هەشت ساڵ تێدەپەرێت بەسەر رزگارکردنى شەنگال لەدەستى چەکدارانی داعش، ئەمڕۆ شەنگال خاوەى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى و هێزى پاراستن و ئاسایشى ئێزیدخانە، بەڵام پارتى و دەوڵەتى تورکیا هەوڵى تێکدانى ئەو ئەزموونە دەدەن کە بەخوێنى هەزاران شەهید بونیادیان نراوە.
ئێزدییەکان چۆن کۆمەڵکوژکران؟
لە 3ى ئابى 2014 کاتێک شەنگالییەکان وایان دەزانى پارێزراو دەبن لەدەستى تیرۆریستى داعش، ئەویش پشتبەست بەو هێزە زۆرەى لە سنورەکەدا ئەرکدارکرابوون، لەکاتژمێر 9ى بەرەبەیاندا، زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگەی پارتی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانى زێرەڤانى، بەرپرسى هێزەکانى80ى پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس، بە درێژایی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر سنورەکەیان بۆ چەتەکانى داعش جێهێشت.
ئەوانیش بێ هیچ سڵەمینەوەیەک وەک ئەوەى رێککەوتن کرابێت لەگەڵیان، هێرشیان کردە سەر قەزاى شەنگال و داگیریانکرد، ئێزدییەکان جێهڵران بۆ تیرۆریستانى داعش، ئەوانیش بێ هیچ رەحمێک ئەو گەلەیان رووبەڕووى کۆمەڵکوژییەکى مەترسیدار کردەوە.
هەر لە یەکەم رۆژى هێرشەکە هەزاران ئێزدى کۆمەڵکوژکران، بە درێژایی ماوەى داگیرکارییەکەش سەدان منداڵ هەتیوکەوتن و سەدان ژن و منداڵ ڕفێنران.
بەپێی ئامارەکان هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 6 هەزار کەس لە قەزاکە رفێنران و بەدیلگیران کە نزیکەى 4 هەزار کەسیان ژن و کچ بوون، ئێستاشى لەسەر بێت چارەنوسى زیاتر لە 3 هەزار کەسیان بە نادیارى ماوەتەوە. ئەمە جیا لەوەى 360 هەزار کەسیش ئاوارە بوون و زێدى خۆیان جێهێشت.
ڕۆڵى پارتى لە کۆمەڵکوژییەکە
مایکل ڕۆبن، نوسەر و لێکۆڵەرى ئەمریکى، لە گۆڤاری واشنتۆن ئێگزامنەری ئەمریکی تایبەت بە هەواڵ و لێکۆڵینەوەی سیاسی، وتارێکی بڵاوکردەوە و باس لە ئاگادارى پارتى دەکات لەبارەى جینۆسایدى ئێزدییەکان.
مایکڵ ڕۆبن، باس لەوە دەکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتى و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هێرشی چەکدارانی داعش بوون بۆ سەر ئێزدییەکان و خۆیان ڕێگایان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داوە، دەشڵێت، بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانی بەغدا بارزانییەکان چەکیان فرۆشتووە بە چەتەکانی داعش.
مایکڵ ڕۆبن پێشتر ڕاوێژکاری پێشوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران بووە دەشڵێت: مەسرور بارزانی داوای ئێزدییەکانی ڕەتکردەوە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی گوندەکانیان و دابینکردنی چەک بۆیان تا بەرگری لە خۆیان بکەن، کاتێکیش “داعش” شەنگالى داگیرکرد، هێزەکانی مەسرور تەنها ئەوە نەبوو ڕابکەن و هەڵبێن، بەڵکو زۆرێک لە ئەو چەکانەیان بەحێهێشت بۆداعش کە پێشتر خۆیان بۆ شەڕی دژی “داعش” پێیان درابوو.
چۆن شنگال ئازادکرا؟
ڕۆژى 13ى تشرینى دووەمى 2015، هێزەکانى پێشمەرگە و گەریلاکانى پەکەکە و یەکینەکانى بەرخۆدانى شەنگال – یەبەشە، یەکینەکانى ژنانى شەنگال -یەژەشە ، بە هاوبەشى لەگەڵ فڕۆکەى هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر تیرۆریستانى داعش و توانییان قەزاى شەنگال لەدەستی ئەو تیرۆرستانە رزگار بکەن.
لە ئێستاشدا ئەمڕۆ شەنگال خاوەنى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى و هێزى پاراستنى جەوهەرى و ئاسایشى ئێزیدخانە.
دەزگا و دامەزراوەکانى شەنگال کە بەڕەنج و هەوڵکى زۆر دامەزراون ، بەبڕیار و پێداگرییەوە دەپارێزرێن، لەوچوارچێوەیەشدا هاوڵاتیانی تەمەن حەوت تا حەفتا ساڵ، لە دانیشتوانى ئەو سنورە دامەزراوەکانى ئاسایش و ئەمنیەتى خۆیان دەپارێزن و پاسەوانییان لێدەکەن.
بۆچی دانیشتوانی شنگال رێگە بە گەڕانەوەی ئیدارەی قەزاکەو و پێشمەرگەی پارتی نادەن؟
جێهێشتنى ئێزدییەکان بۆ تیرۆریستانى داعش، پەڵەیەکى ڕەش بە نێوچەوانى پارتییەوە و پێناچێت وا بە ئاسانى ئەو خیانەتە لە زهنییەتى شەنگالییەکان کاڵبێتەوە، ئەوان پێیان وایە پارتى بەشدارە لە تاوانى کۆمەڵکوژکردنى گەلەکەیان.
لەبارەى هۆکارى رەتکردنەوەى گەرانەوەى پارتى بۆ قەزاکە، ئێزدییەکان پێان وایە هەرکات پارتى بۆى بگونجێت خیانەتێکى دیکەیان لێدەکات.
ڕێککەوتنى 9ى ئۆکتۆبەرى 2020، لە نێوان پارتى و حکومەتەکەى کازمى، لەژێر فشارى تورکیا و ئەمریکا و لەژێر چاودێرى جینین پلاسخارد، نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق، بۆ شەنگالییەکان فەرمانێکى دیکەیە، هەروەک چۆن هۆکارێکى دیکەى رێگرى خەڵکى شەنگالە لە گەڕانەوەى پارتى بۆ سنورەکە، چونکە رێککەوتنەکە بەبێ پرس و راوێژ بەوان ئەنجامدرا، وەک خۆیان دەڵێن، ڕێککەوتنەکە ویست وئیرادەى گەلى شەنگالیان جێگا نەکردۆتەوە.
رێککەوتنەکە هەرچەند لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، بەڵام زۆرێک لە ناوەندى جیهانییەکان ڕۆڵیان تێداگێڕاوە. لە کاتێکدا پارتى نەیتوانى لەماوەى کابینەکەى کازمى ئەو رێککەوتنە جێبەجێبکات و سەرکەوتووبێت، لەئێستاشدا و دواى دەستبەکاربوونى کابینەکەى محەمەد شیاع سۆدانى، پەدەکە دەیەوێت بە هەرنرخێک بێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، هەر بۆیە لە سەرەتادا، مەرجى جێبەجێکردنى رێککەتنەکەى کردبووە مەرجى خۆى بۆ پاڵپشتىکردن لە کابینەکەى شیاع سودانى.
پارتى ئاوارەکانى شەنگال وەک بارمتە بەکاردەهێنێت
دواى هەشت ساڵ لە رزگارکردنی قەزای شنگال لەدەستی چەکدارانی داعش تائێستاش رێگە بە ئاوارە ئێزدییەکان نادرێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ساڵی ٢٠١٥ لە هەمان رێککەوتی ئەمڕۆدا، داعش لە قەزای شنگال دەرپەڕێنرا و کۆتایی بەو چیرۆکە تراژیدییە هێنرا کە بەهۆی هێرشی داعش و کشانەوەی پارتی، بەسەر خەڵکی ئەو قەزایەدا هات.
ئێستا کە هەشت ساڵ بەسەر رزگارکردنی ئەو قەزایە لەدەستی داعش تێپەڕێوە، هێشتا ئاوارەکانی شنگال و دەوروبەری رێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
لەوبارەیەوە ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چەند جارێک رایگەیاندووە “پارتی دەیەوێت ئاوارەکان وەکو بارمتەی سیاسیی بەکاربهێنێت و لە هەڵبژاردنەکاندا سوودیان لێ وەربگرێت”.
ئەمە جیا لەوەى لەم هەڵبژاردنە پارتى هەموو هەوڵێکى بۆ ئەوەىە زۆرترین ئاوارەى ئێزدى لە کەمپەکاندا بهێڵێتەوە، ئەویش لەو پێناوەى لە دەنگدانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق سودیان لێوەربگرێت و دەنگیان کۆبکاتەوە.
بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆى ڕازیکردنى دڵى ئاوارەکان، لەماوەى چەند هەفتەى رابردوشدا بەسەدان ئاوارە گەڕاونەتەوە شەنگال، ئەمەش پارتى دیموکراتى کوردستانى توڕە و بێ هیوا کردووە.
شەنگال گۆڕەپانێکى نوێ بۆ شەڕی ئێران و تورکیا
سەرەتای ساڵى 2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند “شەوێک لەناکاو دەچینە شەنگال “.
لەو کاتەشەوە تورکیا بەدوای کاتێکى گونجاودایە هێرش بکاتە سەر شەنگال و کۆنترۆڵی بکات، پێشتر هەریەک لە وەزیرى دەرەوە و بەرگرى تورکیا هاتنە بەغداد و هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بەرێکەوتن ئەو کارە بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە بەدوای کات و دەرفەتێکى گونجاودا دەگەڕێت تا خۆى تاکلایەنە هێرش بکاتە سەر شەنگال.
ئەم هەڕەشەیەی ئەردۆغان لە ئەرزی واقیعدا تەنیا لەبەربوونى پەکەکە نییە لە شەنگال، بەڵکو لەلایەک پەیوەندى بە نەخشەیەکى نوێی ئابوری جیهانییەوە هەیە کە لەلایەن چینەوە داڕێژراوەو تورکیا جێبەجێکارى ئەو نەخشەیە لەناوچەکە، لەلایەکى دیکەشەوە پەیوەندی بەشوێنى جوگرافی شەنگال و ئەو ململانێیە سەختگیرەوە هەیە کە لەنێوان تورکیا و ئێران هەیە.