5   کاتژمێر پێش ئێستا 207 جار خوێنراوەتەوە

مەزڵوم عەبدی لە کۆبانێ تاوەکو دیمەشق

لەماوەی چەند ڕۆژێكدا مەزڵوم عەبدی لە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" ەوە پۆستەكەی گۆڕدرا بۆ پێگەیەكی ڕەسمی لەناو سەرۆكایەتی كۆماری سوریادا، لە 25 ی ئابی 2026 عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی ڕاگەیاند، دوای تەواوكردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەكانی سوریا، رۆژی 27  ئاب ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا بە مەرسومی ژمارە 164 مستەفا خەلیل عەبدی ناسراو بە مەزڵوم عەبدی وەك ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆماری عەرەبیی سوریا دیاریكرد.

بە دەستبەكاربوونی مەزڵوم عەبدی وەك ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی سوریا، زیاتر لە دەیەیەك فەرماندەیی عەبدی بۆ دیارترین هێزی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كۆتایی هات كە هەسەدە بوو، ئەو هێزەی ساڵانێك هاوبەشی مەیدانی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە شەری دژ بە داعش، بەڵام لەلایەن توركیاوە هێزەكەی وەك درێژكراوەی پەكەكە لێی دەڕوانرا و بەردەوام داوای هەڵوەشاندنەوە و چەك دانانی لێدەكرا، خودی مەزڵوم عەبدیش تائێستا یەكێكە لە دیارترین داواكراوەكان لە توركیا.

ژیانی مەزڵوم عەبدی چەندین ناو و ڕۆڵی جیاوازی تێدابووە، لە ساڵی 1967 لە شاری كۆبانێ لەنزیك سنووری باكوری كوردستان و توركیا لەدایكبووە، خوێندنی ئەندازیاری لە زانكۆی حەلەب خوێندووە، دواتر لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو تێكەڵ بە خەباتی چەكداری كورد بووە.

لەماوەی ژیانیدا چەندین ناوی جیای هەبووە، لە مەرسومی سەرۆكایەتی سوریا بە مستەفا خەلیل عەبدی ناوی هاتووە، هەندێك سەرچاوەی تریش بە فەرهاد عەبدی شاهین ناوی دەبەن، هەروەها ناوی مەزڵوم كۆبانیشی هەیە، شاهین جیلۆش یەكێكە لە ناوە سەربازییەكانی.

مەزڵوم عەبدی لە سەرەتای نەوەدەكان پەیوەندی بە پەكەكەوە كردووە، و نزیك بووە لە عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری ئەو حزبە، باس لەوەدەكرێت پێشتر لەناو توركیا و سوریاش كاری ڕێكخستنی ئەنجامداوە، دواتر چووەتە ئەوروپا و پاشانیش چووەتەوە بۆ قەندیل.

لە ساڵی 2011 و دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی سوریا، مەزڵوم عەبدی یەكێك بوو لەو كەسایەتیانەی بەشدار بوو لە دروستكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل.

ناوی مەزڵوم عەبدی لە شەڕی كۆبانێ لە 2014 بۆ 2015 زیاتر درەوشایەوە، كاتێك داعش شارەكەی گەمارۆدا و بەشێكی زۆری داگیركرد، بەڵام دواتر یەپەگە بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و پێشمەرگە شارەكەی ڕزگاركرد.

لە 2015 مەزڵوم عەبدی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دامەزراند، یەكینەكانی پاراستنی گەل و چەندین یەكەی عەرەبی و سریانی و پێكهاتەكانی تر تێیدا بەشداربوون، ئەو هێزەش بووە هاوپەیمانی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، دواتر كۆنترۆڵی ناوچەكانی رەقە و دێرەزور و حەسەكەی كرد، توانی دواین پێگەی داعش لە باغۆز و لە ساڵی 2019 كۆنترۆڵ بكات.

دوای ساڵی 2025 و پەیامی ئۆجەلان بۆ دانانی چەكی پەكەكە، مەزڵوم عەبدیش پێشوازی لەو هەنگاوە كرد، توركیاش داوای كرد هەسەدە هاوشێوەی پەكەكە چەك دابنێت و تێكەڵ بە سوپای سوریا ببێت، بەڵام ئەوكات عەبدی ڕایگەیاند ئەو پرسە هیچ پەیوەندی بە سوریاوە نییە.

هێزەكانی هەسەدە لە ساڵی 2019 و پێشتریش چەند جارێك تووشی پێكدادان بوون لەگەڵ سوپای توركیا و گروپە چەكدارە سوریەكان، چەند ناوچەیەكی وەك سەرێكانی و عەفرین لەدەستدران، دوای ڕووخانی رژێمەكەی ئەسەد لە كۆتایی 2024، دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێكەڵبوونیان بە سوپای سوریا كرد، لە ئاداری 2025 حكومەتی سوریا و هەسەدە گەیشتنە رێككەوتن بۆ تێكەڵكردنی هەسەدە، دواتر لە سەرەتای 2026 بەهۆی هێرشی هێزەكانی حكومەتی سوریا ناوچەكانی رەقە و دێرەزور و چەند ناوچەیەكی تر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا نەمان، پاشان رێككەوتنێكی تر كرا و بەپێی ڕێككەوتنەكە هەسەدە تێكەڵ بە سوپای سوریا كرا.

  • موجتەبا لەبارەی یەكڕیزی هاتە دەنگ و لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە

  • مەزڵوم عەبدی لە کۆبانێ تاوەکو دیمەشق

  • دەریاچە سەهۆڵینەكانی هیمالایا چۆن كارەساتیان خوڵقاند؟

  • ئەمریكا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە ؟

  • کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە

  • ژنە پاڵەوانەکانی کۆبانێ لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا؛ چارەنووسی ئەو هێزەی بەری بە داعش گرت

  • دادپەروەری لە مووچەدا؛ لەنێوان ئاستەنگی یاسایی وەزارەتی دارایی و داواکاریی فەرمانبەراندا

  • پاشگەزبوونه‌وەی دادگا و دەستوەردانی پەرلەمان؛ چارەنوسی کۆڕەک تیلیكۆم بەرەو کوێ؟

  • لە پاتریۆتەوە تا ماددەی ١٢١؛ دوای چۆڵکردنی بنکەکان کێ شوێنی ئەمریکا دەگرێتەوە؟

سەرەکی