1     کاتژمێر پێش ئێستا 75 جار خوێنراوەتەوە

وردەكاری هێرشە موشەكیەكان بۆسەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە هەولێر

ناوەندی هەواڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بارەگای هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر، لە دوو كاتی جیاوازدا بە پێنج مووشەك كرانە ئامانج، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "بە غەدر و خیانەت ئێران شەش پێشمەرگەی شەهید کردین".

کاتی هێرشەکان

هێرشی یەكەم لە كاتژمێر 01:50 خولەك بوو، بارەگای فیرقە بە پێنج مووشەك بۆردوومان كرا، هێرشی دووەم لە كاتژمێر 02:50 خولەك، جارێكی دیكە لە نزیك بارەگای فیرقە و بە دیاریكراوی لە سنووری گوندی كەلەكین، روویدا.

بەپێی زانیارییەكان، لە هێرشەكەدا پێنج مووشەك بەكارهاتووە، بەهۆی هێرشەكانیشەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 18 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

لە دەستپێكی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 400 درۆن و مووشەك بۆردوومان كراوە، لەو ژمارەیە بەشیكیان دژی هێزەكانی پێشمەرگە بوون.

راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە

لەبارەی هێرشەكەوە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەكی فیرقەی ٧ ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێكی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە كردەوەیەكی دوژمنكارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاكارێكی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەكی بالیستی ئێرانی كەوتن و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون.

لە كاتێكدا كە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان شەرمەزار دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە  كە ئێمە هەموو مافێكمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەك كە دەكرێتە سەر گەل و خاكەكەمان.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: بە هیچ جورێك چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم كورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەكەوێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدەكانمان ، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكانمان دەخوازین . جارێكی دیكەش داوا لە هەموو لایەك دەكەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی كوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەكەین بەرانبەر ئەم پێشێلكاریانە بێدەنگ نەبن و  سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباكانە دابنرێت.

هێرشەکانی پێشتر

جگە لەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی هێرشەكانی پێشووترەوە هەشت كەس لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستدابوو، یەكێكیان ئەندامێكی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی هەولێر بوو، شەشیان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەوی دیكەش سەربازێكی فەرەنسی بوو لە هەولێر.

هەر شەوی رابردوو، جگە لە هێرشی سەر ئەو ناوچەیە، ژمارەیەك درۆن ئاراستەی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر و فڕۆكەخانە كران كە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ درانەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی میدیای پارتی بڵاویكردووەتەوە: لە 24 كاتژمێری رابردوودا، هەرێمی كوردستان بە 25 درۆن و مووشەك بۆردوومان كراوە، هێرشەكان شەهید و برینداریان لێكەوتەوە و دوو كەمپی پەنابەرانیش بەر هێرشەكان كەوتوون.

لەگەڵ جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکان بۆسەر هەرێم دەستیانپێکرد

هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیانپێکردووە.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە رەخنە دەگرێت

پێشتر غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە بە "ئیرادە میدیا" ی وت:"شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی پێشمەرگە بەتایبەتی  ئەو هەموو هێزە جۆراو جۆرانەمان هەیەو ملیارەها دۆلاری لێ خەرج كراوە، تا ئێستا درۆنێك یان چەكێكی پێشكەوتوومان نیە بەرگریی پێ لەخۆمان بكەین".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت "هەرچی گروپ و میلیشیای عێراق و ئێران و سوریاو یەمەنیش هەیە، خاوەن درۆن و موشەك و كاتیۆشاو چەكی پێشكەوتووە، ئەو گروپە بچوكانە وا هەولێرو سلێمانیان كردووەتە قەشمەرباشی خۆیان و توانای بەرگریكردنمان لەخۆمان نیە".

چەندین ساڵە هاوپەیمانان و ئەمریكا داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەن هێزی پێشمەرگە رێكبخەنەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی روودانی هەر تەنگژەیەكی ناوچەیی بتوانن بەرگریی لە هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام كۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتەكەی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەبێت، تائێستاش هێزی حزبی و تاكەكەسی لە هەرێمی كوردستان ماون، سەرەڕای ئەوەی ئەو مەترسییە گەورەیەی چاوەڕوان دەكرا هاتووە و لەبەردەگایە.

  • عەبدوڵا ئۆجەلان نەشتەرگەری بۆ كراوە؛براكەی سەردانی كردووە و باسی تەندروستی دەكات

  • وردەكاری هێرشە موشەكیەكان بۆسەر بارەگایەكی پێشمەرگە لە هەولێر

  • نامەوێت موجتەبا بكوژرێت؛ ترەمپ: دەمەوێت لەگەڵ ئێران رێكبكەوم

  • گرەوی ئیسرائیل لەسەر یاخیبوونی ناوخۆیی لە ئێران

  • ئیدارەی ترەمپ شەش خاڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەكات

  • راپۆرتی رۆژنامەكانی توركیا: ئەندامانی پەكەكە بە چوار پۆلێن تێكەڵ بە كۆمەڵگە دەكرێن

  • بە بۆردومانەكانی؛ ئیسرائیل دەیەوێت سوریا لە جەنگی ئێران تێوەبگلێنێت؟

  • هەوڵی بە ئامانجگرتنی دیگۆ گارسیا چی توانایەكی شاراوەی ئێرانی دەرخست؟

  • زۆربەیان ئەمنیی و سەربازین؛ لە 18 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 5000 هەزار كەس لە ئێران كوژراون

سەرەکی