4   کاتژمێر پێش ئێستا 81 جار خوێنراوەتەوە

تورکیا لە " هێرشی سەربازی و درۆنەوە" دەپەڕێتەوە بۆ "سەپاندنی ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنی-ئابووری" لە عێراق و هەرێم

ئایا دەکرێت سەردانەکانی ئیبراهیم کاڵن بۆ بەغداد، کەرکووک، هەولێر و سلێمانی تەنیا وەک دیدارگەلێکی دیپلۆماسیی ڕۆتینی بخوێندرێنەوە؟ یان بەشێکن لەو تەلارسازییە ئەمنییە نوێیەی کە لە نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە؟ کاتێک پێشهاتەکانی ئەم دواییانە یەک لە دوای یەک ڕیز دەکەین، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەم پرسیارانە درووست دەبن.

دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە هەوڵ دەدات سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە عێراق سەرلەنوێ نەک تەنیا لە ڕێگەی پرسی ئەمنییەتی سنوورەکانەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای هێڵەکانی وزە، ڕێڕەوە بازرگانییەکان و کاریگەرییە ناوچەییەکانەوە بونیاد بنێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” کە لەگەڵ بەغداد ئیمزا کراوە، بۆ ئەنقەرە تەنیا وەبەرهێنانێکی ئابووری نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ستراتیژییەکی جیۆپۆلەتیکییە.

ڕەهەندە ئەمنییەکەی ئەم پڕۆژەیە، هێندەی ڕەهەندە ئابوورییەکەی سەرنج مرۆڤ ڕادەکێشێت، چونکە ئەو ڕێڕەوەی پڕۆژەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە هەمان کاتدا ئەو هێڵەیە کە ساڵانێکە گرژیی سەربازی و سیاسی تێدا بەخۆوە دەبینرێت، وەک مووسڵ، نەینەوا و شنگال. لەبەر ئەم هۆکارەش، هەڵسەنگاندنی سەردانەکانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت بۆ بەغداد تەنیا لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریدا، بابەتەکە بە ناتەواوی دەهێڵێتەوە، ئەگەرچی میت لایەنی سیاسیی پەیوەندیدار بە ڕێڕەوی وزە نییە، بەڵکو پاراستنی ئەمنییەتی ئەم ڕێڕەوە، هەماهەنگیی هەواڵگری و بەڕێوەبردنی مەترسییە ئەگەرییەکان، ڕاستەوخۆ دەچنە ناو بازنەی بایەخپێدانی میتەوە.

بۆچی شنگال دووبارە بووەوە بە ڕۆژەڤ؟

لەو ڕۆژانەی کە سەردانەکانی کاڵن بۆ عێراق بەردەوام بوون، یەکێک لەو لێدوانە سەرنجڕاکێشانەی کە بڵاوکرایەوە لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە بوو.

فەیاز لە میانی وتارێکیدا لە سەمپۆزیۆمی “دیالۆگی نەینەوا” ڕایگەیاند، کە لە ماوەی سێ مانگدا، تەواوی شنگال و بەتایبەتیش “چیای شنگال” دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە.

ئەم لێدوانە دەکرێت وەک ڕاگەیاندنێکی ئەمنیی ئاسایی ببینرێت، بەڵام جەختکردنەوەی تایبەت لەسەر “چیای شنگال” بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەن مانایەکی زۆر قووڵترە.

لە ساڵی ٢٠١٤ و لە کاتی هێرشەکانی داعشدا، کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ بوون، چیای شنگال بۆ هەزاران ئێزدی تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نەبوو، بەڵکو تاکە گەرەنتی بوو بۆ مانەوە و ڕزگاربوون لە مەرگ.

لەبەر ئەمەشە کە ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم ئێزدی، لە هەڵسەنگاندنێکدا کە لە “ئاژانسی فورات نیوز” بڵاوکراوەتەوە، ئەم پرسیارەی هێنایە ئاراوە:

ئایا ئەم بڕیارە دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو هێزە ئێزدییانە دراوە کە لە دوای کۆمەڵکوژییەکەوە بە خوێن و ڕەنجی خۆیان شنگالیان پاراستووە؟

بەپێی نووسینەکە، وەڵامەکە ڕوون بوو: نەخێر.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە هیچ گفتوگۆ و دانووستانێک نەکراوە کە ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی بە بنەما بگرێت و هۆشداری ئەوە دەدرا کە بڕیارەکانی پەیوەست بە داهاتووی شنگال، لە ڕێگەی سازشی هەرێمیی پشتی دەرگا داخراوەکانەوە دەدرێن. ئەگەرچی نازانرێت لە پشت دەرگا داخراوەکاندا چی گوتراوە، بەڵام پرسیارەکەی ئەو هاووڵاتییە ئێزدییە لەبەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکی گرنگی ناو ڕای گشتییە، سەرنجڕاکێشە.

ئایا هاوکێشەیەکی نوێی ئەمنی بونیاد دەنرێت؟

یەکێک لە ناونیشانە سەرەکییەکان کە ئەمڕۆ لە بەغداد گەنگەشە دەکرێت، پرسی تێکەڵکردنی پێکهاتە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەیە بۆ ناو دامەزراوە دەوڵەتییەکان. ئەوەی کە ئایا ئەم گەنگەشەیە هێزەکانی یەبەشە لە شنگال دەگرێتەوە یاخود نا، هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەڵام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا پڕۆسەیەکی نوێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەبەشە ئامادە دەکرێت، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە مەبەستی پاراستنی گەلەکەی خۆی دروستبوو؟ ئایا ئەمە ڕێککەوتنێکی دووەمی ٩ـی تشرینی یەکەمە؟

بۆ ئەم پرسیارە ئەمڕۆ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لە بەردەستدا نییە. بەڵام کاتێک لێدوانەکانی فەیاز، سیاسەتە ئەمنییەکانی بەغداد و دیدارە چڕەکانی کاڵن لە یەک کاتدا ڕوودەدەن، گەنگەشەکردنی سیناریۆ جیاوازەکان دەبێتە کارێکی حەتمی.

ڕاگەیاندراوە گرنگەکەی کەجەکە

ئەو ڕاگەیاندراوەی کە لە لایەن کەجەکەوە دوای دیدارەکانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت لە عێراق بڵاوکرایەوە، گەنگەشەکانی گەورەتر کرد.

کەجەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە دیدارەکانی سەرۆکی میت لە بەغداد، هەولێر و سلێمانی تەنیا سەردانی دیپلۆماسی نین و ڕایگەیاند: “لە ئێستادا وەک ئەوەی کە ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ بکرێت، سیاسەتێکی بەو شێوازە بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن، نەک تەنها وەک سەرۆکی دەزگایەکی هەواڵگری، بەڵکو هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتێک لە عێراقدا دەسووڕێتەوە، پێشتریش لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا، چاوپێکەوتنی لەم شێوەیە ئەنجام درابوون. کار و ئەرکی ڕاوێژکاری میت لە بەغداد، سلێمانی و هەولێر چییە و خەریکی چییە؟ ئایا لە پیلانی لەناوبردن و هێرشکردنە سەر تەڤگەری ئازادییماندا، دەخوازرێت هەندێک ڕۆڵ بەم هێزانە بدرێت؟

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کرابوو کە چاوپێکەوتنی هاوشێوە لەگەڵ ئێرانیشدا بەڕێوەدەچێت و جەخت لەوە کرابووەوە کە نابێت حکومەتی عێراق ببێتە بەشێک لە پلانێکی لەو شێوەیە.

ئەم سەردانە و ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە کە شیکاریی بۆ دەکات، تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە ساڵیادی مەراسیمی چەکدانانی ١١ـی تەمووز، کە یەکێکە لە وەرچەرخانە هەرە گرنگەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە نزیکەی ساڵ و نیوێکە بەردەوامە، گرنگییەکی زۆری هەیە لەو ڕووەوە کە پیشانی دەدات گەنگەشە هەرێمییەکان لەسەر چی تەوەرەیەک بەڕێوە دەچن.

ئایا ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی ڕێکەوتە؟

سەردانەکەی کاڵن بۆ بەغداد، لە هەمان کاتدا هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکێک لە بەرفراوانترین ئۆپەراسیۆنەکانی دژە گەندەڵی لە عێراقدا لەم ساڵانەی دواییدا. بەپێی ئەو بانگەشانەی لە میدیاکانی عێراقدا ڕەنگیان داوەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە هەندێک لەو ناوانەی دەستبەسەر کراون، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر مۆڵک و ماڵن لە تورکیا و سەرمایەیەکی زۆریان لە بانکەکانی تورکیادا هەیە.

دیسانەوە لە چەندین هەواڵدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندیی بازرگانیی گرنگ لە نێوان کۆمپانیا تورکییەکانی نزیک لە دەسەڵات و کۆمپانیا عێراقییەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە بواری نەوت و وزەدا. لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ڕەنگە سەردانەکەی کاڵن پەیوەندیی بە بەڕێوەبردنی ڕەهەندە تورکییەکەی ئەم دۆسییانەوە هەبێت. ئەم گەنگەشانە، دۆسییەی ڕەزا زەراب-بانکی خەڵک (هاڵک بانک) کە لە ڕابردوودا لە نێوان تورکیا و ئێراندا ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرت، دووبارە دەهێننەوە ڕۆژەڤ.

چی لە دۆسیەی سلێمانیدا گۆڕاوە؟

یەکێک لە هەرە سەرنجڕاکێشترین دیدارەکانی کاڵن، ئەو چاوپێکەوتنە بوو کە لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامی دا. ئەم چاوپێکەوتنە ناتوانرێت تەنیا وەک دیدارێکی دیپلۆماسیی ئاسایی نێوان دوو کەسایەتی بخوێندرێتەوە. چونکە بافڵ تاڵەبانی لە ساڵانی ڕابردوودا لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاندبوو کە “لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا کۆنابێتەوە، چونکە ئەوان هاوڕێ و براکانی ئەو دەکوژن”. نەمانی پەیوەندییەکی هێندە کراوە لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی یەکێتی دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، ئەم دیدارە زیاتر سەرنجڕاکێش دەکات.

چی گۆڕاوە؟

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لە نێوان دەوڵەتی تورک و سەرکردایەتیی یەکێتیدا، پێشهاتگەڵێک لە بوارە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکاندا هاتنە ئاراوە کە جیاواز بوون لە هێڵی پەیوەندییەکانی ڕابردوو.

یەکەم: بە بەشداریی زیاتر لە ٢٥ کۆمپانیای تورکی و پتر لە ١٥٠ بازرگان و وەبەرهێنەر لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە ٦ـی ئایاری ٢٠٢٥ـدا “کۆڕبەندی کاریی عێراق-تورکیا” لە سلێمانی بەڕێوەچوو. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆڕبەندەکەدا، لە کاتێکدا داوای لە وەبەرهێنەرانی تورکیا کرد بێنە سلێمانی، ڕایگەیاند کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوولایە.

دووەم: دەوڵەتی تورک ئەو گەمارۆ و سنووردارکردنەی کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ و نیو بەسەر کایەی ئاسمانیی سلێمانیدا سەپاندبووی، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا لایبرد. دوای ئەم بڕیارە، دیدارە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتی خێراییان بەخۆوە بینی. لەم پڕۆسەیەدا، ئەو هەواڵانەی باس لە ئەگەری سەردانیکردنی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەنقەرە دەکەن، ڕووبەرێکی بەرفراوانیان لە میدیاکانی ناوچەکەدا گرتەوە.

سێیەم: پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمانەکان. چونکە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکووک و بینینی کەرکووک وەک شارێکی تورکمانی (یان پێکهاتەی تورکمان) ڕوون و ئاشکرایە.

دواجاریش، چوونی ڕاستەوخۆی کاڵن بوو بۆ سلێمانی و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی. لە درێژەی ئەوەشدا، دوێنێ، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسول، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە چوونە ئەنقەرە و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە.دەوترێت ئامادەکاریش بۆ سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ تورکیا کراوە.

کاتێک هەموو ئەم پێشهاتانە پێکەوە هەڵدەسەنگێندرێن، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەو پەیوەندییە سارد و بەمەودایەی کە ساڵانێکی درێژ بوو لە نێوان دەوڵەتی تورک و یەکێتیدا هەبوو، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە؟

ئایا هاوسەنگییەکی نوێ بونیاد دەنرێت؟

یەکێک لەو ناونیشانانەی کە ئەمڕۆ لە ناو ڕای گشتیی ناوچەکەدا زۆرترین گەنگەشەی لەسەر دەکرێت، ئەوەیە کە ئایا یەکێتی لەو هێڵە سیاسی، ئابووری و ئەمنییە نزیک دەبێتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا پەرەی پێداوە؟

ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە؛ سیاسەتە ئەمنییەکان لەسەر هێڵی عێراق، سووریا و تورکیا سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە. ڕێڕەوەکانی وزە، ڕێگا بازرگانییەکان و ڕێککەوتننامە ئەمنییەکان بە جیا لە یەکدی بەڕێوە ناچن. ئەو هێڵەی لە شنگالەوە بۆ کەرکووک و لە مووسڵەوە بۆ سلێمانی درێژ دەبێتەوە، چیتر تەنیا ناوەندێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو گۆڕاوە بۆ چەقی ململانێی وزە، ئابووری، دیپلۆماسی و هەواڵگریش.

ئەگەرچی نازانرێت لە دوایین گەشتی ئیبراهیم کاڵن بۆ عێراق و ناوچەکە چی گوتراوە، لەسەر چی بابەتگەلێک ڕێککەوتن کراوە و چی بڕیارێک دراوە، بەڵام تاکە شتێک کە ئەمڕۆ بتوانرێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت ئەمەیە: ژمارەیەکی زۆر نیشانە لە ئارادان؛ بەڵام کات پیشانی دەدات کە ئەم نیشانانە دەبنە هۆی دروستبوونی چی تابلۆیەکی کۆتایی.

پرسی پێگەی شنگال، داهاتووی یەبەشە، ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و ئەنقەرە، و هاوکێشەی ئەمنیی “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” وەک گرنگترین ناونیشانە قەیراناوییەکانی قۆناغی داهاتوو دەمێننەوە.

کەواتە، ئەو پرسیارەی کە دەبێت ئەمڕۆ بپڕسرێت تەنیا ئەوە نییە کە “کاڵن لە عێراق لەگەڵ کێدا کۆبووەوە؟

بەڵکو پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە:

ئەم دیدارانە، نیشانەی چی جۆرە سیستەمێکی سیاسی و ئەمنین لە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا؟

  • تورکیا لە " هێرشی سەربازی و درۆنەوە" دەپەڕێتەوە بۆ "سەپاندنی ئەندازیارییەکی نوێی ئەمنی-ئابووری" لە عێراق و هەرێم

  • کۆماری ڤێللا نهێنییەکان؛ 300 کەس لە عێراق ملیاران دۆلاریان حەشارداوە

  • دەستەی دەستپاکی: كۆی دەستگیركراوان لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووتە 59 كەس

  • بۆچی موجتەبا تەنانەت لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی باوکیدا دەرنەکەوت؟

  • دوای سەردانە نھێنییەکەی کاڵن؛ میدیای تورکیا باسی کشانەوەی پەکەکە دەکات و کەجەکەش ڕەتیدەکاتەوە

  • په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان تووشی شۆك بوون؛ له‌ سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌دا دانیان به‌ هەموو شتێکدا ناوه‌

  • بڕیارێک بە واژۆی سووری وەزیر و تانەی پارێزەران؛ ڕەهەندە یاسایی و کارگێڕییەکانی دوورخستنەوەی عەبدوللەتیف ئەحمەد

  • هەڵمەتی دژە گەندەڵی؛ سەری زەیدی دەخوات، یان بەرزی دەکاتەوە؟

  • ونبوونی مۆبایلی سەربازێك لە سووریا؛ دڵەڕاوكێی بۆ ئیسرائیلیەكان دروستكردووە

سەرەکی