×

2024-04-23 160 جار خوێنراوەتەوە

پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

دۆسیەی تایبەت


لە ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هاوپەیمانێتییەکی سێقۆڵیی لەنێوان سەدر، بەشێک لە سووننە و پارتیدا پێکهێنرا، هاوپەیمانێتییەکە تەمەنێکی کورتی هەبوو، هەرزوو بە کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشایەوە، بەڵام کارەکە لەوێدا کۆتایی نەهات، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت هەرسێ لایەنی ناو هاوپەیمانێتییەکە لە پرۆسەی سیاسیی دووربخەنەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش تەنها پارتی ماوە، ئەویش ترسێکی گەورەی لێنیشتووە.

A man on duty at a polling place for Iraq’s national elections, in Baghdad, May 12, 2018. The election’s lackluster voter turnout of 44.5 percent Ñ the lowest since the countryÕs first democratic election in 2005 Ñ reflects a worrying challenge: a crisis of confidence in the political system and IraqÕs establishment parties. (Ivor Prickett/The New York Times)

یەکەم گۆڵی یارییەکە لە ئێران کرا

١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لە سەرتاسەری عێراق هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو، کە دەرئەنجامەکەی بەتەواوەتیی نەخشەی سیاسیی وڵاتەکەی گۆڕی، هاوپەیمانێتی نوێ هاتنەئاراوە و هاوپەیمانێتییە گەورەکانی جاران ئەو رۆڵەی پێشوویان نەما، ئەمەش وەکو گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی نوێی عێراقدا سەیر دەکرا.

دیارترین گۆڕانکاریی کە لەدوای ئەو هەڵبژاردنە هاتەئاراوە، بریتیبوو لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سێقۆڵیی لەنێوان رەوتی سەدر، بەشێک لە سووننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان.

هەر ئەوکات لایەنە شیعەکان (بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیکن) پەنجەی تۆمەتیان بۆ بارزانی و حەلبووسی رادەکێشا و بەوە تۆمەتباریان دەکردن کە بە پشتیوانییکردنی سەدر، بوونەتە هۆی تێکدانی یەکڕیزیی نێو ماڵی شیعەکان.

لەڕووی جەمسەربەندییە سیاسییەکانی ناو عێراقەوە، ئەو هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەی پێکهێنرابوو، پشتیوانیی تورکیا و وڵاتانی کەنداوی بەدەستهێنابوو، بەپێچەوانەوە ئێران پێی نیگەران بوو و وەکو پیلانگێڕییەک لەدژی خۆی سەیری دەکرد.

ئێران ئەو گۆڵە لە بیر ناکات

پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکە، وا بە ئاسانیی لە دڵی ئێرانییەکان دەرنەدەچوو، لە بەرامبەردا ئێران هەموو لایەنەکانی نزیک لە خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا کۆکردەوە و ناوینا (چوارچێوەی هەماهەنگی).

چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرجەم ئەو لایەنە کورد و شیعانەی تێدان کە لەڕووی سیاسییەوە لە ئێرانەوە نزیکن، سەرەکیترین پێکهێنەرەکانیشی بریتین لە نووری مالیکی، هادی عامریی، حەیدەر عەبادیی، قەیس خەزعەلی و عەمار حەکیم، لەناو لایەنە کوردییەکانیشدا یەکێتی بەشێکە لەو چوارچێوەیە.

دوای گەڕێکی توندی ململانێ و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دەرکەوت بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگیی کارێکی لەو شێوەیە ئەستەمە، ئەمەش بەتەواوەتیی سەدری بێهیوا کرد، چوونکە نە سەدر و نە مالیکی کە سەرۆکایەتی دوو هاوپەیمانێتییە دژبەیەژکەکانیان دەکرد، نەیاندەوسیت لە “کاسەیەکدا ئاو بخۆنەوە”.

ئەمەش بوە هۆی ئەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی بکشێتەوە، پەرلەمانتارەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد و کاری سیاسیی رەوتەکەی هەڵپەسارد و تا ئێستاش ئامادە نییە هیچ هەنگاوێکی سیاسیی بنێت. ئەمەش وەکو تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون بۆ ئێران لە گۆڕەپانی یارییەکەی عێراقدا هەژمار دەکرا.

لەدوای بێڕۆڵبوونی سەدر، لایەنە شیعەکان و ئێران، دەستیان بە دژایەتی حەلبووسی کرد، بۆ ئەو مەبەستەش سوودیان لە ناکۆکیی ناوخۆیی ناو ماڵی سووننەکان وەرگرت، لایەنە شیعەکان دەیانوسیت بە هەر جۆرێک بێت کۆتایی بە رۆڵی سەدر، حەلبووسی و بارزانی بهێنن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن بەرەی شەڕ دژی شیعەی سەر بە ئێران بکەنەوە.

دەوڵەتی قوڵ و بەکارهێنانی دامەزراوەکان

لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران و بەتایبەتی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی، رەگ و ریشەیەکی قووڵی رۆچوویان لەناو دامەزراوە و سیستمی عێراقیدا هەیە، زۆرجار لە پرسە سیاسییەکاندا توانیویانە سوود لەو ریشەیە وەربگرن کە هەندێک لە شرۆڤەکاران بە (دەوڵەتی قوڵ) ناوی دەبەن.

لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار لەرێگەی دامەزراوەکانەوە دژی کاندیدەکانی لایەنە سوونەکان و بەتایبەتی لایەنەکەی حەلبووسی هەنگاویان نا، بەشێوەیەک کە بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ بەعس، چەند کاندیدێکی بە‌هێزی سووننەیان دوورخستەوە.

دواجار لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە کشوماتیان لە محەمەد حەلبووسی کرد، ئەوەبوو بە بڕیارێکی دادگا، ناوبراو لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی پەرلەمان دوورخرایەوە و بەمەش لایەنی شیعەی نزیک لە ئێران، گۆڵی براوە کرد.

پارتی لە گۆڵی سێیەمی ئێران دەترسێت

هیچ گوومانی تێدا نییە، لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران، دوای تۆڵەکردنەوە لە سەدر و حەلبووسی، دەست بە تۆڵەکردنەوە لە پارتی و بارزانی دەکەن، پارتیش بەروونی لەم پلانە تێگەیشتووە، هەر بۆیە بەزوویی هاواری لێ هەستا.

وەکو یەکەمین لایەنی کوردیی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکی فەرمییدا، ئاماژەی بەوە کرد؛ دۆخی سیاسیی عێراق لەبەردەم هەژانێکی گەورەدایە، جەختیش دەکاتەوە دوایین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی ئاڵۆزییەکانی عێراقی قوڵتر کردووەتەوە.

پارتی ئەزموونێکی باشی لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵیی نییە، بڕیاری بە نادەستووری ناساندنی هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕیاری بەنادەستووری ناساندنی ئەنجامی ریفراندۆم، بڕیاری دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدێتی بۆ سەرۆک کۆمار و چەندین بڕیاری دیکەی دادگاکە هەن کە پارتی بەهۆیانەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

ئێستا پارتی ترسی ئەوەی لێنیشتووە جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ تۆڵەکردنەوەی لە حزبەکەی بەکاربهێنرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسای ئەو حزبە لە بەغداد چەندین دۆسێی گەندەڵی و بەهەدەردانیان لەسەرە.

هەموو ئەم پێدراوانە ئەو راستییە دەسەلمێنن کە ئەگەرێکی بەهێز بۆ هەنگاونان دژی پارتی لەلایەن لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەیە، ئەوەش بۆ کۆتایی هێنان بە سەرجەم پێکهێنەرانی ئەو بەرەی شەڕەی کە لەدژی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی نزیک لە ئێران کرایەوە. بەڵام پارتیش هەروا دەستەوەستان نابێت، ئەو حزبە ئەزموونێکی گەورەی لە یەکلاییکردنەوەی ململانێکاندا هەیە، بەشێوەیەک ئامادەیە سازش لەسەر هەموو پرس و بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بکات لەپێناو پاراستنی خۆی، ئەگەری بەهێزیش لەو چوارچێوەیەدا ئەوەیە کە پارتی لەگەڵ شیعەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک رێکبکەوێت، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی خواستی ئەو لایەنانەی کە ئێستا لە کەرکوک باڵادەستن.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی