6   کاتژمێر پێش ئێستا 49 جار خوێنراوەتەوە

ترەمپ پێشبینی هەفتەیەک دەکات بۆ رێککەوتن؛ میدیای ئێران: هیچ وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنی پێشنیارکراو نە نێردراوە

بەهۆی حزبوڵاوە نێوانی ترەمپ و نەتەنیاهۆ تێکدەچێت

ناوەندی هەواڵ

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رەنگە لەماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، بەڵام میدیای ئێران دەڵێت تا ئێستا هیچ وەڵامێکی پێشنیاری رێککەوتنی کۆتایی بە ئەمریکا نەدراوەتەوە.

وەک میدیای ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە ئاشکرایکردووە، ئێران بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشوو، هەوڵدەدات دەستکەوتی راستەقینە و بەرجەستە بەدەست بهێنێت. چونکە مێژووی لەگەڵ پابەند نەبوونی ئەمریکا هەیە  و متمانە لە نێوانیان نییە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیەی وەفدی دانوستانکاری ئێران، کە بۆ ئاژانسی میهر قسەیکردووە، تا ئێستا تاران وەڵامی پێشنیاری رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا نەداوەتەوە.

"ئەمریکا سەبارەت بە جەنگ دوودڵە، ئێمەش سەبارەت بە رێککەوتن، چونکە ئەمریکا پارەیەکی زۆری لە جەنگدا خەرج کردووە و سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە". سەرچاوە باڵاکەی ئێران وای وتووە.

وەک ئەو سەرچاوەیە باسی کردووە، "ئێران پێشتر روبەڕووی پابەند نەبوونی لایەنی بەرامبەر بووەتەوە، بۆیە بنەڕەتی هەڵوێستی ئێران، چۆنیەتی رێوشوێنی جێبەجێکردنی بەرجەستەیە".

رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وابیر دەکاتەوە لەماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە.

ترەمپ بە تۆڕی ئەی بی سی نیوزی وتبوو "کاروبارەکان باشن و بە باشی بەڕێوەدەچن".

سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران بە باشتر لە سەرکەوتنی سەربازیی ناوبردووە، بەڵام وتوویەتی "پرسەکە ئاسان نییە، ئێمە باس لە دەوڵەتێکی گەورە دەکەین کە لە ناوەڕاستی دووژمنایەتییەکی تونددا رێککەوتنی لەگەڵ دەکەین".

سەبارەت بە کاتی رێککەوتنی تایبەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و رازیبوون لەسەری، ترەمپ وتی "وا بیردەکەمەوە هەفتەی داهاتوو رووبدات،بۆیە تا ئێستا نەگەیشتووینەتە کۆتایی چونکە خاڵی تر ماوە یەکلایی بکرێتەوە".

لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پڕ لە قسەی توونددا، هێرشی کردووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

پێشتر لە رۆژی دووشەممە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد. بەپێی دوو لە سەرچاوەکان کە قسەیان بۆ ماڵپەڕە هەواڵییەکە کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ترەمپ بە نەتەنیاهۆی وتووە "شێت" و تۆمەتباری کردووە بەوەی بێئەمەک بووە لە بەرامبەر سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها پلانەکەی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر بەیرووت راگرتووە.

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ بە نەتەنیاهۆی وتووە، ئەگەر هەڕەشەکانی بۆ بۆردوومانکردنی پایتەختی لوبنان جێبەجێ بکات، ئەوا ئیسرائیل زیاتر لە جیهاندا گۆشەگیر دەبێت.

ترەمپ بە بیری هێناوەتەوە کە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی نەتەنیاهۆ نەچێتە زیندانەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ پاڵپشتییەکانی ترەمپ لە کاتی دادگاییکردنی نەتەنیاهۆ بەتۆمەتی گەندەڵی.

بەرپرسە ئەمریکییەکه قسەکانی ترەمپی بۆ نەتەنیاهۆ بەمشێوەیە کورتکردووەتەوە "تۆ بەتەواوی شێتبوویت، ئەگەر من نەبوومایە ئێستا لە زیندان دەبوویت، من تۆم رزگار کرد، ئێستا هەمووان رقیان لێتە، بەهۆی ئەم کارانەوە هەمووان رقیان لە ئیسرائیلە."

وەک ئاکسیۆس ئاماژەی پێداوە، ترەمپ زۆر "تووڕە" بووە و لە کاتێکدا بەسەر نەتەنیاهۆدا هاواری کردووە، پێی وتووە "ئەمە چ نەفرەتییەکە دەیکەیت؟".

  • وەڵامی پارتی بۆ یەکێتی؛نەگەینە رێککەوتن بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین

  • حەشد بەرەو هەڵوەشانەوە؛ عەسائیب چەکەکانی رادەستی حکومەت دەکات

  • ترەمپ پێشبینی هەفتەیەک دەکات بۆ رێککەوتن؛ میدیای ئێران: هیچ وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنی پێشنیارکراو نە نێردراوە

  • ڕاپۆرتى سێ مانگ له‌ هێرشه‌كانى ئێران؛٧٥١ هێرش، ٢٢ کوژراو، ١١٢ بریندار

  • یەکی حوزەیران: ڕۆژی شکانەوەی بێدەنگی و هەڵسانەوەی قەقنەس

  • یه‌كێتی و پارتى له‌ 50 به‌ 50 ه‌وه‌ بۆ 39 به‌ 39

  • به‌ مه‌رجى شه‌یتان ڕازى بوون؛ ئێران به‌شێك له‌ گرووپه‌كانى عێراق به‌ ناپاكى تۆمه‌تبار ده‌كات

  • دۆخەکە هەستیارە و روبەڕووی ئاڵنگاری دەبینەوە؛ سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دەدات

  • چوارچێوه‌ له‌ پشێویدایه‌؛ تارمایى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شد باڵى به‌سه‌ر دانوستانه‌كاندا كێشاوه‌

سەرەکی