2   کاتژمێر پێش ئێستا 37 جار خوێنراوەتەوە

راپۆرتی رۆژنامەكانی توركیا: ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەكرێن

ناوەندی هەواڵ

لە توركیا دەنگوباسی ئەوە گەرمە كە ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن تێكەڵ بە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بكرێن، باس لەوەش دەكرێت عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە حزبێكی نوێ دادەمەزرێنێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكاتە سەرۆكی كە ئێستا لە زینداندایە.

لە توركیا مشتومڕەكان سەبارەت بە چوارچێوە یاساییەكەی پرۆسەی ئاشتی كە توركیا ناوی ناوە توركیای بێتیرۆر بەردەوامە، كە بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی تێدەپەڕێت، سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن بەپێی چوار پۆلێن ئەندامانی پەكەكە و سەركردەكانیان تێكەڵ بە پرۆسەكە دەكرێن.

چاوەڕوان دەكرێت پەرلەمانی توركیا دەست بە گفتوگۆی ئەو راپۆرتە بكات، كە لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی ئامادەیكردووە، كە بۆ دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی یاخود توركیای بێ تیرۆر لیژنەكە پێكهێنراوە، راپۆرتەكەش خۆی دەبینێتەوە لە شێوازی چەكدانانی پەكەكە و دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پرۆسەكە لەناو لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیا لە دانیشتنەكانی داهاتوودا.

گفتوگۆكان بەردەوامن لەسەر چوارچێوەی یاسایی پێشنیازكراو بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەوتەی سەرچاوەكان لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار، ئاڕاستەیەك هەیە كە ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن دابەش بكرێن، ئەویش لەسەر بنەمای تێوەگلان لە هێرشەكان دژ بە توركیا لەماوەی نیو سەدەی رابردوودا.

پرۆسەی جیاكردنەوەكە چۆن دەبێت؟

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی توركیا، كە نزیكە لە حكومەت، چوار پۆلێنەكە بەمشێوەیەیە، تێوەگلاوان لە هێرشەكان دژ بە دەوڵەت، تێوەنەگلاوان، داواكراوان، زیندانیكراوان.

سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن، نزیكەی چوار هەزار ئەندامی پەكەكە لە زیندانەكانی توركیادان، لەو ژمارەیەش 500 ئەندامیان سزای توندی زیندانیكردن دراون، لەنێویشیاندا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، كە سزاكەی زیندانی هەتاهەتاییە، هەرچەندە ماوەی سزاكەی 27 ساڵی تێپەڕاندووە و بەر مافی هیوا دەكەوێت و هێشتا ئازاد نەكراوە.

سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە، دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی كەوتۆتەوە سەر جەختكردنەوەی دەزگاكانی دەوڵەت، لەوانەش هەواڵگری توركیا و وەزارەتی بەرگریی، كە كۆتاییهاتنی چەكدانانی پەكەكە رابگەیەنن، ئەوكات لەسەر ئەو بنەمایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بڕیار لەسەر چوارچێوە یاساییەكە بدات كە ئەوەش ڕەنگە لەمانگی نیسان واتە مانگی داهاتوو ڕووبدات.

لەهەمانكاتدا سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن، بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، پرۆسەی ئاشتی لە توركیا خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئێستا لە ناوەندە میدیاییەكانی توركیا باس لەوەشدەكرێت، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، نامەیەكی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ناردووە كە ئەویش لە 2017 ەوە لە زیندانی ئیدرنەی رۆژئاوای توركیایە، داوای لێكردووە خۆی ئامادەبكات بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی سیاسی.

ئۆجەلان هەوڵی دروستكردنی حزبێكی نوێ دەدات

بەوتەی میدیاكانی توركیا، كە بەشێكیان میدیای كوردین، لە نامەكەدا بۆ دەمیرتاش، ئۆجەلان داوای لێكردووە ئامادەبێت بۆ سەركردایەتیكردنی حزبێكی نوێ، كە ئەو حزبە یەك سەرۆكی دەبێت و ئەویش دەمیرتاش دەبێت، ئۆجەلانیش پێی وایە دەمیرتاش بۆ ئەو پۆستە شیاوە.

پێشتریش بەرپرسانی دەم پارتی باسیان لەوەكردووە، ئۆجەلان نیازی دروستكردنی حزبێكی نوێی هەیە كە شوێنی حزبە كلاسیكیە كوردییەكان و توركیا بگرێتەوە، ئەو حزبە تەنها سەرنجی لەسەر كورد نەبێت و لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بگونجێت، حزبەكەش نوێنەرایەتی كورد و تورك بكات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش

دەمیرتاش پارێزەر و سیاسیەكی كوردی ناودارە، ساڵی 2017 لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی دەم پارتی و ژمارەیەك سیاسی تر دەستگیركران، تۆمەتەكەشیان "پشتیوانی تیرۆر" واتە پشتیوانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو، كە ئێستا دەوڵەت لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ڕێبەرەكەی، دواتریش هەر بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە كێشەی یاسایی بۆ هەدەپە دروستبوو، داخرا.

چەند جارێك دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كردووە، كە دووجار ركابەری ئەردۆغانی كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، یەكەمیان لە 2014 و دووەمیان لەنێو زیندان و لە ساڵی 2018، ترسی ئەردۆغان لەوەوە لە دەمیرتاش سەرچاوەی گرتبوو، كە ساڵی 2015 سەركەوتوو بوو لەوەی بەربەستی 10% ی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت و كوتلەیەكی گەورە لە پەرلەمانی توركیا دروست بكات.

دەمیرتاش دەگەڕێتەوە مەیدان

پێشتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" كە هاوپەیمانی ئاكپارتییە و هاوپەیمانیەكەشیان بەناوی هاوپەیمانی گەلە، چەند جارێك داوای جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای كردووە تایبەت بە ئازادكردنی دەمیرتاش، ئەمەش پاش دەستپێشخەرییەكەی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە 22 ی تشرینی یەكەمی 2024، كە دواتر هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە 27 ی شوباتی 2025 ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی كرد و داوای لە پەكەكە كرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەك دابنێت.

داوای ئازادكردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ و سیاسییەكانی دیكەی كورد، بەهەمانشێوە داوای پارتی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان "دەم پارتی" یشە.

دووپاتكردنەوەی داوای ئازادكردنی ئۆجەلان

لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد كە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو، دەیان هەزار كورد بەشدارییان كرد، لەو ئاهەنگەدا تونجەر باكرهاتن هاوسەرۆكی دەم پارتی داوای ئازادكردنی ئۆجەلانی كرد، بەشێوەیەك بتوانێت نەورۆزی داهاتوو لە ئامەد بەشداری ئاهەنگ بكات، هەروەها داوای ئازادكردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ و سیاسیەكانی دیكەشی كرد.

هاوسەرۆكی دەم پارتی هەروەها داوای جێبەجێكردنی هەنگاوە یاساییەكانی پرۆسەی ئاشتی كرد، ئەویش لەپێناو چارەسەری پرسی كورد، داواشی لە حكومەت كرد یاسای ئاشتی دابڕێژێت، داواشی لە ئۆپۆزسیۆن كرد پشتیوانی بكات، جگە لەوەی داوای لە ڕای گشتیی توركیا كرد پشتیوانی پرۆسەی ئاشتەوایی و لێبوردەیی بكەن.

  • گرەوی ئیسرائیل لەسەر یاخیبوونی ناوخۆیی ئێران

  • ئیدارەی ترەمپ شەش خاڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەكات

  • راپۆرتی رۆژنامەكانی توركیا: ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەكرێن

  • سێگۆشەی بەرتەسك؛ سێ نۆكەندی گرنگی جیهان

  • بە بۆردومانەكانی؛ ئیسرائیل دەیەوێت سوریا لە جەنگی ئێران تێوەبگلێنێت؟

  • هەوڵی بە ئامانجگرتنی دیگۆ گارسیا چی توانایەكی شاراوەی ئێرانی دەرخست؟

  • زۆربەیان ئەمنیی و سەربازین؛ لە 18 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 5000 هەزار كەس لە ئێران كوژراون

  • سود و زیانەکانی جەنگ بۆ وڵاتان

  • بوون و پێگەی كورد بە یاسا بپارێزرێت

سەرەکی