5   کاتژمێر پێش ئێستا 80 جار خوێنراوەتەوە

قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دانوستانەکاندا، موراد قەرەیلان ئاشکرای کرد دەسەڵاتدارانی تورکیا هێشتا هیچ هەنگاوێکی قایلکەریان بۆ دروستکردنی متمانە نەناوە و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک "سەرکردەی تیرۆریست" ناودەبەن، ئەوەش بێمتمانەیییەکی قووڵی لەلای بزووتنەوەکەیان بەرامبەر بە یاساییبوونی پرۆسەی ئاشتی دروست کردووە.

پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تێکۆشان و بێمتمانەییدا

فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG)، موراد قەرەیلان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی (The Amargi) هەڵسەنگاندنی بۆ ئاڕاستەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی دوو ساڵە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئانکارا هیچ هەنگاوێکی قایلکەر و بڕواپێکراویان نەنناوە. قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەکەیان سەیری ئەم پرۆسەیە ناکات وەک ئاشتییەکی ئامادەکراو، بەڵکو وەک "پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشان" تێیدەگات کە ئامانج لێی کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری سیاسی.

پێگەی یاسایی ئۆجەلان و کۆسپەکانی بەردەم دیالۆگ

قەرەیلان لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جەختی کردەوە کە ئۆجەلان لە ئێستادا بە کرداری سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دەکات لە نێوان شاندی دەوڵەت و بزووتنەوەکەیاندا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی ئۆجەلان بریتییە لە "هەماهەنگکاری سەرەکیی ئاشتی و سیاسەتکردن"، بەڵام کێشەی گەورە لەوەدایە کە حکومەتی تورکیا هێشتا وەک "سەرکردەی تیرۆریست" ناوی دەبات و لە ڕاگەیاندنەکانیدا وای نیشان دەدات. فەرماندەی HPG جەختی کردەوە کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا ئەم پێگەیە بە یاسایی بکات، ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکارێت تا بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەل، ڕۆشنبیران، سیاسییەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندندا کۆببێتەوە و دیالۆگ بکات.

کشانەوەی هێزەکان و مەرجی دەستبەرداربوون لە چەک

سەبارەت بە هەنگاوەکانی لایەنی کورد بۆ نیشاندانی جدییەت لە پرۆسەکەدا، قەرەیلان وتی: "ئێمە زۆر شتمان ئەنجامداوە؛ لەوانە سووتاندنی چەکی ۳۰ گەریلا لە ژێر بەرپرسیارێتی هاوسەرۆکی کەجەکە، بەسە هۆزات، هەروەها دەستپێکردن و تەواوکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانمان لە باکووری کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا." لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بڕیاری ئازادکردن یان دیاریکردنی چارەنووسی ئۆجەلان نەدات، هیچ متمانەیەک لەلای گەریلا دروست نابێت بۆ دەستبەرداربوون لە چەک.

دژایەتییەکانی سیاسەتی ئەنقەرە

فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بە دژیەکیەکانی سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا کرد و ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی تورکیا لە لایەکەوە باسی چارەسەری پرسی کورد و یاسای دیموکراتیک دەکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر ئۆپۆزیسیۆن، ڕۆژانە دەستبەسەرکردن ڕوودەدات و سەرکوتکارییەکان لە زیندانەکاندا بەردەوامن. بەهۆی ئەم ڕەفتارە دژبەیەکەشەوە، قەرەیلان جەختی کردەوە کە ئەو لە ئێستادا "نە ئەرێنی و نا نەرێنی" بیر لە داهاتووی پرۆسەکە ناکاتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا موراد قەرەیلان وتیشی " دەوڵەت باسی کورد دەکەن و لە ئاستی قسەدا دان بە بوونی کورددا دەنێن، ئێمەش دەڵێین کە ئەوەی دانی پێدا دەنێن بیکەنە یاسا و بینووسن و دەبێت پرسی کورد لە یاسادا بە فەرمی بکرێت".

جەختیشیکردەوە، "ئامانجی ئێمە تەنها چارەسەری پرسی کورد نییە لە تورکیادا، هەروەها دەمانەوێت دیموکراسی لە تورکیادا بەهێز بکەین، کۆمارەکە بکەینە کۆمارێکی دیموکراتیک، تورکیا ئەگەر ئەندامی ناتۆ بێت یان نا، نامانەوێت ببێتە هێزی سەربازیی یان بەرگریی هیچ کەسێک، بەڵكو ببێتە هێزێکی ئاشتی و ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاتژمێر حکومەت پێکهێنین و دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم کورددایە

  • قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

  • شەڕی قاچاخچێتی نەوت و گەرووی هورمز: هەڕەشە توندەکانی ئێران و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

  • جەنگ و دیپلۆماسی: ئێران توانای سەربازیی خۆی دەپارێزێت و گرژییەکان ئاسمانی ناوچەکەی شڵەقاندووە

  • لە نێوان باڵادەستیی قوتابخانەی ئەهلی و جەنگی مەلزەمەدا؛ کەرتی پەروەردەی هەرێم بەرەو کوێ؟

  • زاگرۆس هیوا پەردە لەسەر فێڵە ستراتیژییەکانی تورکیا لادەدات؛دیداری ئیمراڵی و فێڵی ڤێلاکەی تورکیا چییە؟

  • تەڤگەری ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، هەموو هێزەکانمان لە ناو تورکیا بە تەواوی کشاندەوە

سەرەکی