بۆ چونە ژورەوەى ئەوانەى لە ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمە تەقلیدییەدا بەشدارن كە هەر یەكێكیان لە ڕێگەی نیشانە فەرمییەکانەوە کە بڕوانامەیان لەسەرە و مۆر کراوە و لەسەر بەڕێوەبردنى رێوڕەسمەكە ڕێککەوتون.

ژمارەى مەشخەڵەكان چەندن؟

بەرپرسی مەشخەڵەکان لە پارێزگای نەجەف ڕونیشیکردەوە، ژمارەی مەشخەڵەکان لە ئێستادا 116 مەشخەڵن، هەریەکەیان نوێنەرایەتی یەک خێڵ دەكات و بەسەر سێ ڕۆژدا دابەشکراون، هەر مەشخەڵێک بۆى هەیە دو ڕۆژ بچێتە ژورەوە.

ناوبراو ئاماژەى بەوەشدا كە ژمارەی مەشخەڵەکان بەدرێژایی ساڵان زیادیکردوە، سەرەتا بە 17 مەشخەڵ دەستی پێکردوە، پاشان 27 مەشخەڵ، دواتر 37 مەشخەڵ و ئێستاش گەیشتۆتە زیاتر لە 100 مەشخەڵ.

ئەى چى دەكرێت بۆ ئیمامى عەلى؟

لەبەرامبەردا حەیدەر ڕەحیم بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە مەزاری پیرۆزی ئیمامى عەلی، دوپاتیکردەوە؛ ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ مەزاری پیرۆزی ئیمام عەلی-ش هەیە، کە دیارترینیان مەشخەڵەکانی لێواری بیناکە و ئەو کاروانانەیە کە گەشت بە مەزارگەی پیرۆزدا دەکەن.

رەحیم ئەوەشى خستەڕو كە مەزارگەی پیرۆزی ئیمامى عەلی لە ڕێگەی دەستەی کاروانەکانی حوسێنی و بەشی نەزمی گشتی، هەماهەنگییەکی ئاست بەرز پێشکەش دەكەن، ئەمەش بۆ دڵنیابونە لە پێشوازیکردنی ماتەمینان و جێبەجێکردنی پلانی چونە ژورەوەیان، و ڕەوتی نەرمی بەشداریکردنیان لەم ڕێوڕەسمەدا، کە بە یەکێک لە پیرۆزترین و کۆنترین ڕێوڕەسمەکانی عاشورا دادەنرێت لە پارێزگای نەجەفی پیرۆزدا.   

 

 

  • ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات

  • ئەردۆغان: ڕێگریکردن لە زمانی کوردی هەڵەبو

  • ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات

  • سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە

  • گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین

  • دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

  • وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە

  • ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

  • مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟

سەرەکی