2   کاتژمێر پێش ئێستا 27 جار خوێنراوەتەوە

ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە

کردنەوەی گەرووی هورمز دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش

ناوەندی هەواڵ

ئێران ئاگربەستی كاتیی رەتدەكاتەوە و داوای ئاگربەستی هەمیشەیی دەكات، لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی توند دەكات ئەگەر ئێرانیەكان لەگەڵ وڵاتەكەی رێككەوتن نەكەن. پرسی كردنەوەی گەرووی هورمزیش دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش.

ئێران دەیەوێت سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت و بەپێی رێككەوتنێك گەرووی هورمز بكاتەوە، لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە زمانێكی توند هەڕەشەی رێوشوێن و هێرشی بەهێز بۆسەر ئێران دەكات ئەگەر تا بەرەبەیانی چوارشەممە لەگەڵیدا رێك نەكەون.

ئێران چی دەوێت؟

ئێران دەیەوێت كۆتایی بە جەنگ بەشێوەیەكی یەكجاری بهێنرێت، نەك ئاگربەستی كاتی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، فشارەكانیش بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز رەتدەكاتەوە كە لەسەرەتای جەنگ واتە لە 28 ی شوباتەوە دایخستووە، لەكاتێكدا ترەمپ هەڕەشەی ئەوەدەكات رەنگە سبەی شەو ئێران لەناو ببات، ئەگەر ئەو مۆڵەتەی دیاریكردووە بۆ رێككەوتن تێپەڕێت.

ئاژانسی ڕەسمی ئێران باس لەوەدەكات، وەڵامیان لە رێگەی پاكستانەوە بۆ پێشنیازەكەی ئەمریكا سەبارەت بە كۆتایی هێنان بە جەنگ ناردووە، وەڵامەكەش 10 خاڵ لە خۆدەگرێت، كە كۆتایی هێنانی یەكجاری جەنگ لە ناوچەكە و رێككەوتن لەبارەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سزاكان و قەرەبووی زیانەكانیش لەخۆدەگرێت.

دواین كات

بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا، وەڵامەكەی ئێرانی رەتكردەوە و وتی ئەو كاتەی دیاریكردووە، دوایین كاتە.

ئێستا گەرووی هورمز كە پێنج یەكی نەوت و غاز و بەشێكی زۆری پێداویستیەكانی جیهانی پێدا دەڕوات لەلایەن ئێرانەوە داخراوە، ئەمەش بووەتە كارتێكی بەهێز بەدەست ئێرانەوە و وڵاتان داوای كردنەوەی دەكەن، بەڵام وادیارە بەو ئاسانییە ئامادە نییە بەبێ رێككەوتن بیكاتەوە.

دیاریكردنی كات لەلایەن ئەمریكا و رەتكردنەوەی ئاگربەستی كاتیی لەلایەن ئێرانەوە، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی پاكستان بۆ راگرتنی جەنگ، بەرپرسانی پاكستان پێشنیازیان كردووە سەرەتا جەنگ بۆ ماوەی 15 بۆ 20 رۆژ رابگیرێت، بەوتەی سەرچاوەكان عاسم مونیر فەرماندەی هێزی پاكستان پەیوەندی لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی ترەمپ و عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە، پەیوەندییەكەش بۆ ئەوەبووە ئاگربەست رابگەیەنرێت و پاشان گفتوگۆ بكرێت، بەڵام وادیارە هەوڵەكان سەریان نەگرتووە.

كردنەوەی گەرووی هورمز دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێشەممە 07-04-2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگ لەسەر پڕۆژەیەكی هەمواركراو بدات بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، ئەمەش تەنیا چەند كاتژمێرێك پێش كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران دایناوە.

هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی نێودەوڵەتی

بڕیارە دەنگدانەكە كاتژمێر 11:00ی بەیانی بە كاتی واشنتن كە دەكاتە كاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەكاتی هەولێر) دەستپێبكات. بەگوێرەی زانیارییەكان، دەقی بڕیارنامەكە لە چەند رۆژی رابردوودا دەستكاری كراوە و هەندێك بڕگەی لێ دەرهێندراوە، تاوەكو لەلایەن وڵاتانی خاوەن مافی ڤیتۆوە رەت نەكرێتەوە.

دژایەتییەكانی فەرەنسا، روسیا و چین وای كردووە دەقەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت. فەرەنسا تەنیا بەو مەرجە رازی بووە كە ئۆپەراسیۆنەكان بەرگریی بن. بەڵام هێشتا مەترسیی ڤیتۆكردنی پڕۆژەكە لەلایەن روسیا و چینەوە لە ئارادایە، هەر بۆیەش دەنگدانەكە كە بڕیار بوو هەفتەی رابردوو بكرێت، دواخرا.

 رەشنووسە نوێیەكە داوا لە وڵاتان دەكات هەوڵەكانیان كە سرووشتێكی بەرگرییان هەبێت هەماهەنگ بكەن بۆ دابینكردنی ئاسایشی كەشتیوانی و پاسەوانیكردنی كەشتییە بازرگانییەكان.

ئەم دەنگدانە تەنیا چەند كاتژمێرێك پێش كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دێت كە ئەوەش ئەو دوا وادەیەیە دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێرانی دیاریكردووە تاوەكو رێككەوتن بكات، ئەگەرنا سوپای ئەمریكا وێستگەكانی كارەبا و پردەكانی ئەو وڵاتە وێران دەكات.

لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا بەردەوامە، زیانە مرۆیی و مادییەكان زۆرن، لە ئێران زۆرترین زیانی گیانی هەیە، ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 3540 كەس، ئیسرائیل رایگەیاندووە كە ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 23 كەس و زیاتر لە 2000 كەسیش بریندارن، دەسەڵاتدارانی لوبنانیش دەڵێن 1461 كەس كوژراون، تائێستاش 13 سەربازی ئەمریكا بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران كوژراون و سەدانیش بریندارن.

  • هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە

  • كێڵگەی نەوت و بەندەر و كارگەكان؛ زیانەكانی پێنج هەفتە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل

  • ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە

  • کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن

  • هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن

  • وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد

  • بەشداربووە لە ڕفاندنی ئێزدیەكان؛ عێراق ئەندامێكی داعش لە سێدارە دەدات

  • چۆن دووەم ئەندامی تیمی فڕۆكە ئێف 15 ەكەی ئەمریكا ڕزگاركرا؟

  • ئۆجەلان لە دەوڵەتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و پاشان ئینتیگراسیۆن

سەرەکی