ئێران و ئەمریکا
1     کاتژمێر پێش ئێستا 134 جار خوێنراوەتەوە

پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات

ئیرادە میدیا

بەرپرسانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە، لە هەر جۆرە کارێکی سەربازیی تاکلایەنە دژی ئێران دوور بکەوێتەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران.

رۆژنامەی  یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکدا دەڵیت، هەماهەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکای پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی رۆژی هەینی لە عومان، زۆر توندوتۆڵ ە.

هاوکات، تاران نیگەرانە لەوەی ئەمریکا گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵبکات تا هێرشی سەربازی بکاتە سەر وێستگەکانی، تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانیشدا.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان رۆژی هەینی لە عومان بەڕێوەدەچن، سەرەڕای بوونی هەندێک بەربەست لە داڕشتنی ناوەڕۆکی گفتوگۆکاندا.

واشنتن دەیەوێت دانوستانەکان تەنها پرسی ئەتۆمی نەگرێتەوە، بەڵکو بەرنامەی موشەکی ئێران و پاڵپشتییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تێدابێت، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنها لەسەر مەلەفی ئەتۆمی دانوستان دەکات.

مێژووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا؛ لە بارمتەکانەوە بۆ سەردەمی سەرۆکایەتی  مەسعود پزیشکیان

ئەمڕۆ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بەفەرمیی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ئامادەکاریی دانوستانەکە دەستنیشان کرد.

یەکەم دانوستانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران

یەکەم دانوستانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1981 بەرێوەچوو و تەوەری دانوستانەکەش ئازادکردنی پەنجا دیپلۆمتکاری ئەمریکی بوو کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران بە بارمتە گیرابوون.

دانوستانەکانی ئەوکاتە لە ووڵاتی جەزائیر بەڕێوە چوون، ئێران و ئەمریکا راستەوخۆ و بە ئاشکرا دانوستانیان کرد و لە ئەنجامدا بارمتەکان دوای 444 رۆژ، دیلیی، ئازاد کران، دواتر لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەمریکا بە مەبەستی دابینکردنی چەک بۆ ئێران لە دژی عێراق، سکرتێری ئاسایشی نیشتمانیی خۆی ناردە تاران. 

دەستوەردانی ئیسرائیل

دانوستانەکانی تارانیش بە شێوەی راستەوخۆ و نهێنی بەڕێوە چوون، بەڵام لە ئەنجامی دەستوەردانی ئیسرائیلدا شکستیان هێنا.

دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا پێش دەستپێکردنی جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق

لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی یازدەی سێپتەمبەر، ئێران و ئەمریکا لە ساڵانی 2001 و 2003 و پێش دەستپێکردنی جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق، لە ئەڵمانیا و واشنتن دانوستانیان کرد، دانوستانەکان لە ئاستی دیپلۆمتکارانی وەزارەتی دەرەوەدا بە شێوەی راستەوخۆ و بە نهێنی بەڕێوە چوون و لە ئەنجامدا ئێران بە یارمەتیدانی ئەمریکا خۆی لە تێوەگلان لە جەنگ پاراست.

بەرنامەی ئەتۆمیی ئیران، لە عومان و ڤیەننا

لە ساڵانی 2012 تا 2015، دوو وڵات، چەندین گەڕی دانوستانیان تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئیران، لە عوممان و ڤیەننا بەڕێوە بردووە،دانوستانەکان راستەوخۆ لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا سەرەتا بە نهێنی و دواتر بە ئاشکرا بەڕێوە چوون و لە ئەنجامدا ساڵی 2015 رێککەوتننامەی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا واژۆ کرا.

بەڕێوەچوونی دانوستانانەکان لە ڤیەننا و دەوحە 

لە ساڵانی 2021 تا 2023، سێ گەڕی دیکەی دانوستان لە نێوان ئێران و کابینەی جۆ بایدندا بەڕێوە چوو بۆ مەبەستی زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتننامەی ئەتۆمییەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 دا لێی کشابووەوە، ئەو دانوستانانە لە ڤیەننا و دەوحە بەڕێوە چوون، دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڵام بە ئاشکرا بوون و هیچ ئەنجام و دەسکەوتێکیان لێ نەکەوتەوە.

 مێژووی درێژی عومان لە ناوبژیوانی لایەنە ناکۆکەکان

عومان مێژوویەکی درێژی لە ناوبژیوانی لایەنە ناکۆکەکان هەیە و یەکەم جاریش نییە مەسقەت میوانداری ئەم وتووێژانە بکات بەڵکو ئە وڵاتە لە ساڵی 2013میوانداری وتووێژە نهێنییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد، کە دواتر بووە بنەمای ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015.

عومان چەندین جار ڕۆڵی هەبووە لە ئازادکردنی زیندانیانی بیانی لە ئێران و بەپێچەوانەشەوە، لەهەموو ئەوانە گرنگتر ئەم وڵاتە و سەرکردەکانیان زۆرباش دەتوانن نهێنی نێو کۆبونەوەکان بپارێزن و ڕێگەنادەن میدیا و ڕۆژنامەنوسان، تەنانەت وڵاتانیش دزە بکەن و گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان ئاشکرا بکەن، هاوکات ڕێ بەخۆشیان نادەن دەستوەردان لە ناوەڕۆکی بڕیار و کۆبونەوەکان بکەن.

شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئیران

دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئیران لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو، پێنج گەڕی ئەم دانوستانانە لە عومان و ئیتالیا بەڕێوە چوون، دانوستانەکان بە شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاشکرا بوون بەڵام بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژە، شکستی دانوستانەکانیش راگەیاندرا.


  • پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات

  • ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

  • وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

  • "سوپای سێبەر"؛ ناسنامە و ئەرکی گروپ و چەتەکانی سەربە تورکیا لە هیرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

  • له‌ كوردستان خۆپیشاندانى ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  • ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عێراق دادەنێت

  • وەزارەتی دارایی: ئەوانەی هەژماری منیان نییە موچەکانیان ڕادەگرین

  • بایدەمیر: داگیرکەران بە درێژایی بوونیان دژایەتی ئێمەی کوردیان کردوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان

  • عوسمانی حاجی مەحمود بۆ لایەنە سیاسییەکان: گەلی کورد لە هیچ پارچەیەک لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە

سەرەکی