2025-10-08
8356 جار خوێنراوەتەوە
لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا
عێراق لە بەڕێوەبردنی وزەدا لە قۆناغێکی گرنگدایە، کە قەیرانی کارەبا چیتر تەنها بابەتێكى پەیوەست بە خزمەتگوزارییەوە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ کێشەیەکی پێکهاتەیی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، لێرەدا هاوکاری لەگەڵ ڕوسیا لە بواری وزەی ئەتۆميی ئاشتییانەدا وەک بژاردەیەکی ستراتیژیی سەرهەڵدەدات، کە ئامانج لێی هێنانەدی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە لە کەرتی وزەی نیشتمانیى دا، بەڵام ئەم بژاردەیە ڕوبەڕوی تەحەددای تێکەڵاو دەبێتەوە، هەر لە مەرجە یاسایی و دەستورییەکانەوە تا دەگات بەمەترسییە سیاسی و ئابوری و ڕێکخراوەییەکان.
وتوێژە دەستورییەکان ئەوە دەردەخەن کە عێراق وەک دەوڵەتێکی ئەندام لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، پابەندە بە میکانیزمی چاودێریی توندەوە. ئەمەش وا دەکات پڕۆژەکە نەک تەنها بە ئیرادەی نیشتمانییەوە ببەسترێتەوە بەڵکو بە پابەندبونی بە یاساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشەوە، دەبەسترێتەوە.
لەسەر ئاستی تەکنیکی، دورەید عەبدوڵڵا، شارەزای وزە، بەمیدیاكانى عێراقى ڕاگەیاندوە، فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ ڕوسیا لە بواری پرۆژەی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆميی؛ نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە پێکهاتەی کەرتی وزەی نیشتمانیدا و ئاسۆی نوێ دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە توانای وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سوتەمەنی بەردینی.
ئەم دیدە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی توێژینەوە بەراوردکارییەکان لە کۆریای باشور هاوتەریبە، کە هێنانەکایەی وزەی ئەتۆمی لە ساڵانی حەفتاکانەوە بوە هۆی هەمەچەشنکردنی ڕاستەقینەی سەرچاوەکانی کارەبا، لە کۆتاییدا بوە هەناردەکاری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی.
هاوكات ئەزمونی کۆریا تیشکدەخاتە سەر ئەوەی کە بنیاتنانی بنکەیەکی زانیاری ناوخۆیی مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ سەربەخۆیی، خاڵێک کە عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدەکات کاتێک دەڵێت: هاوکاری لەگەڵ لایەنی ڕوسی بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی شارەزایی تەکنیکی و پەرەپێدانی کادرە نیشتمانییەکان کە توانای بەڕێوەبردنی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی داهاتویان هەیە بە بەرزترین ستانداردی سەلامەتی.
عەبدوڵڵا دەشڵێت، ئەو ڕێککەوتنانەی کە بڕیارە جێبەجێ بکرێن بریتی دەبن لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەى ئەتۆميی، بەرهەمهێنانی ئایزۆتۆپی تیشکدەر بۆ مەبەستی پزیشکی و کشتوکاڵی و پیشەسازی و ڕاهێنانی کادری عێراقی لە دامەزراوە توێژینەوەکانی ڕوسیا.
ئەم پێشنیازە ڕەنگدانەوەی مۆدێلێکی هاوشێوەی ئەزمونی هیندستانە، کە وەبەرهێنانی لە چەندین بەکارهێنانی ئەتۆمیى دا کردوە لەوانە؛ "پزیشکی، کشتوکاڵ و پیشەسازی"، ئەوەش وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی گەشەپێدان، پێش ئەوەی دواتر ژێرخانی وزەی ئەتۆمی فراوانتر بکات. بەپێی راپۆرتى ئاژانسەكانى هەواڵ، هێنانەکایەی چەندین بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆميی؛ شەرعیەتی کۆمەڵایەتی بە پڕۆژەکە دەبەخشێت، بەوپێیەی لە کارەبا تێدەپەڕێت؛ بەڵام فراوانتر دەبێت بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنانی تەندروستی و کشتوکاڵی و پیشەسازی.
لەسەر ئاستی سیاسیش نیگەرانی ئەوە هەیە کە پڕۆژەکە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی ئەمریکا ببێتەوەو بۆ ئەو مەبەستە ڤیتۆ بەكاربهێنێت.
لەمبارەیەوە، موختار ئەلموسەوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا ئەوەى رونكردەوە كە عێراق هیچ بەرنامەیەکی سەربازی نييه و نیگەرانی نێودەوڵەتی دروست ناکات، بەڵکو تەنها ئامانجی سود وەرگرتنە لە شارەزایی ڕوسیا بۆ پەرەپێدانی توانا تەکنیکیەکانی عێراق، بێگومان ئەوەش لە ڕێگەی هاریکاریی لە بواری وزەی ئەتۆميی ئاشتییانەدا.
ئەم لێدوانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام هۆشیارییەکیش ئاشکرادەکات کە هەر چالاکییەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی چاودێریی دەکرێت. بۆنمونە؛ ئەزمونی ئیمارات لێرەدا مۆدێلێکی بەراوردکاریی پێشکەش دەکات؛ ئەبوزەبی سەرکەوتو بو لە بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمی "بەراکە"، چونکە هەر لەسەرەتاوە پابەند بو بە شەفافیەتی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشور، بەوەش لە هەر جۆرە ڤیتۆیەکی سیاسی دەرەکی ڕزگاری بو.
ئەلموسەوی پێیوایە؛ گرنگە لێکتێگەیشتن و گەرەنتی پێشوەختە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەبێت بۆ ئەوەی دوربکەونەوە لە هەر ئاستەنگێک یان فشارێکی سیاسی کە ڕەنگە ببێتە ڕێگریى لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
ئەم هەڵوێسته بەپێی هەڵسەنگاندنه یاساییەکان، ئەوە دەردەخات که عێراق ناتوانێت هاوکێشەی نفوزی ئەمریکا و ڕوسیا بەلایەكیاندا لاسەنگ بكات، لە کاتێکدا ڕوسیا تەکنەلۆژیای ئەتۆمی پێشکەش دەکات، واشنتۆن لە توانایدایە لە ڕێگەی سزا یان سنوردارکردنی داراییەوە ڤیتۆی خۆى بسەپێنێت، لەبەرئەوە؛ ئەزمونی بەراوردکاریی ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئەو وڵاتانەی سەرکەوتو بون لە پڕۆژە ئەتۆمییە ئاشتییەکانیاندا، ئەو وڵاتانەن کە ڕوپۆشی نێودەوڵەتی فرەلایەنەیان دەستەبەر کردوە، نەک تەنها دولایەنە.
دواجار، ئەزمونی عێراق لە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمیى دا شتێکی نوێ نییە، لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا عێراق بە هاوکاری لەگەڵ فەرەنسا دەستی بە پڕۆژەی كورە ئەتۆمییەكانى تەمموز کرد، ئەگەرچى لە ساڵی 1981 لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كرا، كه ئەو لێدانە نەک هەر كورە ئەتۆمییەكانى لەناوبرد، بەڵکو گومانی بەردەوامیی لەسەر هەر چالاکییەکی ئەتۆمیی عێراق زەقتر كردەوە.
-
هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل
|
-
ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریدهداتو لامهركهزى بهبنهماى دانوستانهكان دادهنێت
|
-
واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی ههسهده..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
|
-
ئێران قسهى خۆى كرد.. دهڵێت: پابهندین بهڵام تواناى شهڕكردنمان بههێزتر دهكهین
|
-
ئێرانو عێراق لهگفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى بهپهله خۆى دهگهیهنێته بهغدا
|
-
بۆ ماوهى 10 كاتژمێر نهوتى ههرێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن بهرمیل نهوت لهههرێمهوه گهیشتوهته بهندهرى جهیهان
|
-
چهكهكانى حزبوڵڵاى لوبنان بهكێ دهدرێن؟
|
-
وردهكاریى یهكگرتنى ههسهدهو سوپاى سوریا ئاشكرادهكرێت.. ههسهده سێ فیرقهو چهند لیوایهكى دهبێت
|
-
بكوژى ههڤرین لهلیستى سزاكانى ئهمریكایه.. ئێستا بهرپرسێكى باڵای حكومهته
|
|
|