ئەحمەد کامەران 03/09/2026 1028 جار خوێنراوەتەوە

جەنگی ئەمریکا و ئێران ؛ ئایا دەبێتە جەنگی جیهانی سێیەم ؟

پاش جەنگە ۱۲ ڕۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهاوکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا ، دووبارە لە ۲٨ شوباتی ئەمساڵەوە گەڕی دووەمی جەنگ و ململانێیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێکرد. بەڵام دواجار جەنگەکە بەسەختی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دا بە نادیاری ماوەتەوە، دوای ٤۰ ڕۆژ لە سەختی جەنگەکە ئاگربەستی کاتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان ئەنجام درا بۆ ماوەی دوومانگ . بەڵام لەپاش کۆتایی ئەو ئاگربەستەوە دووبارە ناوبەناو هەردوولا هێرشی جۆراوجۆریان بۆسەریەکدی دەست پێکردۆتەوە. ئەوەی جێگای سەرنج بێت تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی بنبەست نابینرێت . لەم جەنگەدا تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ کێ دواجار براوەی جەنگ دەبێت و کێ دۆڕاو ؟ ئەگەرچی بەپێی لێدوانەکانی تڕەمپ بێت کەتێیدا ئاماژەی بە کۆتایی هێز و توانەکانی ئێران دەکات لەڕووی هێزی دەریایی و مووشەکییەوە . بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین ئێران بەردەوام لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە لەپێشتردا زیاتر بەهێزتر دەردەکەوێت . لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە بەردەوامە لەهەڕەشە توندەکانی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیدارەی تڕامپ . تاکە ڕێگا لە ئێستایە بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران و گۆڕینی تەواوی سیستەم ، لەئەنجامی ئەو قەیرانە ئابوریە گەورەی وڵات تێیدا کەوتووە ، چاوەڕێ دەکرێت تەقینەوەیەکی گەورەی خەڵکی برسی و ستەملێکراوی لێ بکەوێتەوە، کە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی قەیرانی ئابوری وڵات.هەڵگیرسانی ئاگری جەنگی ناوخۆ زۆر مەترسیدارترە لەجەنگی دەرەکی ، کەتێیدا ئەگەری هەیە هەمان سیناریۆی جەنگی ناوخۆی سوریا لە ئێران دووبارە بێتەوە . هەوڵێکی ڕاستەقینەیی هەیە ئێران لە خاکێکی یەکپارچەیی بگۆڕدرێت بۆ خاکێکی پارچە کراو . بەڵام لە دیوێکی دیکەوە تەماشا بکەین ئێران وەڵاتێکی زلهێز و خاوەنی چەک و کەرەستەی پێشکەوتووە کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت لە کاوڵکاری ناوچەکەدا ئەگەر بێت و بگاتە ئاستێک بزانرێت هەوڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدرێت. ئەگەر جەنگێکی ناوخۆی لەم شێوەیە لە ئێران ڕووبدات ئەمەش بە واتای کردنەوەی ڕاستەوخۆی دەرگای جەنگی جیهانی سێیەم دێت، کە تێیدا چەندین وڵاتی دیکە ناچار دەکرێن بێ دەنگی بشکێنن و بەشداری سەرەکی جەنگەکە بن . ڕۆلی کوردیش لەم نێوەندەدا بێگومان وەکو تەماشاکارێک نامێنێتەوە ، دەستبەجێ دەچێتە قۆناغی بەرگریکردن لەخۆی و ناوچە کوردییەکانی ژێردەستی ئێران ، کە هەوڵی ڕزگارکردن و سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات دەدات، بە مەرجێک کورد خاوەنی یەک گوتار و یەک هەڵوێست بن ، ململانێکانی حۆیان بەلاوە بنێن . بەڵام بە ئەنجامدانی ئەم جوڵە سەربازییەی هێزە کوردییەکان ، هەرزوو تورکیا بەخۆیەوە توڕە دەکات و ناچاردەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دابەشبوونی خاکی ئێران هێز ڕەوانە بکات بۆ هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران،لە دژی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە دیوێکی دیکەوە لەهێرشێکی لەم شێوەیەی تورکیا ، دەبێتە هۆی توڕەبوونی ئیسرائیل و ناچار دەبێت هەڵوێستی توند لەبەرامبەر تورکیادا بگرێتە بەر ئەوکات ، هاوشێوەی ڕووداوەکەی ناوەڕاستی مانگی ئاب دا کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە پارێزگای ئیدلبی سوریا بنکەیەکی سەربازی تورکیا بەناوی ئەبوو زوهور دەکاتە ئامانج . ئەمەش وەکو زەنگێکی سەرەتایی بوو بۆ ئاگەدارکردنەوەی ئەنقەرە لەلایەن ئیسرائیلەوە کە هەوڵی فراوانکردنی بنکە سەربازییەکانی نەدات لەناوچەکە دا ئەگەرنا دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەلئەبیب. تورکیا ئەندامێکی چالاکی ناتۆیە ، لە ئەگەری هێرشێکی لەم جۆرەی ئیسرائیل بۆسەر تورکیا ، بەناچاری وڵاتانی ئەندام دەهێنرێنە سەر هێڵ و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن ئەوکات ، بەمەش ئاگری جەنگە فراوانتر دەکات .لەلایەکی دیکەوە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ بەرگریکردن ڕاستەوخۆ خاکی هەرێم بەکاردەهێنن بۆ لێدان لەسەرجەم نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران . بەم شێوەیە پێ دەخەینە نێو جەنگی جیهانی سێیەم ، بەمەرجێک ئەگەر بێت و تەنیا دەنگی ناڕەزایی لەتەواوی ناوخۆی ئێراندا هەڵگیرسێت .
لەدیوێکی دیکەوە ئەم جەنگە سارد و بێ دەرئەنجامەدا ، زۆر کاریگەری جۆراو جۆری دیکەی لەسەر ناوچەکە درووست کردووە ، بەدیاری کراویش کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگای درووست کردووە، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی لە ئێستایە ئاگری ئەم جەنگەیان بەرکەوتووە. لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان و عێراق قوربانی سەرەکی ئەم جەنگە نادیارەن .

وای لەدەروونی مڕۆڤەکان کردووە هەموو ڕۆژێک بیر لەچارەنووسی خۆیدا بکاتەوە ، کە ئاخۆ ئەم جەنگە بەرەو کوێ دەڕوات ؟ کەی یەکلایی دەبێتەوە ؟ تەنانەت وای لێ هاتووە کە ئەم شەوی بخەوی ، بڵێی ئاخۆی بەیانی دووبارە هەڵدەستم بۆ ژیانێکی نوێ یان درۆنێک بەناو ماڵەکەم دەدات کۆتایی بەژیانم دێت ؟ قوتابییەک بەناچاری دەڵێت ئیتر مادام ئەم جەنگە درێژەی کێشاوە ئیتر من چی بخوێنم؟ خۆ ئەگەری هەیە لەم جەنگەدا ژیانم لەدەست بدەم . دواجار جەنگ ئەگەر هەرجۆرە جەنگێک بێت ، کەچی بەداخەوە به ماڵوێرانی و قوربانی خەڵکی سڤیل و بێ تاوان کۆتایی دێت ، کەهیچ کاتێک بەشێک نەبوونە لەجەنگەکە . شاعیر و نووسەری فەڵەستینی مەحموود دەروێش لە شعری "جەنگ کۆتایی دێت" دەڵێت : جەنگ کۆتایی دێت، سەرکردەکان تەوقە دەکەن و ئەو پیرەژنەش دەمێنێتەوە، چاوەڕێی کوڕە شەهیدەکەی دەکات؛ ئەو ژنە گەنجە، چاوەڕێی مێردە خۆشەویستەکەی دەکات؛ و ئەو منداڵانە، چاوەڕێی باوکە قارەمانەکەیانن. نازانم کێ وڵاتی فرۆشت! بەڵام بینیم کێ باجەکەی داوە.
لەپاڵ کاریگەری لایەنە دەروونییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا ، ئەم جەنگە توانیویەتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابوری ناوچەکە درووست بکات،لەڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زێڕ ، گرانبوونی بەشێکی کاڵاکانی بازاڕ . ئەمەش ئەگەر ئەم دۆخە وا زیاتر درێژە
بکێشێت ناوچەکە بەتەواوی دەکەوێتە نێو قەیرانێکی مەترسیداری ئابوری ، کە دووبارە هاوڵاتی بێتاوان و هەژار باجەکەی دەدەن . لەدەستپێکی ئەم جەنگە بێ بنەمایەوە، تەنیا جەنگێکی ئابوری بوو کە تێیدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان پشکی قازانجیان لەم جەنگەدا بەرکەوت . واتە ئەم جەنگە ناچێتە چوارچێوەی جەنگی داگیرکاری خاک ، هاوشێوەی ئەوجەنگانەی دیکەی سەدەکانی ڕابردوو ، کەتێیدا ئامانج لەداگیرکاری و سەپاندنی هەژموونی دەسەڵات بوو بەسەر یەکدیدا ، بەڵکو ئەم جەنگە داگیرکردنی ئابوری وڵاتانی دیکەیە لەلایەن زلهێزەکان و کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی داهاتی خۆیان و بڵاوبوونەوی برسێتی لە ناوچەکەدا .

 

 

هەموو وتارەکانی ئەحمەد کامەران

سەرەکی