×

2024-04-23 194 جار خوێنراوەتەوە

کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

دۆسیەی تایبەت


لە هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، ئێزدییەکان بە چەند شێوەیەک دەنگ دەدەن، هەندێکیان لە شنگالن، هەندێکیان لە کەمپەکانن و بەشێکیشیان عێراق و کوردستانیان بەجێهێشتووە، بۆ هەموو ئەمانەش کورسییەکی کۆتا دانراوە بۆئەوەی ئێزدییەک لەرێگەیەوە ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لەسەر تاقانە کورسییەش 29 کاندید شەڕ دەکەن، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بێت، پارتی بەهێزە و لایەنەکانی نزیک لە پەکەکە ناتوانن دەستیان بە کورسییەکە بگات.

میکانیزمى بەشدارى  ئاوارەکان لە هەڵبژاردن

لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق، کە بڕیارە لە 18 ى کانونى یەکەمى ئەمساڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت و 48 هەزار و 260 دەنگدەرى ئاوارە مافى بەشداریکردنیان هەیە کە زۆرینەیان لە پارێزگاى نەینەوان.

دەنگدانی ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەپێی كارتی بایۆمەتری دەبێت، كۆمسیۆن پابەندە بە كردنەوەی ناوەندی دەنگدان لەناو كەمپەكاندا و دەنگدانیشیان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەبێت، كە 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن 48 هەزار و 260 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

بەڵام ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان تا دەنگبدەن، حكومەتیش پابەند بە ئاسانكاری و گواستنەوەیان بۆ ناوەندەكانی دەنگدان.

ئەو ئاوارانەى مافى دەنگدانیان هەیە

لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ لەوانە ٪٥٤ خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، ئەمە بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

زۆرێك لە حزبەكان چاویان لە دەنگی ئاوارەكانە بۆ مسۆگەركردنی كورسی زیاتر لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا. شنگال بە زێدی مێژووی ئێزیدییەكان ناودەبرێت و ٪٣٠ ئاوارەی كەمپەكانیش هەر ئێزیدین.

ئەو پێكهاتە ئایینییە 29 كاندیدی لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی جۆراوجۆردا هەیە و چاویان لە دەنگی ئاوارەكانە.

 لەو 29 كاندیدە چواریان خۆیان بۆ تاكە كورسی كۆتای ئێزیدییەكان كاندید كردووە كە بەپێی یاسا بۆیان دیاریكراوە.

پارتى دیموکراتى کوردستان یەكێكە لەو لایەنانەی چاوی لە دەنگی ئاوارەكان و خەڵكی شنگالە، بۆ ئەو مەبەستە 11 كاندیدی ئێزیدی هەیە، لە كۆی 52 كاندید بۆ تەواوی پارێزگاكە.

ئاوارە ئێزدییەکان

بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزیدییەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیانكردووە.

زۆرینەی ئێزیدییەكان لە قەزای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وایە‌ دەژین، قەزاكە لە 3ـی ئابی 2014دا كەوتە دەست داعش و بەهۆیەوە هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە. بەشێكی تری ئێزیدییەكان لە شێخان، باشیك و ناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا دەژین.

سەرەڕای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2015ـەوە شنگال‌ لەدەستی داعش دەرهێنرا، بەڵام هێشتا لە كۆی 600 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان  نزیکەی 180 هەزار کەسیان ئێزدیین و نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەوە، دەتوانن راستەوخۆ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی خۆیان دەنگبدەن.

کورسى ئێزدییەکان لەم هەڵبژاردنە

ئێزیدی لە هەموو عیراقدا تەنیا یەك كورسی كۆتای هەیە؛ ئەویش دەكەوێتە پارێزگای نەینەواوە (لە كۆی 29 كورسی نەینەوا یەك كورسی بۆ ئێزیدییە). بۆ ئەو تاكە كورسییە، چوار كاندید لە كێبڕكێدان، بەڵام لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتی تردا ئێزیدییەكان 25 كاندیدی دیكەیان هەیە بۆ كورسی گشتی نەك كۆتا.

لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای نەینەوا ئێزیدییەكان هەشت كورسیان لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی جیاوازدا هەبوو، بەڵام تەنیا یەكێكیان كۆتا بوو، هەروەها لە پەرلەمانی عیراقیش یەك كورسی كۆتای هەیە.

بەهێزترین کاندید

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی ڕەفا لە موسڵ، بە ناوی هاوپەیمانیی “یەکێتیی گەلی نەینەوا” بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، چوار کاندیدی پادێ لەم لیستەدا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. کاندیدان پێکهاتوون لە  ئازاد عەبدال و قاسم کەشکۆ و دەخیل سیدۆ و فەلاح دلێمی.

کاندیدەکانی پادێ، دەنگی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگالن (ئەوەی کە دەگوترێت نزیکە لە پەکەکە) لەو جوارچێوەیەشدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان شنگالیان پاراستووە و داوا لە خەڵک دەکەن کاتێک کە دەنگدەدەن ئەوەیان لەبیر بێت کێ بەجێی هێشتن و کێ فریایان کەوت.

لایەنەکانی نزیک لە پەکەکە لە هەڵبژاردندا لاوازن

شەنگال وەک ناوچەیەکى ستراتیژى، هەمیشە بووەتە ئامانجى دەوڵەتانى ئێران و تورکیا، بێ گومان بۆ ئەوەى ئەو وڵاتانە دەستیان بگات بە بەرژەوەندییەکانیان، بە هەر نرخێک بێت هەوڵى لابردنى ئەو بەربەستانە دەدەن کە دێتە رێگایان.

چاودێرانى سیاسى ئاماژە بەوە دەکەن، هیچ کات وڵاتانى داگیرکەرى کوردستان رێگا بە بوونى هێزێکى ڕێکخراوى پەروەردە کراوى کوردى نادەن لە هیچ شوێنێکى ئەم جیهانە هەر بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو شکست بە ئیرادەى شەنگالییەکان بهێنن کە لەچوارچێوەى ئەنجومەنى خۆبەرێوەبەرى شەنگل خۆیان بەرێکخستن کردبوو.

پادێ کە نوێنەرایەتى گەلى شەنگالى دەکرد نەیتوانى لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هیچ کورسییەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە:

هەر لە سەرەتاى کردنەوەى سندوقەکانى دەنگدانى هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق، کۆمەڵێک گرفت و کێشەى تەکنیکى بۆ شەنگالییەکان دروستکرا، هەر لە کارنەکردنى ئامێرەکانى دەنگدان و کارتى بایۆمەترى تا ساختەکردن و بوچەڵکردنەوەى سندوقەکانى دەنگدان.

نەگەڕانەوەى ناوى بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیانى شەنگال لە تۆمارى دەنگدەراندا کە ئەمەش وایکرد بەشێکى زۆر لە شەنگالییەکان نەتوانن دەنگبدەن.

ڕێگرییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە نەگەرانەوەى ئاوارەکان بۆ شەنگال و بلاوکردنەوەى چەند دەنگۆییە لەبارەى نائارامى قەزاکە، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى بەشێکى زۆر لە ئاوارەکان نەتوانن دەنگبدەن.

پێگەى پارتى لە پارێزگاى نەینەوا و قەزاى شەنگال

لە هەڵبژاردنى 2021ى پەرلەمانى عێراق، پارتى دیموکراتى کوردستان نزیکەى 163 هەزار دەنگى پارێزگاکەى بەدەستهێنا، بەوەش نزیکەى 7 کورسى پارێزگاکەى بردەوە کە سیانیان لە قەزاى شەنگال بوون.

 سەرەڕاى بەدەستهێنانى هەرسێ کورسییەکەى قەزاى شەنگال، بەڵام پارتى نەیتوانى ببێتە خاوەنى ڕاستەقینەى دەنگى دانیشتوانی شەنگال، چونکە پارتى لە قەزاکە وەک دوژمن و خیانەتکارێک سەیر دەکرێـت، ئەویش بەهۆی جێهێشتنى شەنگال بۆ چەتەکانى داعش  لە 3ـى ئابى 2014،کە بەو هۆیەوە هەزاران هاوڵاتى ئێزدى کۆمەڵکوژکران، هەر بۆیە لەسەروبەندى بانگەشەى هەڵبژاردن و کاتێک پارتى بۆ بانگەشە ویستى بچێتە ناو قەزاکە ڕێگایان پێنەدرا.

پارتی بە پلانێکی ورد، توانی سەرەڕای نارەزایەتیی ئێزدییەکان، ببێتە خاوەنی دەنگی پێویست بۆ نوێنەرایەتییکردنی شنگال لە پەرلەمانی عێراق.

دانیشتووانی شنگال، بەشێكیان لە چوارچێوەی 69 هەزار دەنگدەری ئاوارەدا لە دهۆك و لە دەنگدانی تایبەتدا دەبوو بەشداری بکەن، بەڵام نزیکەى هەزار و 500 کەسیان لە دەنگدانى تایبەت دەنگیان نەدا بەڵکو لە ڕۆژى دەنگدانى گشتى هێنرانەوە قەزاى شەنگال و لەژێر فشاردا لە بەرژەوەندى پارتى دەنگیاندا.

نزیكەی 5% دەنگدەران ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتبوەوە، و چەند ئامێرێک لە هەندێک بنکەى دەنگدان بۆ ماوەیەک وەستان، ئەمەش کاریگەرى زۆر هەبوو لەسەر پرۆسەكە.

ئەمە جیا لەوەى پارتى هەمیشە لەژێر ناوى خێرخوازى و هاوکارى بۆ ئاوارەکان و بەتایبەت لەرێگاى دەزگاى خێرخوازى بارزانییەوە هەوڵیداوە دەنگى ئاوارەکان بۆ خۆى بکڕێ، لەو چوارچێوەیەشدا لەژێر چەندین ناو و پاساودا رێگربوون لە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان، جارێکى بەهۆکارى نەبوونى سەلامەتى و خزمەتگوزارى لە شەنگال و جارێکیش بە بەلێنى ناڕاست و دابینکردنى ژیانێکى ئارام بۆ ئاوارەکان لەنێو کامپەکاندا.

ئەگەر ئەو پلانە نەبوایە، پارتی نەیدەتوانی دەنگى قەزاى شەنگال و ئێزدییەکان بۆ خۆى مسۆگەر بکات بەڵگەش بۆ ئەم راستییە ئەوەیە؛ کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئاماژەى بەوە کردووە، رێژەى دەنگدان لە شەنگال لە نزمترین ئاستدا بووە بەرامبەر بە دەنگى بازنەکانى دیکەى پارێزگاى نەینەوا، وە تەنها 42%ی دەنگدەران بەشداربوون، وە دەنگدرانی شنگال و بەتایبەت ئێزدییەكان كەمترین رێژەی بەشدارییان هەبووە کەمتر 30%ی دەنگدەرانی ئەو بازنەیە دەنگیانداوە.

لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پارێزگاکانى عێراق، پارتى دیەوێت لە قەزاى شەنگال هەمان سیناریۆى هەڵبژاردنى 2021ى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دووبارە بکاتەوە و زۆرینەى دەنگەکانى قەزاکە بەدەستبهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەکۆى 52 کاندیدى پارێزگاى نەینەوا، پارتى 11 کاندیدى ئێزدى کاندیدکردووە.

هەموو ئەم راستییانەش ئەوە دەردەخەن، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە 2014ەوە دووچاری دانیشتوانی شنگال و ئێزدییەکانی ناوچەکە کراوەتەوە ناتوانرێت نوێنەری راستەقینە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئێزدییەکان هەڵبژێردرێت و هەموو پرۆسەکە لە بەرژەوەندی پارتی کۆتایی دێت کە ئەوەش زیان بە دیموکراسیی و مافی هاوڵاتیان و داهاتووی شنگال دەگەیەنێت.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی