توێژینەوەیەکی فەرمیی هاوبەش قەبارەی کارەساتی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، دەریدەخات کە ٩١٪ی خێزانەکان ڕووبەڕووی قەیرانی بژێوی بوونەتەوە و پەیکەری کۆمەڵگە و دەروونی هاووڵاتییانی لەرزاندووە.
بەپێی توێژینەوەیەکی هاوبەشی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، قەیرانی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان تەنها گرفتێکی دارایی کاتی نەبووە، بەڵکو ۹۱٪ی خێزانەکانی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکاندا تووشی ئاستەنگی کردووە و پەیکەری کۆمەڵگەی لەرزاندووە. ئەم دۆخە نەخوازراوە قەبارەیەکی گەورە لە قەرزداری، فرۆشتنی زێڕ و سامانی خێزانی، و کەمکردنەوەی ژەمە خۆراکەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ بە جۆرێک ۸۹٪ی کرێچییەکان توانای دانی کرێی خانوویان نەماوە و ۸۵٪یش ناتوانن تێچووی چارەسەری پزیشکی دابین بکەن.
لە ڕووی دەروونییەوە، ٨٥٪ی خێزانەکان تووشی دڵەڕاوکێی بەردەوام بوون و ۷٥٪ی هاوسەرەکانیش خستووەتە ناو کێشە و گرژیی خێزانییەوە. لە لایەکی ترەوە، قەیرانەکە باری سەر شانی ژنانی قورستر کردووە؛ ٨٨٪ی ژنان ڕووبەڕووی فشاری دەروونی بوونەتەوە و زۆربەیان دەستبەرداری خەرجییە کەسییەکانیان بوون لەپێناو دابینکردنی بژێوی منداڵەکانیاندا. هاوکات لە ئاستی گشتیدا، کەرتی گشتی بەهۆی ڕاگرتنی دامەزراندنەوە بەرەو پیری چووە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەکو تەندروستی، پەروەردە و کارەبا پەککەوتوون، و زۆرینەی هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی نەختینەوە قەرزاردار بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە چەندین ڕاسپاردەی خستووەتە ڕوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە قوڵە، لەوانە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابەشکردنی مووچە بە خشتەی جێگیر، پاراستنی بودجەی کەرتی گشتی، فراوانکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تەنها پشت بە مووچەی فەرمانبەری نەبەستن و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیی داڕمان بپارێزرێت.