2025-10-11 7209 جار خوێنراوەتەوە

مه‌زڵوم عه‌بدى هه‌موو شت ئاشكراده‌كات.. له‌چه‌ند ڕۆژى داهاتودا چى ڕوده‌دات؟

فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ‌و هه‌ستیار له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردویان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌دیمه‌شق ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "باسى كشانه‌وه‌ى هه‌سه‌ده‌مان له‌هیچ شوێنێك نه‌كردوه‌و ناشیكه‌ین"، ده‌شڵێت:"له‌چه‌ند ڕۆژى داهاتودا هێزه‌ تایبه‌ته‌كانى شه‌رع له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆرى ئێمه‌، پێكه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنێك دژى داعش ئه‌نجامده‌ده‌ن".

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆناهى تى ڤى چه‌ندین زانیاریى گرنگى ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى شام، باسى ئیداره‌دانى دێرەزۆرو ڕەققەو حەسەکەمان كرد كه‌ پەیوەستن بەشێوازی ئیدارەی سوریاوە، به‌ڵام باسمان لەکشانەوەی دێرەزۆرو ڕەققە نەکردووەو ناشیکەین، نوێنەرانی ڕەققەو دێرەزۆریش بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن".

مەزڵوم عەبدی ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختمكرده‌وه‌، پێویستە چارەسەری سوریا، هه‌ر له‌ناوخۆى سوریا بێت، ئەگەر تورکیا خوازیاری ڕێککەوتنێکە لەنێوان ئێمەو دیمەشق، پێویسته‌ پشتیوانى چاره‌سه‌رى ناوخۆیى بكات، چونكه‌ کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان ئێمەو تورکیا کراوەن".

سه‌باره‌ت به‌پرسى دوو گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كه‌ى شارى حه‌لى، مەزڵوم عەبدی جه‌ختیكرده‌وه‌، "پرسی گه‌ڕه‌كه‌كانى شێخ مەقسوودو ئەشرەفیە یەکێکە لەبنەماکانی ئێمە، هه‌روه‌ك به‌شه‌رع‌و به‌رپرسانى حكومه‌تى سوریاش ڕاگه‌یه‌نراوه‌، هێزەکانی ئەمریکاو نێودەوڵەتیش نیگەرانن لەدۆخی شێخ مەقسوودو ئه‌شره‌فیه‌، هه‌ربۆیه‌ جه‌ختمانكردووه‌ته‌وه‌، پێویستە ڕێککەوتنی حەلەب كه‌ له‌یەکی نیسانى ئه‌مساڵ واژۆكراوه‌، جێبەجێبکرێت".

مەزڵوم عەبدی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا وتى، "سڵاو لەخۆڕاگریی گەل‌و هێزەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفیەو ئه‌و به‌رخۆدانه‌ى كردیان به‌شێكه‌ له‌شانازییه‌كانمان".

سه‌باره‌ت به‌مافه‌كانى گه‌لى كورد له‌سوریاو له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستورى ئه‌و وڵاته‌دا، عەبدی جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێمە ویستمان لەڕێگەی شاندەوە مافی کورد بخرێتە ناو دەستوورەوە، کاردەکەین بۆ ئەوەی شاندی کوردی بەمنزیکانە بچێته‌وه‌ دیمەشق، بۆ ئه‌وه‌ش ئەمریکا پێشنیازیکردووه‌ کە ئێمەو دیمەشق هێزێکی هاوبەش لەدژی داعش دابمەزرێنین، ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ پێشنیازه‌كه‌ى ئەمریکامان قبوڵکرد، دەمانەوێت شەڕی داعش لەسەر ئاستی سوریا بکرێت".

بۆ چاره‌سه‌رى ئاواره‌كانیش، فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌ وتى، "لەکۆبوونەوەکەدا پشتڕاستکرایەوە کە ئاوارەکان ده‌بێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، داوامانكردووه‌، با خەڵکی عەفرین خۆیان بۆ گەڕانەوە ئامادەبکەن، له‌هه‌مانكاتدا، کار بۆ گەڕانەوەی خەڵکی سه‌رێکانیێ‌و گرێ سپی دەکەین، خەڵکی دێرەزۆرو ئاواره‌كانى عەفرینیش دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان".

له‌باره‌ى ئه‌و پرسیاره‌ش ئاخۆ چاره‌نووسى هێزه‌كانى ئاسایشى ڕۆژئاواى كوردستان چى ده‌بێت، مه‌زڵوم عه‌بدى ئاشكرایكرد، "هاوشێوەی هێزەکانی (هەسەدە) كه‌ ده‌بنه‌ هێزێكى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى، ئاسایشى ڕۆژئاواى كوردستانیش دەبنە بەشێک لەوەزارەتی ناوخۆی سوریا، له‌شاندى داهاتووى ڕۆژئاوا، نوێنەرانی ئاسایشی ناوخۆش لەگەڵ لیژنەی سەربازیی دەچنە دیمەشق، به‌گشتیى ڕێککەوتنێکی گشتیی لەسەر بەرەی سەربازی‌و ئەمنی هەیە، بەڵام وردەکارییەکان ماون".

ژه‌نراڵ عه‌بدى زانیارییه‌كى گرنگى ئاشكراكردو وتى، "ڕەنگە بەمزووانە دیمەشق هاوبه‌شیمان ده‌كات له‌شەڕكردن دژی داعش، یەکێک لەمەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانیش له‌سه‌ر سوریا، بەشداریكردنى دیمەشقە لەشەڕی دژى داعش، له‌كۆبونه‌وه‌كانماندا به‌رپرسانى دیمه‌شق نه‌یانشارده‌وه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سوود لە شارەزایی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ وەربگرن، له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ لیژنەی سەربازیمان، چەند ڕۆژێکی تر دەچێتە دیمەشق".

له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى عه‌بدى‌و شه‌رع سه‌باره‌ت به‌لامه‌ركه‌زى، فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتین بۆ ئەوەی لەئاستێکی بەرزدا گفتوگۆکە بەردەوامبێت، لێکتێگەیشتنمان هەیە لەسەر ناوەڕۆکی لامەرکەزیه‌ت، بەڵام ناکۆکی لەچەمکەکاندا هەیە، شاندێکی ئیدارەی خۆسەر سەردانی پارێزگاکانی سوریا دەکات‌و شێوازى ئیداره‌دانى ئه‌وان ده‌بینن‌و دواتر ئه‌وانیش سه‌ردانى ئێمه‌ ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌سه‌ردانى باراك‌و كوپه‌ر كرد بۆ ڕۆژئاواى كوردستان وتى، "سەردانەکەی باراک‌و کوپەر دووپاتکردنەوەی هاوکاریه‌ بۆ ئێمە وه‌كو هه‌سه‌ده‌و ڕۆژئاواى كوردستان، چونكه‌ لەکۆبونەوەی حەسەکە له‌گه‌ڵ ئه‌وان پاڵپشتیمان لەلابردنی "قەیسەر" کردو جه‌ختمانكرده‌وه‌، پێویسته‌ دیمه‌شقیش به‌شداریى شه‌ڕ دژى داعش بكات".

  • هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل

  • ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریده‌دات‌و لامه‌ركه‌زى به‌بنه‌ماى دانوستانه‌كان داده‌نێت

  • واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هه‌سه‌ده‌..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

  • ئێران‌و عێراق له‌گفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

  • بۆ ماوه‌ى 10 كاتژمێر نه‌وتى هه‌رێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ به‌نده‌رى جه‌یهان

  • چه‌كه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان به‌كێ ده‌درێن؟

  • ورده‌كاریى یه‌كگرتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریا ئاشكراده‌كرێت.. هه‌سه‌ده‌ سێ فیرقه‌و چه‌ند لیوایه‌كى ده‌بێت

  • بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

سەرەکی