2026-08-10
303 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوە دەخاتە دەنگدانەوە؛ ململانێی ئەنقەرە و قەندیل لەسەر ئازادیی ئۆجالان و ناسنامەی کورد
باکرهان: کورد جیابوونەوەی ناوێت بۆیە لە پەرلەمانە؛ دەنگدانی چارەنووسساز لە تورکیا بۆ پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە
پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدایە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەک کە ڕەهەندێکی چارەنووسسازی بۆ داهاتووی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و زیندانیانی سیاسیی کورد لەخۆدەگرێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە بە ناوی "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" ئامادەکراوە، دوای تاوتوێکردنی دەخریتە پرۆسەی دەنگدانەوە تاوەکو لەلایەن دەستەی گشتیی پەرلەمانی تورکیاوە بە فەرمی پەسەند بکرێت. پڕۆژەکە بە واژۆی ٣٦٧ پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە و پێشتر لە لیژنەی یاسایی دەنگی لەسەر دراوە و تێپەڕیوە، کە بە شێوەیەکی مەرجدار ڕێگە بە گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکاران بۆ تورکیا دەدات و هەر بە شێوەیەکی مەرجدار بڕیار لەسەر ئازادکردنی گیراوانی سیاسیی کورد دەدات.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی دانیشتنەکە، عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاکەپە) لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (CNN TURK) ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە درەنگانێکی شەودا یاساکە پەسەند بپەڕێنرێت. گولەر وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتیی هەندێک لە پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان دژ بە پڕۆژەیاساکە ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕەخنانەی ئۆپۆزسیۆن دەیانگرێت هەڵەن، چونکە بە زۆر وردی کار لەسەر پێشنیارەکە کراوە. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە لەوەتەی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، هاووڵاتیان پشتگیریی لێدەکەن و ڕاپرسییەکان دەریدەخەن پشتگیریی جەماوەری تا ڕێژەی ٧٠٪ دەوات، بەڵام جەختیشی کردەوە کە گرنگترین ئامانج لەلای ئەوان ڕادەستکردنی چەکی پارتی کرێکارانە.
لە بەرامبەردا و پەیوەست بە هەڵوێستی قەندیلەوە، بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی (کە پەکەکە لەدوای خۆهەڵوەشاندنەوەی بەم ناوەوە ڕاگەیەندراوەکانی بڵاودەکاتەوە) لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریدا لەوەی بەبێ ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجالان پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ ناکرێت.

تەڤگەری ئازادی نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشاندا لەوەی لە پڕۆژەیاساکەی پەرلەمانی تورکیادا بە هیچ جۆرێک ناوی کورد نەهێنراوە و تەنیا جەخت لەسەر پرسی چەکدانان کراوەتەوە.
ئەم دەستپێشخەرییەی پرۆسەی ئاشتی کە ئەمجارەیان لەسەر دەستی دەولەت باخچەلی سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) بەڕێوەچوو، تووشی ئاڵۆزی بووە؛ چونکە سەرباری ئەوەی باخچەلی چەندین جار جەختی لەسەر ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان و سەلاحەدین دەمیرتاش کردووەتەوە، بەڵام وەزیرەکانی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەرجۆرە ئازادکردنێکی لەو جۆرە ڕەت دەکەنەوە، کە ئەمەش سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانییەکانی قەندیلە بەرامبەر ناوەڕۆکی یاساکە.
لە سەروبەندی دانیشتنەکەی پەرلەماندا، تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وتەیەکدا لەناو حەرەمی پەرلەماندا بەرگریی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و ڕایگەیاند پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیاریی سەرەکیی لەسەر شانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، لە کاتێکدا لە یاسای چوارچێوەدا چەمکی براوە و دۆڕاو بوونی نییە.

باکرهان جەختی لەسەر پێگەی کورد لە یەکپارچەیی وڵاتدا کردەوە و وتی، ئەگەر کورد جیابوونەوەی بویستایە لەم پەرلەمانەدا ئامادە نەدەبوو. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان بە بانگەوازەکەی بۆ چارەسەری ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی گێڕاوە و براەیی کورد و تورک دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆتایی وتەکەیدا جەختی کردەوە کە دەبێت هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد بە یاسا مسۆگەر بکرێت، بەو هیوایەی ئەم یاسایە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەری بنەڕەتیی پرسی کورد، و دووپاتی کردەوە کە تێکۆشانی دیموکراتیکیان لەم ئاراستەیەدا بەردەوام دەبێت.
-
دادگای تاوانەکانی سلێمانی وتەی شەش تۆمەتباری دۆسیەی لالەزاری وەرگرت و دانیشتنەکەی هەڵپەسارد
|
-
وەفدەکەی هەرێم بۆچی لە بەغدان؟
|
-
مالیکی و کەعبی وەڵامی گوشارەکان دەدەنەوە؛ ناردنی ستیڤن ڤەیگن و ئامادەکاری بۆ سیناریۆی ڕەتکردنەوەی چەکدانان
|
-
لە لێدوانێکەوە بۆ دادگا؛ دانپێدانانەکەی هادی عامری کەیسێکی نوێ لەسەر سەرکوتکارییەکانی تشرین دەکاتەوە
|
-
کێشمەکێش لەسەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی؛ ڕەوتی سەدر هۆشداری دەداتە نەیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق
|
-
کەجەکە هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە قەندیل دەدات؛ "دەوڵەتی تورکیاش باش دەزانێت کامپنشینی قبووڵ ناکەین"
|
-
شەڕی هورمز دەپەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوپەیمانان ۱۰ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەخەنە خوارەوە
|
-
"سێ کاتژمێر خوێندن نییە بە زمانی دایک"؛ ناڕەزایەتییەکان دژی مەرسوومی ژمارە ١٣ی حکومەتی سوریا هەڵدەکشێن
|
-
لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران؛ بۆچی ئەمریكا ناتوانێت كۆتایی بە جەنگەكان بهێنێت؟
|
|
|
|