×

گرافیکی ئیرادە
2024-10-16 442 جار خوێنراوەتەوە

پارتى بۆچى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌دۆڕێنێت؟

ناوەندی هەواڵ

پرسه‌كانى (ڕیفراندۆم، مووچه‌، ئازادى ڕاده‌ربڕین، دۆسیه‌ى نه‌وت، داگیركارى خاكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و كورسى كۆتاكان) ئه‌و پرسانه‌ن كه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گورزى گه‌وره‌ى له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان داوه‌.

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ كۆتایى ساڵى 2013 پرۆژه‌ى ئابورى سه‌ربه‌خۆى ڕاگه‌یاند و كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنى گه‌وره‌ى دا له‌وه‌ى هه‌موو هاوڵاتییه‌كى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌ن هه‌ژمارى خۆى و له‌ پاره‌ى نه‌وت سودمه‌ند ده‌بێت، ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بوو به‌ ماڵ به‌سه‌ر پارتییه‌وه‌ و نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانى ئابورییه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى به‌جێبهێنێت و دواتر سه‌ربه‌خۆیی سیاسى پێوه‌ربگرێت، به‌ڵكو دۆسیه‌ى نه‌وتیشى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ڕاده‌ستى به‌غدا كردووه‌، ئه‌م پرسه‌ ده‌بێته‌ هۆى شكستێكى گه‌وره‌ى سیاسى بۆ پارتى له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى بڕیاره‌ 20 ى ئه‌م مانگه‌ بۆ خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

پارتى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئابورى سه‌ربه‌خۆ هه‌موو مانگێك مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا ده‌درێت و هاوڵاتیان خۆشگوزه‌ران ده‌بن، به‌ڵام دواى نزیكه‌ى 10 ساڵ له‌برى ئابورى سه‌ربه‌خۆ دۆڕانى دۆسیه‌ى نه‌وت و خستنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى عێراقى به‌دواداهات.

ئابورى سه‌ربه‌خۆ بووه‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ساڵى 2014 عێراق به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ببڕێت، به‌وهۆیه‌وه‌ دوو كابینه‌ى حكومه‌ت كه‌ به‌ده‌ستى پارتییه‌وه‌ بوون واته‌ كابینه‌كانى هه‌شت و نۆ نه‌یانتوانى مووچه‌ش له‌كاتى خۆیدا بده‌نه‌ مووچه‌خۆران، بۆیه‌ پارتى له‌م لایه‌نه‌ شكستێكى گه‌وره‌ى هێنا.

ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیرا.

دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک تا ئێستا دیار نییە کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە، پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌ و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان‌ و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى "ئیراده‌ میدیا" سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ توركیا و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى توركیا و به‌دیاریكراوى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌مكاته‌دا په‌یوه‌ندى به‌ پرسى نه‌وت و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت و چه‌ند پرسێكى دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ پارتى هه‌ستده‌كات كه‌وتووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌ و به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى كورسییه‌كانى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ تووشى شۆكێكى جه‌ماوه‌رى و سیاسى ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ى توركیاوه‌ هێز بۆخۆى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و له‌ئه‌گه‌رى به‌دڵنه‌بوونى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن كه‌ پێشبینى كراوه‌ پشتیوانى توركیا به‌ده‌ستبهێنێت بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان.

ڕیفراندۆم

 كاتێك داعش له‌ 2014 سه‌ریهه‌ڵدا پارتى ئه‌مه‌ى به‌ هه‌لزانى و به‌ هێزه‌وه‌ چووه‌ كه‌ركوك، به‌ڵام كاتێك شه‌ڕى داعش له‌ 2017 كۆتایى هات، هێزه‌ عێراقییه‌كان داواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى پارتییان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كرد له‌وانه‌ش چه‌ند ناوچه‌یه‌كى موسڵ، غرورى پارتى به‌وه‌ى بیره‌نه‌وته‌كانى كه‌ركوك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانى عێراق ماندوون، وایكرد په‌نا بۆ ڕیفراندۆم ببات و ئه‌وه‌ش وه‌ك فشارێك بۆ ده‌ستكه‌وتى سیاسى به‌كاربهێنێت.

ڕۆژی 25ـی ئەیلولی 2017، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری کورد کۆبوەوە و داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتی عێراق کرد، هێزی زیاتر لە ناوچە جێناکۆکەکان بڵاوە پێبکات و سنورەکان بەڕوی هەرێمی کوردستاندا دابخات و ئەو ناوچانەشی دوای  10ـی حوزەیرانی 2014 سوپا لێیان کشاوەتەوە بۆیان بگەڕێتەوە. 

ڕۆژی 15ـی ئۆکتۆبەر، ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا لە دوکان کۆبونەوە و ئامادەییان بۆ کۆبونەوەی بێ مەرج لەگەڵ حکومەتی عێراق نیشاندا.

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق، ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەکەی بە بەرپرسانی عێراق گەیاند، کە خۆیان لە دوو پێشنیازی سەرەکی دەبینینەوە کە بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بە هاوبەشی و گۆڕینی نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک. 

ئەگەرچی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕەتدەکردەوە، بەڵام ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری 2017 بافڵ تاڵەبانی کە ئەو کات هیچ پۆستێکی سیاسی لەناو یەکێتیدا نەبوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس پرێس ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بڵاوکردەوە کە واژۆی 38 ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر بوو. بەپێی ئەو نوسراوە بێت ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی 13ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەنجام دراوە. 

16ی ئۆکتۆبەر چی ڕویدا؟

ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان بۆ سەر کەرکوک دەستپێکرد، لە زۆرینەی سەنگەرەکان پێشمەرگە بەپێی بڕیارێکی سەروی خۆیان بەبێ بەرگری کشایەوە و لە ماوەیەکی کەمدا زۆرینەی کەرکوک کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان. 

پارتی، یەکێتی بە خیانەت و کشانەوەی هێزەکانی تۆمەتبار کرد، لەبەرامبەردا یەکێتی ئۆباڵی ڕوداوەکانی خستە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم کە ئەو بە "کورتبینی سیاسی و گوێنەگرتن لە دۆستەکانی کورد"ی دانا.

ڕۆژی 17ـی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی شنگال و لە ماوەیەکی کەمدا سەنتەری قەزای شەنگال، مەخمور و گوێر و باشیکشی کەوتە ژێر دەست و هێزه‌كانى پارتى هیچ به‌رگرییه‌كیان نه‌كرد ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوكان ڕێككه‌وتووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ و به‌ڵام یه‌كێتى له‌ ڕێگه‌ى میدیاكانیه‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد به‌ خیانه‌ت.

هەمان ڕۆژ هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتنە ناوەندی جەلەولا و تا دواخاڵی سنوری هەرێمی کوردستان لە کۆباشی پێشڕەوی کرد. 

بە کۆی گشتی لە ماوەی 48 کاتژمێردا پارێزگەیەک و 16 قەزا و 44 ناحیە کەوتە دەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کە پێشتر سەرجەمیان لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2014 تا 2017 لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش لەو ناوچانە هەزار 700 پێشمەرگە شەهید و 12 هەزار پێشمەرگەش برینداربوون. بەپێی ئامارەکانیش لە ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری کەرکوکدا 92 پێشمەرگە شەهید و 100 دیکەش برینداربوون.

ڕۆژی 18ـی ئۆکتۆبەری 2017، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی لە کەرکوک ڕویداوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاک لایەنەی چەند کەسێکی ناو لایەنێکی ناوخۆی کوردستان بووە، لە ئەنجامی پاشەکشەی پێشمەرگە هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی ئۆکتۆبەری  2016 لەنێوان بەغداد و هەولێر بوە بەبنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێچەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری گەڕانەوەی هێزەکانی سوپای عێراقی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوناچانە گەڕاندەوە.

ڕۆژی 20ـی ئۆکتبەری 2017، هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ناحیەی پردێ دەستی پێکرد، هێزەکان دەستیان بەسەر ناحییەکەدا گرت بەڵام بەرپرسانی پارتی "سەرکەوتن"یان ڕاگەیاند و وتیان،" پێشڕەوی سوپای عێراقیان وەستاندووە".له‌كاتێكدا به‌ فشارى ئه‌مریكا و به‌ چه‌كى ئه‌ڵمانى پێشڕه‌وى سوپاى عێراق وه‌ستێندرا.

ڕۆژی 29ـی ئۆکتۆبەری 2017، مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کێشایەوە، دەستلەکارکێشانەوەکە لە کاتێکدا بوو زیاتر لە دوو ساڵ بوو مانەوەی لە پۆستەکەی ناکۆکیەکی قوڵی ناوخۆی دروست کردبوو. 

ئەگەرچی هەندێک لایەن دەرئەنجامی ڕیفراندۆم و ڕوداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بارزانی دەزانن بەڵام هەندێکی دیکەش فشارە ناوخۆییە و نێودەوڵەتیان بە تایبەت لەسەر مانەوەی لە پۆستەکە بە هۆکار دەزانن.

 مووچه‌

 بە هۆی کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێرەوە زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و موچەخۆری هەرێمی کوردستان موچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت و کێشەیەکی گەورەی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان موچە تاکە سەرچاوەی داهاتیانە.

زیاتر لە 10 ساڵە کێشە ئابورییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامییان هەیە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە سەربەخۆ فرۆشتنتی نەوتەوە گەیشتوەتە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغداد و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردن و ناردنی مووچە.

لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، شاندێکی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچە لە بەغدادە، ئامانجی شاندەکە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە زیاتر لە 10 ساڵە لە نێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامییان هەیە و بەشێکی پەیوەستە بە داتا و ژمارە و لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2014ـەوە، چەندین چیرۆکی جیاوازییان لەسەر مووچە هەیە، چیرۆکەکانیان لە پاشەکەوتی مووچەوە دەست پێدەکات، بە چارەکە مووچە و لێبڕیندا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە ناردنی لیستی مووچە و کۆدی بایۆمەتری بۆ بەغدا.

سەرهەڵدانی کێشەی مووچە

 سەرهەڵدانی کێشەی مووچە لە هەرێمی کورستان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خۆی کرد و ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند. 

حکومەت پاشکەوتی مووچەی ڕاگەیاند

 بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕوبەڕوی قەیرانی سەختی دارایی کردەوە، ئەو پارەیەی حکومەت لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت بەشی خەرجی مووچەی نەکرد و کورتهێنانی هەبوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی 2015 پاشکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و تا مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا، مووچەخۆران پێنج مووچەی تەواویان پاشکەوت کرا،  21 چارەکە مووچەیان پێدرا، 11 مووچەشیان بە بەشێکی پاشکەوت کراوەوە وەرگرت.

کابینەی نۆ لێبڕینی مووچەی ڕاگەیاند

 مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018 تا کانوونی دووەمی 2020 بەبێ کێشە دابەشکرا.

دواتر کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020دا، بڕیاری ژمارە 61ـی دەرکرد کە لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکدەهات و بەپێی بڕیارەکە؛ رێژەی تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.

مووچەخۆران لە شوباتی 2020 تا حوزەیرانی 2021، 10 مووچەیان بە لێبرێنی 21٪ـەوە وەرگرت و 7 مووچەشیان بۆ خەرج نەکرا و هەر وەریان نەگرت و تائێستاش چارەنوسی نادیارە کە قەرزە یان پاشەکەوتە، یان ناوێکی دیکەی دارایی بۆ داتاشراوە.

ڕێککەوتنی سودانی و بارزانی

 حکومەتی عێراق لە ساڵی 2018 تا چارەکەی یەکەمی 2023 و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، لە چوارچێوەی چەند ڕێککەوتنێکی جیاوازادا پارەی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە. 

ئەو بڕە پارانەی بەغداد لە سەردەمی کابینەی هەشتەم و نۆیەمدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوون لە 200 ملیارەوە دەست پێدەکەن تا دەگەیشتە 618 ملیار دینار. 

ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2015دا تۆمارکرابوو، بڕیاریدا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

ڕۆژی 4ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدادیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO) نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، داھاتەکەشی لە ھەژمارێکی بانکی دادەنرێت و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەکارھێنانی پارەکەی دەبێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردەوە و چارەنوسی ڕێککەوتنەکەش بە نادیاری ماوەتەوە و دیارنییە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەغداد قەرزی بە هەرێمی کوردستاندا

 ڕۆژی هەشتی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی سێ قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە پاکتاو بکرێت.

کۆتایی ساڵی 2023، جارێکی دیکە نەدانی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان گرتەوە و سێ مووچەی کۆتایی مووچەخۆران دابەش نەکرا.

دادگای فیدراڵی وەک چارەسەر

 دادگای فیدراڵی لە کێشەکانی مووچەی مووخۆرانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی چارەسەرکاری بینی، دوای ئەوەی لە 21ـی شوباتی 2024، بە بریارێک حکومەتی عێراق و هەرێمی کورستانی بە دابەشکردنی مووچە پابەند کرد. 

بەپێی بڕیارەکانی ئەوکاتی دادگای فیدراڵی ده‌بێت حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات و دابین نه‌كردنی پێشێلكارییه‌، ده‌بێت مافی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، دەبێت حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچە دابین بکات و  حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕۆژانە ڕادەستکردنی بڕی ئەو نەوتەی لەسەری ڕێککەوتوون، لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

لەبارەی دابیننەکردنی مووچە، دەبێت ڕێککاری پێویست بگرێتەبەر و گەرەنتی ئەوە بکرێت پارە بنێردرێت، هەر بەپێی بڕیارەکە پرسی مووچە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە و نابێت لەگەڵ پرسە سیاسییەکان تێکەڵ بکرێت، پێویستە هەولێر و بەغداد لەوبارەیەوە بەیەکجاری ڕێکبکەون.

ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانیش بەشێک بوون لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە ڕادەستکردنی ئەو داهاتانە بە بەغداد پابەند دەکرد.

بنەجێکردن"بە بانکی کردن"ـی مووچە مووچەخۆران لە بانکە فیدراڵییەکان بڕیار دادگای فیدراڵی بوو، دادگاکە داوای لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە زوترین کات مووچەی مووچەخۆران بنەجێ بکەن.

دوای ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق دەستی بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان کرد کە ئێستا مانگانە خەرجییەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد دەکات. 

کێشەکانی ئێستا چین؟ 

 حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی بە هەموو وردەکارییەکەوە بۆ بنێرێت، بە تایبەت لە زانیارییە کەسییەکان و کۆدی بایۆمەتری. 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرسیاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران نازانێت و عێراقی بە سیاسی کردنی دۆسیەکە تۆمەتبار کردووە. 

بەشێکی دیکەی کێشەکان پەیوەست بە بنەجێکردن" بە بانکی کردن"ـی مووچەی مووچەخۆران، عێراق پێداگیرە لەسەری. ئێستا هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی TBI و بانکە بەشدارەکانی "هەژماری من" کارتی بانکی بۆ زیاتر لە 120 هەزار مووچەخۆر دروستکردووە، بەڵام زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و مووچەخۆر ماون کارتی بانکییان بۆ دروست بکرێت. 

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی مووچە کە مانگی تەموز سەریهەڵدا، حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتەوە تا مانگی حوزەیران نزیکەی 600 ملیار دینار زیاتری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆیە ئەو پارەیە لە مووچەی مانگی تەموز دەبڕێت. ڕۆژی 10ـی ئەیلولی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا مووچە ڕاگیراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.

سەرەڕای هەمو ئەو بڕیارانەی هەردو حکومەت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەیان کۆبونەوە و سەردان و گفتوگۆ و درێژکردنەوە و دواخستنی کێشەکان، هێشتا نەتوانراوە گرێکوێرەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و بەردەوان موچەکانیان دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا وەری ناگرن.

زیندانیانى بادینان

 پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گورزێكی گەورە لە پارێزگای دهۆك بەر پێگە جەماوەرییەكەی كەوت، (44%)ی دەنگەكانی و (20%)ی كورسیەكانی لەدەستداوە، رەنگە بەپلەی یەكەم هۆكاری ئەم پاشەكشێیە بۆ سزادانی گیراوانی بادینان بگەڕێتەوە.

به‌ده‌ل به‌روارى خۆى یه‌كێك بوو له‌ گیراوانى بادینان و دواتر ئازادكرا، ئه‌و ده‌ڵێت "زیندانیانى بادینان كه‌یسێك بوو كه‌ پارتى شكستێكى گه‌وره‌ى تێدا هێنا، دواى شكستى ڕیفراندۆم گه‌وره‌ترین شكستى پارتى بوو، زیندانیانى بادینان ژماره‌یان 50 بۆ 60 كه‌س بوو.

دۆسیه‌ى زیندانیكراوانى بادینان ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بوو كه‌ پارتى عینادى زۆرى تیاكرد و زیانی زۆریشى به‌ركه‌وت، به‌شێك له‌ چالاكوانانى بادینان له‌وانه‌ش شێروان شێروانى و ئه‌یاز كه‌ره‌م و هاریوان عیسا و شڤان سه‌عید و به‌ده‌ل به‌روارى به‌تۆمه‌تى جیاجیاى وه‌ك سیخوڕى و تیرۆر ده‌ستگیركرد، به‌ڵام له‌ دادگا نه‌یتوانى ئه‌و دۆسیانه‌ ساغ بكاته‌وه‌ و ناوهێنانى كۆمه‌ڵێك كونسوڵخانه‌ش وایكرد فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌رى زیاد بكات.

هه‌رچه‌نده‌ ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ زۆر هه‌وڵیدا ئه‌و دۆسیه‌یه‌ وه‌ك دۆسیه‌یه‌كى یاسایى و ئاسایی نیشان بدات، به‌ڵام شكستیهێنا، سه‌رئه‌نجام پارتى ناچار بوو تا به‌هارى 2024 زۆربه‌ى گیراوانى بادینان ئازاد بكات، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ چالاكوانى بادینان له‌زیندانن، له‌وانه‌ش شێروان شێروانى.

دۆسیه‌كه‌ى شێروان شێروانى زیانى به‌ سومعه‌ى هه‌رێم له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى گه‌یاند، به‌تایبه‌ت كه‌ كار هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى به‌ ئاشكرا بڵێت "ئه‌وانه‌ نه‌ چالاكوانن نه‌ ڕۆژنامه‌نوس"  له‌ دواین دانیشتنى دادگاى هه‌ولێر سزاى شێروان شێروانى به‌ تۆمه‌تى چه‌ك هه‌ڵگرتن و هه‌وڵى پشێوى نانه‌وه‌ چوار ساڵ درێژكرایه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بوو ئه‌یلولى 2023 ئازاد بكرێت.

به‌پێى ڕاپۆرتى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا چیتر هه‌رێمى كوردستان ژینگه‌یه‌كى له‌بار نییه‌ بۆ كارى ڕۆژنامه‌وانى.

به‌وته‌ى ڕێكخراوى سى پى تى دۆسیه‌ى زیندانیانى بادینان زیانى به‌ سومعه‌ى هه‌رێم گه‌یاندووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵى 2020 ه‌وه‌ زیاتر له‌ 81 چالاكوان و ڕۆژنامه‌نوس له‌ بادینان ده‌ستگیركراون، تائێستاش چه‌ند چالاكوان و ڕۆژنامه‌نوسێكى دیاریان له‌ زیندانن و ده‌یانى دیكه‌ش به‌وته‌ى ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ به‌ نهێنى له‌ زیندانن و به‌ كه‌سوكاره‌كانیان وتراوه‌ نابێت دۆسیه‌كه‌ بده‌نه‌ میدیاكان.

لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا پارتی دیموکراتی کوردستان توانی زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات کە 45 کورسی بوو، بەڵام ریژەی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە تەنها 59% بوو. پێشبینی دەکرێت رێژەکە لەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەم بکرێت کەمتر ببێتەوە.

 شەش ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدراوە، لە 30ـی ئایاری 2023ـشەوە دوای بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بۆشایی یاساییەوە. 

دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دانیشتنی  30 ى ئایارى 2023 بڕیاریدا بە (هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی) و جەختیشی كردەوە، كە بەپێی دەستوور تەمەنی پەرلەمان 4 ساڵە و نابێت زیاتر بێت.

دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دەقی بڕیارەكەیدا باسی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردن كرد لە ساڵی 1992ەوە و بە “سەركەوتووانە” وەسفی كرد بۆ بەدیهێنانی دیموكراتی و پێكهێنانی دامەزراوەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی دامەزراوەكانی عێراق و هەروەها پێكهێنانی بەرەی كوردستانی.

جەختیشی كردەوە، هەر كارێك پێچەوانەی دەستوور بكرێت هەڵوەشاوە دەبێت بەپێی ماددەی 13 و نابێت هیچ بڕیار و یاسایەك هەبێت پێچەوانەی دەستوور و بۆ ئەوەش “یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان”، كە لە ساڵی 2022 دەرچووە “نایاساییە” و پێچەوانەی دەستوورە.

هه‌ر به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى، ماوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووە لە كۆتایی خوولەكەیەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ماوەی خوولەكەی 3 ساڵ دەبێت لە یەكەم دانیشتنەوە و دواتر هەموار كراوە و كراوە بە 4 ساڵ و هەروەها بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە 4 ساڵ دیاری كراوە.

كه‌مكردنه‌وه‌ى كورسى كۆتاكان گورزێكى دیكه‌ بۆ پارتى

 دواى ئەوەى دادگاى فیدراڵى 11 کورسی پێکهاتەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارە کاردانەوەى ئەندام و پەرلەمانتارانى پێکهاتەکان بەتایبەت تورکمانەکانى بەدواى خۆیدا هێنا و بڕیارەکە بووە هۆى دورخستنەوەى پێکهاتەکان لە پارتى.

 ڕۆژى چوارشەممە 21-52-2024، دادگاى فیدراڵى ژمارەیەک بڕیارى گرنگى لەبارەى هەرێمەوە دەرکرد و یەکێک لە بڕیارەکان هەڵوەشاندنەوەى کورسى کۆتاکانى پێکهاتەکان بوو، کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانى یەکێتى لە و سکاڵایەى زیاد جەبار سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان و تایبەت بە پرسى هەڵبژاردن تۆمارى کردبوو.

 بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى پارتى زۆر نیگەران کردووە، چونکە کورسى پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا لە قازانجى ئەو حزبە بوو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان خوازیاربوون دادگا بریار لەسەر هێشتنەوەی پێنج کورسی پێکھاتەی تورکمان و کورسییەکی ئەرمەنەکان بدات، بەڵام ھەڵوەشاندنەوەی ھەر 11 کورسی پێکھاتەکان شۆکی کردن و ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستکردن. 
 بریارەکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111 کورسییەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی و کورسى کۆتاى پێکهاتەکانیشى هەڵوەشاندەوە و ئێستا پێكهاته‌كان ته‌نها پێنج كورسییان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش دوانى به‌ر پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌وێت.

داگیركارى توركیا

ماوه‌ى زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ توركیا له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌ پاساوى بوونى په‌كه‌كه‌ هێرش و داگیركارى ده‌كات، به‌دیاریكراوى ئه‌و 30 ساڵه‌ هێرشه‌كانى توركیا له‌و ناوچانه‌ بوون كه‌ پارتى باڵاده‌سته‌ تێیدا، هه‌رچه‌نده‌ په‌كه‌كه‌ چه‌ندین جار ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ كات له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هێرشى نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر توركیا و پاساوى نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و وڵاته‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام توركیا به‌ ئاشكرا هێزى هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى و تائێستا به‌پێى زانیاریی ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ، به‌تایبه‌تیش ڕێكخراوى سى پى تى ئه‌مریكى، توركیا زیاتر له‌ 80 بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ى باره‌گایه‌كى له‌ باشیك دروستكردووه‌ و ساڵى ڕابردووش ڕێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ عێراق بۆ چاوپۆشیكردن له‌ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ واژۆكرد، كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ پارتى دیموكراتى كوردستانیش له‌ ڕێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ تێیدا به‌شداره‌.

هێرش و داگیركارى توركیا و بێده‌نگى پارتى و ئه‌و حكومه‌ته‌ى كه‌ خۆى تێیدا باڵاده‌سته‌ نه‌نگى زۆرى هێناوه‌ته‌سه‌ر پارتى، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ندێك شار و شارۆچكه‌ى بادینان وه‌ك ئامێدى ته‌نها ناوشاره‌كه‌ى به‌ده‌ست حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ماوه‌ و سوپاى توركیا به‌ ئاشكرا ته‌راتێنى تێدا ده‌كات، ڕێگرى له‌ گوندنشینان ده‌كه‌ن هاتوچۆ بكه‌ن خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و گونده‌كان تۆپبباران ده‌كه‌ن، ناوبه‌ناو به‌ناوى لێدانى په‌كه‌كه‌وه‌ فڕۆكه‌كانى توركیا به‌ چڕى ئه‌و گوندانه‌ى سنورى بادینان و هه‌ولێر بۆردومان ده‌كه‌ن و جگه‌ له‌ زیانى ماددى كه‌ سوتاندنى ڕه‌ز و باخ و گوندى هاوڵاتیانه‌، تائێستا زیاتر له‌ 400 گوندى بادینان و به‌شێك له‌ هه‌ولێر به‌هۆى هێرشه‌كانى توركیاوه‌ چۆڵكراون، به‌ڵام به‌رپرسانى پارتى نه‌ك هه‌ر بێده‌نگن به‌ڵكو له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ چاوساغیكردن بۆ توركیا و هه‌واڵگرى ئه‌و وڵاته‌ش تۆمه‌تبار ده‌كرێت. 

به‌پێى ئامارى ڕێكخراوى سى پى تى ئه‌مریكى لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 12 هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا، پێنج له‌و قوربانیانه‌ له‌ ناوچه‌ى سیده‌كانى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستانن.

ئه‌م ئاماره‌ به‌ده‌ره‌ له‌ ئامارى بۆردومانه‌ درۆنییه‌كانى توركیا كه‌ له‌ قوڵایى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن و ته‌نها ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 10 هاوڵاتى مه‌ده‌نییان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ته‌ ئامانج.

ته‌نها دۆسیه‌ى داگیركارى توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستان نه‌بووه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر پارتى، به‌ڵكو ئه‌و حزبه‌ به‌ ئاشكرا دژایه‌تى ئیداره‌ى خۆسه‌رى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ ساڵى 2011 ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و جگه‌ له‌وه‌ى ڕێگه‌نادات هاوكارى بكرێن له‌ دیوى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، به‌ ئاشكراش له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ دژایه‌تییان ده‌كات.

پارتى له‌ دۆسیه‌ى كوردانى باكوریش به‌ ئاشكرا دژایه‌تى پارتى كرێكارانى كوردستان و ده‌م پارتى و ئه‌و حزبانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ له‌ بیروباوه‌ڕى په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكن، له‌كاتێكدا ئه‌و پارته‌ سیاسییانه‌ نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانى توركیا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌ریش له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدان، ئه‌مه‌ش وا وێنا ده‌كرێت كه‌ پارتى دژایه‌تى هه‌ر حزب و لایه‌نێكى دیكه‌ى كوردى ده‌كات. 

 

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

  • ئۆجەلان و ماندێلا؛ ئەو دوو ڕێبەرەی زیندان نەیتوانی چۆكیان پێدابدات

  • رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

  • لەمەودوا شانۆى سیاسى هەرێمى كوردستان چۆن ده‌بێت؟

  • گۆڕانكارییه‌كان خه‌ویان له‌ چاوى ئه‌ردۆغان زڕاندووه‌؛ تورکیا بۆچى دەیەوێت پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟

سەرەکی