هێمن مەولود
03/09/2026
48 جار خوێنراوەتەوە
کامیان لەپێشترن : پیرۆزی دۆزی نیشتیمان و شکۆی نەتەوە، یان سۆز بۆ تاکەسەرۆک و بڕیاردەرێک؟!!
ئەوەی خەبات و تێکۆشانی لێبڕاوانەی کورد ئەگەیەنێتە ئامانجی پیڕۆزی سەربەخۆیی و ڕزگاربوونی لەداگیرکەران، هێندەی هەبوونی بیروهۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی و تێگەیشتنی لۆژیکییە لەئاراستەکردنیان دا،نیوهێندە سۆزی سادەی قوربانی بەخشین نییە،چونکە مێژووی پڕ قوربانی کورد سەدانجار ئەوەی سەلماندووە کەکورد نەتەوەیەکی تێکۆشەری قوربانیدەر و قارەمان و ئازایە،بەڵام پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە و داوای وەڵامەکەیمان لێدەکات ((بۆچی دوای ئەوهەموو ئازایەتی و قوربانی و تێکۆشان و خەباتە جارێکی تر هاتۆینەتەوە خاڵی سەرەتاو،ئەو هەموو قوربانی و ڕەنجەی دراویشە بێبەرماوەتەوە ؟!!))
ئەگەر بەدوای وەڵامی لۆژیکیدا بگەڕێین و پاساو بۆهەڵەو لادانەکان نەهێنینەوە،بێگومان دەتوانین خەوشەکە بدۆزینەوە و دیاری بکەین،ئەوەش پێویستی بەبیرو هۆش و پەیڕەوکردنی ڕێبازی کوردایەتی ڕاستەقینەی بێ پینەوپەڕۆ ودوور لەسۆزو دروستکردنی بتی سەرۆک و رێبەرو کەسی یەکەمی شۆڕش وبزووتنەوەوڕاپەڕین وتەنانەت حزبەکانەوە بێ،چونکە(نەتەوەونیشتیمان لەسەرووی هەموو ئەوانەی ترەوەن).
لێرەوە ڕچەڕێی تێگەیشتن لەگەورەیی و مەزنی دۆزە ڕەواکەمان ڕووناکتردەبێتەوە،بەرچاویی تێکۆشەر و خەباتگێڕانی کوردایەتیش هاوشانی ئازایەتی و جوامێری و قارەمانێتیان، بیروهۆشیاری سیاسی دەبێتە هاوڕێ و هاوسەنگەرمان و لێناگەڕێ نەدۆست و نە دوژمنیش بەلاڕێماندا بەرن.
ئێمەی کورد وێڕای ئەوەی کەخاوەنی جوانترین و پڕشکۆ و دەوڵەمەندترین شارستانیەتەکانی مێژووین،بەڵام بەداخەوە زیاترلە دووسەدەیە کورد پەرتەوازەیەو کوردستانیش داگیر کراوە،کەچی ئێمەهێشتا هەرلەبازنەیەکدا دەخولێینەوە، بەدەست پیلانگێڕی و کەلەکۆمەی داگیرکەرانی گەورەی جیهان و بچووکەکانی ناوچەکە گیرمان خواردووە، نەمانتوانیوە لەسەرخاکی باوک و باپیرانمان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆشمان هەبێ،ئەم درێژە کێشانەش ڕێژەیەکی زۆری لەکوردەکەی خۆمان بێ ئومێد کردووە، بۆیە کاتێ سەرۆک و رێبەرێکی کورد لەگەڵ دوژمن و داگیرکەراندا دەکەوێتە گفتوگۆوە،بەچەند دەستکەوتێکی کەم ڕازی دەبێت و فریودەخوات،یانیش بەچەند دەستکەوتێکی تایبەتی ڕازیدەکەن (چونکە سەرۆک و ڕێبەریش مرۆڤن و دەشێ بخڵەتێن و فریوبدرێن،یانیش هەڵەبکەن).
ئەبێ لێرەوە هەڵوەستەی زیاتر بکەین،ئایا ئەو خەرمانە ئەزموونەی ڕابردووی خۆمان هەرلەدووسەدە بەرلەئێستاوە پڕاوپڕ نییە لەوتاڵاوەی کە سەرۆک و رێبەرەکانی شۆڕش و بزاڤ و ڕاپەڕینەکانمان هۆکاری بوونە؟!بەچوونەبەردەستی دوژمن و لەسێدارەدانی هەندێکیان وئاشبەتاڵ وبەزینی هەندێکیان!؟ هەرئەو ئەزموونە تاڵانەی دووسەدساڵی ڕابردووی خۆمان و شۆڕش و بزاڤەکانمان،دەبێ وانەی گرنگ و پڕبایەخی ئەوتۆ بن،کەچیتر بۆ دووبارەکردنەوە نەشێن،ئیتر ئەو وانەو ئەزموونانە پێمان دەڵێن گەورەیی و پیرۆزی دۆزی کورد و کوردستان زۆر لەوەگەورەو مەزنترن،بخرێنە ژێررەحمەتی عەقڵی تاکە کەسێکەوە،با لەهەر پلەو پایەو پێگەیەکیشدا بێ،بەسەرۆک و ڕێبەریشەوە،با لێرەش بەدواوە بەعەقڵی کۆگەرایی ودەستەجەمعی بڕیارەگەورەو چارەنووسسازەکان بدرێن،بەسە ئیتر ڕابردوومان وانەی جوان و پوختیان بۆجێهێشتووین.
سیستەمی سەرۆکایەکردنی تەنیا کەسێک کەهەموو بڕیارەکان لەلای ئەودابن،دەیان هەڵەی مێژوویی کردۆتە چارەنووسی شۆڕش و بزاڤ و ڕاپەڕینەکانی کورد و کوردایەتی،زۆربەی هەرەزۆری سەرۆک و ڕێبەرەکانیش کەسی تێکۆشەرو ئازاوجوامێریش بوون،بەڵام پیلانەکانی دوژمن لەوە گەورەتربوونە کەتەنیا کەسێک دەڕۆستیان بێت،ئەوەش وامان لێدەکات کەئیتربیر لەسەرکردایەتیەکی بەکۆمەڵ بکەینەوە،بۆئەوەی ئەگەر یەکێکیان هەڵەبوون ئەوانی دیکەنەهێڵن ئەوهەڵەیە بەسەرهەموواندا تێپەڕێت، هەمیشە وتراویشە(عەقڵی دوان وزیاترو بەکۆمەڵ لەعەقڵی تاکێک باشترە).
ئەوەی وامان لێدەکات لەجیاتی جارێک دەجار زیاتر بیر بکەینەوە،کەنابێ تاکە کەسێک بڕیاردەری ئەم دۆزە مەزن و ئاڵۆزە ڕەواو و پیرۆزە بێ،بەڵکو ژیان و ئەزموونی ڕابردوو بەئێستاشمانەوە کەهەڵەکان دووبارە دەکەینەوە،پێمان دەڵێن بەسە چیتر ئەم هەموو قوربانی و خەبات و تێکۆشان و ماڵوێرانی و ڕەنجە با نەبێتە قوربانی سۆزو خۆشەویستی و ڕێزی تاکە سەرۆکێک ، ئاخر ئێمەکورد لەجیاتی جارێک و دوان سەدانجار مار بەهەمان شوێنی پێشوومانیەوە داوە ،ناکرێ لەوەتێنەگەین کەهەڵەکانمان لەکوێدان و چۆنیش چارەسەریان بکەین.
نەتەوەو گەلێکی هێندە تێکۆشەر و جوامێرودلێر و گیانفیدامان هەیە،بەردەوام گیانی قوربانیدانی تێدایەوە و هەرگیز درێغی نەکردووە لەخەباح و تێکۆشان،ئەوەی بۆ داهاتوومان پێویستە ئاگایی و هۆشیاری زیاترە لەهاری و دڕی و نەگریسی و زۆری دووژمنەکانمان و بەهێزییانە، بەڵام ئەوەش نەک بەمانای ئەوەی تووشی ساردبوونەوە و کۆڵدان و پەسەندکردنی گفتۆگۆی ناهاوسەنگ و پیلان و فرت و فێڵی ئەوانمان بکات.
با لێرەوە گیانفیدایی و مەزنی گەلی کورد بۆ مافی ڕەوای خۆی لەسەر خاکی خۆی و باپیرانی لەسەربەخۆیی کەمتر نەزانین و خۆمان و نەتەوە مەزنەکەمان و ڕەوایەتی دۆزەکەشمان بەکەم سەیرنەکەین،چونکەهەمیشەو تاهەتایە شکۆ و هەیبەتی کورد و کوردستان و شۆڕشگێڕەکانیشمان بەوەوە بەندە،کەخۆمان لەهیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکەی دنیا بەکەمتر نەزانین،پێویستە ئەوڕاستیەش بەڕۆژوشەو لەبەرچاومان بێ،کە تاکە نەتەوەیەکین بەو گەورەییەوە لەسەر خاکی خۆشمان بێدەوڵەتین !!! ئەوەی خۆڕاگری کورد و ڕادەی گیانفیداییە بەردەوام و هەمیشەییەکەی بزانێ و بناسێ،هەناسەی ساردی سەدان حەیف و مخابن هەڵدەکێشێ بۆ نەگەیشتنە ئامانجی سەربەخۆیی و دەوڵەتێکی نەتەوەی لەسەرخاکی زاگرۆسی باوک و باپیرانمان.
دوا قسەی ئەم چەند دێڕە ئەوەیە کەئێمە بەو هەموو ئەزموونە و گەورەییەی نەوەتەکەمانەوە،دەبێ هێندە باوەڕمان بەخۆمان و دۆزەکەمان هەبێ،دوژمن چەندە بەهێزوپیلانگێڕ و زۆربن،ئەوەندەی ترخۆڕاگریمان پتەوتر بکات. ئێمەی کورد لەباشوور سەدان هەزار ئەنفال و شەهید،لە ڕۆژهەڵات دەیان هەزار شەهید.
لەباکوور زیاتر لە ٢٧هەزار شەهید،لەڕۆژئاوا زیاتر لە ١٢هەزار شەهیدمان هەبێ و هێشتا خاوەنی دەوڵەتۆکەیەکیش نەبین،ئاخر لە کوێی دنیادا هەبووە نەتەوەیەک،گەلێک هێندە گیانی بەخشین و لەخۆبوردوویی هەبێت و نەگەیشتبێتە دوائامانجەکانی ؟!
ئەم پرسیارانەش وەڵامەکانی لای خۆمان دەستدەکەوێ نەک دوژمن و زلهێزە بەرژەوەندخوازەکانی دنیا،هەردەبێ خۆمان بەسیستەم و شێوازی خەبات و تێکۆشانماندا بچینەوە و بزانین هەڵەکانمان لەکوێدان دووبارەیان نەکەینەوە،لەسەرەتای هەرهەمووشیانەوە سیستەمی تاکسەرۆکی تاکڕەوی تاکەکەسی بڕیاردەرە،ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەربەخۆیی و ڕزگاری کورد و کوردستان.
|