7   کاتژمێر پێش ئێستا 123 جار خوێنراوەتەوە

دوای سەردانە نھێنییەکەی کاڵن؛ میدیای تورکیا باسی کشانەوەی پەکەکە دەکات و کەجەکەش ڕەتیدەکاتەوە

جموجوڵی "میت" و چارەنووسی پەکەکە؛ ئایا چیای گارا چۆڵ دەکرێت و یاسای ئاشتی دەچێتە پەرلەمان؟

دوای سەردانە چڕەکانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بۆ بەغداد، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، میدیاکانی تورکیا زانیاریی نوێ لەسەر گۆڕانکاریی مێژوویی لە پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاودەکەنەوە. هاوکات لە ناوخۆی تورکیا و لەسەر ئاستی سەرکردایەتی قەندیل، پێشهاتە یاسایی و سیاسییەکان بە گومانەوە سەیر دەکرێن.

چۆڵکردنی گرنگترین پێگەی پەکەکە لە گارا

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیا، هێزەکانی پەکەکە شوێنەکانی خۆیان لە ناوچەکانی (سیانی) و (بەهار تەپە) لە چیای گارا لە نێوان سنووری عێراق و تورکیا چۆڵ کردووە. هەرچەندە تا ئێستا پەکەکە ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانی ئەنقەرە ئەم هەنگاوە بە گرنگترین پێشهاتی مەیدانی ئەم دواییانە دادەنێن.

کەمپی "سیان" بە یەکێک لە ستراتیژیترین بارەگاکانی پەکەکە دادەنرێت؛ کە ناوەندی سەرەکی لۆجستی، مەشقی گەریلا و فەرماندەیی ئەکادیمیاکانی (ئاپۆلۆ و عەلی چیچەک) بووە، میدیاکانی تورکیا دەڵێن چەندین دامەزراوەی ژێرزەمینیی وەک کارگەی درۆن، تەقەمەنی و زیندانی تێدایە.

"یاسای چوارچێوە"؛ مەرجی دەسەڵات و وەڵامی توندی کەجەکە

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ دەنگۆی گەیشتنی دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕێککەوتنێک لەسەر "یاسای چوارچێوە" بۆ چارەسەری پرسی کورد. بڕیارە ئەم پڕۆژەیاسایە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر بدرێت تا زەمینەی یاسایی بۆ چارەنووسی گەریلاکان دوای چەکدانان دیاری بکات. وەک باس دەکرێت، تورکیا کشانەوەی پەکەکەی لە چیای گارا کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ پەسەندکردنی یاساکە.

هەڵوێستی کەجەکە جیاوازە

لە بەرانبەردا، کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند: "بۆچوونی ئۆجەلان و بزووتنەوەکەمان لەسەر ئەم یاسایە وەرنەگیراوە، بۆیە سەپاندنی ئەمری واقیع قبوڵ ناکەین و لەم دۆخەدا کەس ناتوانێت بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانمان بەسەردا بسەپێنێت."

بۆچی کەجەکە متمانەی بە پرۆسەکە نییە؟

لێدوانەکانی پێشووتری سەرکردەکانی کەجەکە ڕەگ و ڕیشەی ئەم ناکۆکییە قووڵە دەردەخەن؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (Avvenire)ـی ئیتاڵی، تیشکی خستبووە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و ڕایگەیاندبوو:

"دەوڵەتی تورک هێشتا باسی ‌تیرۆر‌ دەکات و ناوی پرۆسەکە بە دروستی دیاری ناکات، لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ ناوی ناوە (پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک). تاکە ئامانجی ئەنقەرە تەنیا بێچەککردنی تەڤگەرەکەی ئێمەیە، بۆیە لەبری پرۆسەی ئاشتی دەستەواژەی ‌تورکیای بێ تیرۆر‌ بەکاردەهێنن کە ئەمەش نیشانەی زیهنییەتی نکۆڵیکردنە لە گەلی کورد."

سەبری ئۆک ئاماژەی بەوەش کردبوو "لایەنە شۆڤێنیست و نەتەوەپەرستەکان کە ١٠٠ ساڵە دان بە مافی گەلی کورددا نانێن، ڕێگری سەرەکین و دەوڵەتی تورکیش مامەڵەیەکی جدی و بەرپرسیارانە ناکات، بۆیە پرۆسەکە بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت".

دەم پارتی: پرۆسەکە پێویستی بە گەرەنتی یاسایی و خشتەی زەمەنی هەیە

لەسەر هەمان پرس، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکێتی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی یاسای چوارچێوە ڕۆژەڤی سەرەکی ئەوانە.

دۆغان ئاماژەی بەوە کرد "لێکتێگەیشتنێک هەیە بۆ ئەوەی یاساکە پێش پشووی هاوینە بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە"؟ بەڵام ڕەخنەی لە نەبوونی خشتەیەکی زەمەنی ڕوون گرت و وتی "تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد هەموو هەنگاوێکی پێویستیان ناوە، بەڵام دیموکراتیکبوون پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە کە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات. ڕێبەر ئاپۆش لە ڕاگەیاندراوی ٢٧ی شوباتدا جەختی لەسەر پێویستی دەرکردنی ئەم یاسایانە کردووەتەوە."

جموجوڵەکانی ئیبراهیم کاڵن لە عێراق و هەرێم

ئەم پێشهاتە سیاسی و مەیدانییە چڕانە، ڕاستەوخۆ دوای زنجیرە کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا "میت" هات لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەغداد: کاڵن لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی تری عێراق کۆبووەوە. لە هەرێمی کوردستانیش لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەکانی هەرێمی کوردستاندا، جەخت لەسەر پشتیوانی هەردوو پارتی سەرەکی (پارتی و یەکێتی) بۆ پڕۆسەی ئاشتی و هێنانەکایەی "تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر" کراوەتەوە، کە لە لایەن دەسەڵاتی ئەنقەرەوە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەیی سەیر دەکرێت، بەڵام لە بەرانبەردا لە لایەن قەندیلەوە وەک هەوڵێک بۆ پاکتاوکردنی دۆسیەکە ناوزەد دەکرێت و کەجەکە هەرزوو گومانی لە سەردان و جموجوڵەکانی سەرۆکی میت پیشاندا و وەک "ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ" ناویبرد.

  • دوای سەردانە نھێنییەکەی کاڵن؛ میدیای تورکیا باسی کشانەوەی پەکەکە دەکات و کەجەکەش ڕەتیدەکاتەوە

  • په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان تووشی شۆك بوون؛ له‌ سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌دا دانیان به‌ هەموو شتێکدا ناوه‌

  • بڕیارێک بە واژۆی سووری وەزیر و تانەی پارێزەران؛ ڕەهەندە یاسایی و کارگێڕییەکانی دوورخستنەوەی عەبدوللەتیف ئەحمەد

  • هەڵمەتی دژە گەندەڵی؛ سەری زەیدی دەخوات، یان بەرزی دەکاتەوە؟

  • ونبوونی مۆبایلی سەربازێك لە سووریا؛ دڵەڕاوكێی بۆ ئیسرائیلیەكان دروستكردووە

  • هەڵمەتی بەرەبەیان لە عێراق چۆن دەستیپێكرد؛ پەرلەمانتارێك خۆی لە عێراق بووە و موبایلەكەی لە دەرەوە

  • وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕی سەرتاسەری نییە لەگەڵ ئێران

  • گۆڕستانێكی جولەكەكان لە دیمەشق نۆژەن دەكرێتەوە

  • لە پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان هێزێکی کوردی و سوپای پاسدارانی ئێران چی ڕوویدا؟

سەرەکی