×

2024-04-23 168 جار خوێنراوەتەوە

مووچە، ئۆتۆمبێل و یەکەی نیشتەجێبوون؛ بەرپرسێکی دیکەی گۆڕانیان کرد بە پارتی

دۆسیەی تایبەت


ماوەیەکە بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی ئۆرگانیی لەگەڵ بزووتنەوەکە نەماوە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکە، دواجار گۆڕان لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا سەیوان عەلی دورخستنەوە و ناوبراویش دەڵێت “سوپاس بۆ گۆڕان کە ئازادیکردم”.

سەرەتای کێشەکە

بزووتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی ئەو پۆستە حکومییانەی لە کابینەی نۆیەمدا وەریگرتوە، پۆستی بریکاری وەزیری پەروەردەی پێدراوە، بزووتنەوەکەش کەسێکی بەناوی (دکتۆر سەیوان عەلی) داناوە و لە سەرەتای کابینەوەکەوە تائێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.

دوو ساڵ پێش ئێستا سەیوان عەلی پێ دەنێتە تەمەنی خانەنشینییەوە، بەڵام خانەنشین ناکرێت و ماوەی ئەرکەکەی بۆ ساڵێک بۆ درێژ دەکرێتەوە، بەڵام دوای ساڵەکەش جارێکی دیکە بۆ ساڵێکی دیکە ئەرکەکەی درێژ دەکرێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازیی بوو بەو درێژکردنەوەیەی دووەم، چوونکە سەیوان عەلی لەو کاتەدا پەیوەندی لەگەڵ حزبەکە پچڕاندبوو، گۆڕان بە فەرمیی داوای لە پارتی کردووە ماوەی سەیوان عەلی درێژ نەکاتەوە، خانەنشینی بکات و کەسێکی دیکە لە گۆڕان بۆ شوێنەکەی دیاریبکرێت، بەڵام پارتی ئەمەی رەتکردووەتەوە.

پەیوەندی سەیوان عەلی و پارتی

سەیوان عەلی دوای دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، پەیوەندیی گوماناوی لەگەڵ پارتیدا هەبووە، ئەو پەیوەندییەش لە رێگەی وەزیری پەروەردەوە رێکخراوە.

کاتێک پرسی ئەو پەیوەندییە تەقییەوە کە وێنەی سەیوان عەلی لەگەڵ وەزیری پەروەردە دەرکەوت، کە سەردانی “مەزاری بارزانی” کردووە، ئیتر لەوێوە گۆڕان بەوپەڕێ گومانەوە لە بریکاری وەزیری پەروەردەی دەڕوانی.

سەیوان عەلی ماوەی نزیکەی ساڵێکە، تەنانەت ئامادە نەبووە لە میدیاکانی گۆڕانیشەوە دەربکەوێت، ئەوەش چەندین جار بووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان ناڕاستەوخۆ گلەیی لە ناوبراو بکەن.

هەڵوێستە فەرمییەکان

دوێنێ هەینی، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکی فەرمییدا ئاماژەی بەوەکرد: بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

دوای راگەیەنراوەکە، سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند “سوپاس بۆ گۆڕان کە ئازادی کردم”.

شەماڵ عەبدولوەفا هەڵسوڕاوی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو کێشەیەوە دەڵێت “گۆڕان خۆی بەشداربوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئێستا خێرە بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی کاری برێکارێکەوە وا دەکات”.

سەیوان عەلی چی بەدەستدەهێنێت

درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی سەیوان عەلی وەکو بریکاری وەزارەت، بە واتای بەردەوامیی دێت لەو ئیمتیازاتانەی بریکار هەیەتی، کە پێکدێت لە؛ ئۆتۆمبێک، یەکەی نیهشتەجێبوون و مانگانە نزیکەی 10ملیۆن دینار.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی ئیرادە، سەیوان عەلی لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی لە هەولێر پێدراوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لانکرۆزەری بۆ کڕدراوە و تائێستاش سوودمەندە لە هەردووکیان.

مووچەی بنەڕەتی بریکاری وەزیر بریتییە لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار، دەرماڵەی بڕوانامەی دکتۆرا بریتییە لە ٪100 دەرماڵەی پلە و پیشە و ئەوانی دیکە مانگانە دەگەنە نزیکەی سێ ملیۆن دینار، مینحەی ریکاری وەزارەت بریتییە لە سێ ملیۆن دینار بۆ خەرجییەکانی.

بەو پێیە بێت سەیوان عەلی مانگانە نزیکەی  12ملیۆن دینار وەردەگرێت، ئەمە بێجگە لەوەی بەشدارە لە بڕیاردان لە دارایی وەزارەتەکە و خەرجییەکانی.

بۆیە بەردەوامبوونی ناوبراو، ئەگەر لەرێگەی بوونی بە پارتیشەوە بێت، بۆ ئەو لەپێشترە لەوەی پابەندی یاسا بێت و دەست لە کارەکەی بەربدات لەسەر داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕان.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی