3   کاتژمێر پێش ئێستا 69 جار خوێنراوەتەوە

ڤیتۆی تاران محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوور دەخاتەوە

ئیرادە میدیا

گفتوگۆکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆز، کە تێیدا چانسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە. سەرەڕای ئەوەی سودانی سەرکردایەتی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی کرد و توانی 46 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵام فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان ڕێگرن لە بەردەم نوێکردنەوەی ویلایەتەکەیدا.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کردووە کە هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی پێگەی سودانی، ڤیتۆی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەسەری. بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، تاران نیگەرانە لە کارکردنی سودانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەو پێیەی زیاتر مەیلی بەلای پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکادا هەبووە. ئێران بە فەرمی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگادار کردووەتەوە کە بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوو بگونجێت و کەمتر هەستیار بێت بەرامبەر تاران.

گوتارەکانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ واشنتن و قسەکردنی بەردەوامی لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بووەتە هۆی نیگەرانیی جەمسەرەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەتی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ڕکابەری سەرەکی سودانی.

مالیکی بە ڕاشکاوی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە و دژی نوێکردنەوەی ویلایەتی سەرۆک وەزیرانی ئێستایە، میدیاکانی نزیک لەویش بەردەوام ئەم بابەتە دەوروژێنن. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیامی ناڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەکە ئەوە بووە کە دووربکەونەوە لە سەرکێشی بە کەسایەتییەکەوە کە گەرەنتی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی نەبێت، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کەسێک کە پەیوەندییەکی کەمتر بە واشنتنەوە هەبێت، ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە.

بەپێی زانیارییەکان، لیستەکە لە ئێستادا لە 10 کاندیدەوە کەمکراوەتەوە بۆ سێ کاندیدی سەرەکی. ئەو سێ کەسەی چانسی وەرگرتنی پۆستەکەشیان هەیە بریتین لە:

- حەمید شەتری: سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق.

- موحسین مەندەلاوی: جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمان.

- حەیدەر عەبادی: سەرۆک وەزیرانی پێشووتر (کەمترین چانس).

محەمەد شیاع سودانی هێشتا وەک بژاردەیەکی یەدەگ و دووەمی چوارچێوەکە دەمێنێتەوە، بەڵام نەک کاندیدێکی بەهێز.

لەلایەکی دیکەوە، هەرچەندە ئەمەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران دۆسیەیەکی ناوخۆییە، بەڵام بە نیگەرانییەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات. واشنتن ترسی ئەوەی هەیە کەسایەتییەکی نزیکی ئێران یان سەرکردەیەکی ناو گروپە چەکدارەکان پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت و ببێتە سەرئێشەیەکی نوێ بۆ عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا.

شیعەکان هەوڵ دەدەن بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کەسایەتییەکی نەرم کە لەسەر هیچ بەرەیەکی ئێران و ئەمەریکا ئەژمار نەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت پێش سەرەتای مانگی داهاتوو، کاندیدی شیعەکان یەکلایی بێتەوە، بەڵام بڕیارەکەش لەسەر بنەمای ژمارەی کورسییەکان نابێت، بەڵکو دەرئەنجامی هاوکێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئاڵۆزە.

  • پەرلەمانی تورکیا پێ دەنێتە قۆناغی بڕیاردان لەسەر پرسی سەردانی ئۆجەلان

  • ڤیتۆی تاران محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوور دەخاتەوە

  • هەسەدە: حکومەتی دیمەشق هاوکاری داعش دەکات

  • کەشناسی هەرێم: تا دوو ڕۆژی تر باران نابارێت

  • مەرجەکانی چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ کاندیدى سەرۆک وەزیران ئاشکرابوو

  • تره‌مپ چى به‌ڕۆناڵدۆ وت؟

  • ئیسرائیل وه‌ڵامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى تره‌مپ‌و شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ ده‌داته‌وه‌

  • ڕۆژى هه‌ینى ڕوداوێكى گرنگ له‌توركیا ڕووده‌دات

  • ڕێبەری بزووتنەوەی تاڵیبان له‌هه‌وڵێكى كوشتن ڕزگاریبوو

سەرەکی